ئەوەل و ئاخیر کابینەی مەسروور بارزانی

2 مانگ لەمەوپێش



رێبوار کەریم وەلی 

دوایین دیمانەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر، لەگەڵ کەناڵێکی لۆکاڵی کە دەگوترێ هی کوڕەکەیەتی، یەکێک بوو لە لاوازترین دەرکەوتنە مێدیاییەکانی. 

لە شەش ساڵی رابردوودا، سەرۆکایەتیی حکومەت، پاڵپشت بە زۆرینەی پەرلەمانیی 50+1(بۆ پارتی)و بە هەمان شێوەش زۆرینەی وەزاری، لەسەر سینییەکی زێر پێشکەشی مەسروور بارزانی کرا، کەچی فاشلترین ئەزمونی حوکمڕانیی 3 دەیەی رابردووی پێشکەش کرد. 

چۆن؟

کە مەسروور بارزانی لە دەی تەمموزی 2019 سوێندی یاسایی خوارد، چەندین مانگ بوو کە کێشەی مووچە لەسەر دەستی کابینەی هەشتەم لە کوردستان چارە کرابوو. هەر رێک دوای یەکدوو مانگ، سەرلەنوێ قەیرانی موچە سەریهەڵدایەوە و ئێستا حکومەت بەلای کەمەوە 5 موچە قەرزدارە و کە داواشی لێدەکەن، زۆر رووقایمانە دەڵێ بڕۆن لە بەغدا داوای بکەن! وەک ئەوەی سودانی سەرۆکی حکومەت بێ!

ئەگەرچی گوایە سەرۆکوەزیران و حزبەکەی وا ئیدیعا دەکەن کە دەیانەوێ حەملەیەکی ئارام بەڕێوە ببەن، بەڵام لە راستیدا، مەسروور بارزانی لە سۆنگەی ئەو ململانێیەی لەگەڵ کوڕانی تاڵەبانیدا دەیکات و، خۆی و مێژووی حزبەکەی هێناوەتە ئەو ئاستەی ئەوان، قوباد لە جانتاهەڵگری نێچیرڤان بارزانییە، تەڕفیعی کردووە بۆ ئەو کەسەی کە کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دێنێ و، بافڵی براشی خەریکی دۆزینەوەی کەسێکە بۆ ئەوەی بیکات بە پارێزگاری ناحیەی بارزان!

دوای شەش ساڵ، مەسروور بارزانی جگە لەوەی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانی کردووە بە هی خۆی و لە بەرامبەر بەغدا دا، نەک بۆ سەربەخۆیی و پاراستنی قەوارەی هەرێم، بگرە بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران چەماوەتەوە، هیچ دەستکەوتێکی نییە باسی بکات!

لە کەرتی کارەبادا، هیوادارە کە کارەبای 24 سەعاتی هەبێ!


لەکەرتی کشتوکاڵدا، چوار لۆری هەناریان بردۆتە دوبەی! گەنمی جوتیاری عەرەبی موسڵ بە غدا دەفرۆشنەوە!


لەکەرتی ئاوەدانکردنەوە و رێگاوباندا، رێگەیەکی زۆریان بۆ سوپای تورکیا قیڕتاو کردووە و وەزیرەکەشی(دانای قیتار) هەر ماوە کوردستان بە مەریخەوە ببەستێتەوە!


لەکەرتی تەندروستیدا، یەک نەخۆشخانەی حکومی دروست نەکراوە!


لە وەبەرهێنانی بیانیدا، یەک دۆلاریان پێنەهێدراوەتە کوردستان و هەر خەریکی قیتکردنەوەی شوققەن…ئینجا بێئاویی، لافاوی هەولێر و کەرتی پەروەدەش سەربار و بنبار!

مەسروور بارزانی ئەگەر ئەوەندەی کێشەی لەگەڵ رابردووی حوکمڕانیدا، هەبوو، روانگای بۆ داهاتوو هەبوایە، حاڵی پارتی قەت ئاوا نەدەبوو کە لە سۆنگەی ئەوەوە پارتی بکەوێتە بەر مەترسیی سزادانی دەنگدەرانییەوە.

لە چەند رۆژی داهاتوودا، نێچیرڤان بارزانی سەرباری ئەوەی خۆی لە حەملەی هەڵبژاردن بەدوور گرتووە، بەڵام بەشداری لە حەملەکەی پارتیدا دەکات و پێدەچێ مەبەستی بێ کە هەم گرژییەکان خاو بکاتەوە و هەمیش فریای وەزع و باری لەنگی پارتی بکەوێت.

ئەگەرچی تا ئێستاش مەعلوم نییە کە هەڵبژاردن دەکرێ و ئەگەر بکرێ ئەنجامەکان چۆن دەبن، بەڵام یەک شتی مسۆگەر هەیە کە ئەویش ئەو راستییەیە کە جارێکی دیکە پارتی بە کۆتا و هاو ئاوازەکانیشیەوە بە خەونیش 50+1 نابینێتەوە. ئەگەریش سەرباری ئەوە پارتی هەر پێداگر بێ لە مانەوەی مەسروور بارزانی وەک سەرۆکوەزیران، ئەستەمە ریزبەندیی ناوخۆیی(ئەگەر دەستکارییەکی وەزعی سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی نەکرێت)، بۆ پێکهێنانی حکومەت بێتە ئاراوە. لە رووی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشەوە بە رەغمی مانەوەی مەسروور بارزانی ئەستەمە. هاوکات ئەوەش بەدوور دەبیندرێ کە پێکهێنانی کابینەی دە لە هەولێر ببینین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار