پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی ئەیلوولی 2024، بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕاگەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواركردنەوەی یاسای باری کەسى و خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای لێبوردنی گشتی دەكات، هەروەها دەنگ بە پرۆژە یاسای بە كرێدانی زەوی كشتوكاڵی حكومەت دەدرێت.
دەشڵێت، هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای پاراستنی خاوەنداریی فكری دەكرێت، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای فڕۆكەوانی مەدەنی دەكرێت.
جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆى پەرلەمانی عێراق كاتژمێر ١ی پاش نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی ڕێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێك لە حزبەكان، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواركردنەوەی یاسای باری کەسى دەکات.