شەوی ڕابردوو لە بەغدا چی ڕوویدا؟
2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پێش چەند كاتژمێرێك لە نیشتنەوەی فڕۆكەكەی مەسعود پزشكیان سەرۆككۆماری ئێران لە بەغدا، تەقینەوەیەك فڕۆكەخانەی بەغدای هەژاند، تائێستا زانیارییەكان لەبارەی جۆری تەقینەوەكە پێچەوانە و دژ بە یەكن و ئامانجەكەش ڕوون نییە.
تەقینەوەكە لەنزیك بنكەی ڤیكتۆریای ئەمریكتا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا ڕوویدا، كە هێزە ئەمریكییەكانی تێدان، ئەمەش پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بۆچی نزیك بارەگایەكی ئەمریكا و لەكاتی یەكەم سەردانی سەرۆككۆماری نوێی ئێران بۆ عێراق ڕوویدا.
ئەسۆشەیتد پرێس لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویكردەوە، دوو مووشەك لەنزیك بنكەی ڤیكتۆریا كەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێكی نەبووە، بەڵام كەناڵی حوڕەی ئەمریكی دەڵێت درۆنێكی بۆمبڕێژكراو بووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی دەڵێت ئەو تەقینەوەیە كاتژمێر 11 ی شەوی ڕابردوو ڕوویداوە و تائێستا جۆرەكەی و زیانەكانیشی دیاری نەكراون، هیچ لایەنێكیش بەرپرسیارێتی خۆی ڕانەگەیاندووە.
بەوتەی ئەفسەرێكی فڕۆكەخانەی بەغدا، تەقینەوەكە بنكەیەكی پاڵپشتی لۆجیستی هاوپەیمانانی كردووەتە ئامانج.
ئەوەی جێی سەرنجە گروپێكی مقاوەمەی ئیسلامی كە نزیكە لە كەتائیبی حیزبوڵا بێبەریبوونی خۆی لە هێرشەكە ڕاگەیاند، ڕووداوەكەشی بە گوماناوی ناوبرد و پێشی وایە ئامانج لێی پەكخستنی سەردانەكەی سەرۆككۆماری ئێران بووە.
شیكەرەوەكان پێیان وایە ئەو هێرشە بەهۆی ناكۆكی ناوخۆیی گروپە چەكدارەكانەوە بووە، لەكاتێكدا ئەو گروپانە چاوەڕێی تۆڵەسەندنەوەی ئێرانن لە ئیسرائیل بەهۆی كوژرانی ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس لە تاران.