دەم پارتی: لە هێرشکردنە سەر کۆمپانیای توساش لە ئەنقەرە نیگەرانین
6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەم پارتی لە هێرشکردنە سەر کۆمپانیای توساش لە ئەنقەرە نیگەرانە و ئاشکرایکرد، گێرەشێوێنییە و کاتی ئەنجامدانەکەشی جێگەی گومانە.
جێگەی ئاماژەیە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، هێرشێک لە دەرەوەی کۆمەڵگەی کۆمپانیای توساش بۆ پیشەسازیی بەرگری و بۆشایی ئاسمان لە ناوچەی کاهرامانکازان لە ئەنقەرە کرا.
لای خۆیە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، لە هێرشەکەدا پێنج کەس کوژراون و دووانیان لە هێرشکارەکان بوون، دەشڵێت، ١٤ کەسیش برینداربوون وتیشی: هێرشەکە تیرۆریستییە.
هاوکات یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ٨ داواکاری گشتیی کۆمارییان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە ڕاسپاردووە.
هەروەها سەزایی تەمەللی، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتیش ڕاگەیاند، "زۆر خەمبارین دیسان مرۆڤەکان کوژران و کاتی هێرشەکە جێگەی گومان و هەڵوەستە لەسەرکردنە و ڕوونە رووداوەکە گێرەشێوێنی و تێکدەرانەیە".
کۆمپانیای توساش، کۆمپانیایەکی تایبەت و پشکدارە سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە و فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر دروست دەکات.
