کۆمیسیۆن: لایەنە سیاسییەکان هەر ڕەخنەیەکیان هەیە لە یەکتری با پەنا ببەنە بەر سکاڵا
4 هەفتە لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمشەو ڕاگەیەنراوێكی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، داوا لە کاندیدان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەكەین، لە وتاری ڕق و کینە و توندوتیژی دووربکەونەوە، دەشڵێت، هەر ڕەخنەیەکیان هەیە لە یەکتر با پەنا ببەنە بەر سکاڵا.
لە بەشێکی ڕاگەیندراوەکەی کۆمیسیۆندا هاتووە، توانیویانە بەسەرکەوتویی خشتەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن، داواش لە لایەنە سیاسییەکان، هاوپەیمانیێتی و كاندیدەكان دەکات، پابەند بن بە پەیڕەو و سیستمی هەڵبژاردن کە بۆ ڕێکخستنی بانگەشە دەرکراوە.
کۆمیسیۆن جەختیشی کردوە، پێویستە لیست و كاندیدەكان تا ڕۆژی دەنگدان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، دوووربکەونەوە لە وتاری توندوتیژ، ڕق و کینە، سوکایەتیکردن و زیانگەیاندن بە كاندیدەكانی دیکە و ڕکابەرەکانیان.
وتیشی: ئەگەر كاندیدەكان، لایەنەکان و هاوپەیمانیێتییەکان هەر تێبینی و ڕەخنەیەکیان هەیە، پێویستە پەنا ببەنە بەر ڕێكارە یاساییەکان لە تۆمارکردنی سکاڵا و تانەدان، نەوەک ئەو ڕێگایانەی کاردانەوە درووست دەکەن لەنێوان ڕکابەرەکاندا و تەماشاكاردنی سکاڵاکانیش بەوپەڕی سەربەخۆیییەوە دەبێت.