کورسییەکان بۆ خۆتان و کوردبوونمان بدەنەوە بۆمبە تەوقیتکراوەکەی دژە کوردبون:
4 هەفتە لەمەوپێش
د.موحسین ئەدیب
ئەو بۆمبە تەوقیتکراوەی لە بیستی دەی 2024تەقێنرایەوە بەتەنها بۆ شکاندنی چوارپەلی کورسییەکانی پەرلەمان نەبوو، تەنهاش بۆ بێبەهاکردنی سیاسەت و خاڵیکردنەوەی نەبوو لەهەمو بەهایەک ، بەڵکو بەپلەی یەکەم بۆ زیندەبەچاڵکردنی خەڵک بوو، بۆ کوشتنی کوردبوون بوو ، بۆ سڕینەوەی کورد بوو لە ئێستادا و کوشتنی لەئایندەدا و سفرکردنەوەی بوو لەمێژوودا...
لێرەوە ئەوەی بەلای منەوە کارەساتە بەتەنها تەزویرکردنەکە نییە، بەڵکو
سەنگەرگرتنە لەخەڵک و تەرویجدانە بەوەی کە خەڵک ناهۆشیارە، خۆفرۆشە، بێ شعورە، هیچ هەستێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی نییە، دەنگ بەخاکفرۆش دەدات، ئەوانەی خۆشدەوێت ئەیچەوسێننەوە، موچەی نادەنێ، بێحورمەتی پێدەکەن، خەڵک ترسنۆکە لە حیزبی چەکدار ئەترسێ،ئاشقی بنەماڵە نازدارەکانە، دژی ئاڵو وێرکردنی دەسەڵاتن بەشێوەیەکی ئاشتیانەو دیموکراسیانە، تا ئەبەد یەکیەتی و پارتی و ئۆپۆزسێۆنە موزەیەفەکان وەک بت ئەپەرستن....هتد
خەتەرناکی ئەم تەزویرە دیزاینکراوە بەتەنها ئەمەش نییە بەڵکو بەگژدادانی کاندیدو هاوکاران و دەنگدەرانیەتی، ئەو دیزاینە نەفرەتییە بەتەنها ئامانج لێی کوشتنی سیاسەت نییە بەڵکو بەپلەی یەکەم کوشتنی متمانەیە لەنێوان دۆست و خۆشەویستاندا، لەنێوان کۆمەڵگا و ئۆپۆزسێۆندا، لەنێوان کاندیدە دڵسۆزەکان و کەسوکارو هاوکاران و خۆشەویستانیاندا..
تکایە با وریای ئەم پلانە مەترسیدارانە بین، نەبینە بەشێک لە سیناریۆکە، خەلک و خۆمان وانەبینین کەدوژمنانی دەرەکی و هاوئاوازە ناوخۆیەکانیان دەیبینن..
متمانە بەکوردبون:
بەنیسبەت خۆمەوە، متمانەی زۆرم بەهۆشیاری و نەتەوە دۆستی و بەشعوریی ژمارەیەکی بێشوماری خەڵک هەیە. بەتایبەت متمانەی تەواوم بەو خانەوادەو هاوڕێ و خزم و خوێندکار و فەرمانبەرو گۆڕانخوازە دڵسۆزانە هەیە کە بەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و لەرۆژی هەڵبژاردندا هاوکار و پشتیوانم بوون. بەشێکیشیان ڤیدیۆو وێنەی دەنگ دانەکانیان بۆ ناردوم، لەناخی دڵیشمەوە سوپاس و پێزانینی زۆری خۆمیان ئاڕاستە دەکەم، بێ دودڵیش پشتیوانی ئەوان بەگەورەترین سەرکەوتن ئەزانم، { ئەو ژمارە دەنگەی بەگوێرەی دیزاینە شومە دژە کوردبونەکە بۆم هەژمار کراوە بە ئەندازەی ژمارەی ئەو بنەماڵەو هاوڕێیانە دەبێ کە خۆبەخشانە وەک تیمێک هاوکاریان کردوم و دەنگیان بۆ کۆکردومەتەوە هاوکات ژمارەیەکی بێشومار لە کەسی راستگۆو بە وەفا بەنامەو تەلەفۆن و روبەڕو و بە پەرۆشەوە بەڵێنی دەنگی خۆیانیان پێداوم، بۆیە دەبێ بڵێم کورسییە چوارپەل شکاوەکانی خولی شەشەمی دیزاینکراوی پەرلەمان بۆ خۆتان و متمانەی دۆستان و کوردبونمان بەدۆڕاوی پیشان مەدەن.
ماوەتەوە ئەوەشبڵێم، بەندە نەنیازی کاندیدیم هەبووە و داواشم نەکردوە(دۆستان لە بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە باش دەزانن)، بەڵکو داوام لێکراوە، تەنها هۆکاری قەبوڵکردنی ئەو داوایەش بریتییە لەوەی کە نەم ویستوە لەکاتی تەنگانەدا پشت بکەمە هاوڕێکەم، کە بزوتنەوەی گۆڕانە. چونکە هەموان ئەوەمان دەزانی کەدۆخی ناوخۆیی گۆڕان باشنەبوو، من ویستم بەشێکبم لەهەستانەوەی گۆڕان و سەرپێخستنەوەی (ئەو وزەیەشی تێدا دەبینم)ئێستاشی لەگەڵبێ لەوە پەشیمان نیم، چونکە لەوەتەی هەم هەمیشە پشتیوان و هاوکاری ئەو کەس و لایانانەبووم کە دۆخیان باشنەبوەو لە تەنگانەدا بون.
هاوکات ئومێدی ئەوەشمان هەبو، ببینە هاوکارێک بۆ شکۆدارکردنەوەی پەرلەمان، بەڵام دیارە ئەوان دەیانەوێ پەرلەمانێکی بێشکۆو قاچشکاویان هەبێت.
لەکۆتاییدا:
ئێستاش نەچوە بچێ بزوتنەوەکە ئەتوانێ بەڕێکەوتن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا کۆی پڕۆسەکە (دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ئەگەر بەم جۆرە مایەوە) بایکۆت بکات و وەک برادەرێکیش وتی ئەم خولەی پەرلەمان ناو بنێن(خولی شەشەمی دیزاینکراوی پەرلەمانی کوردستان). لەسەر ئەو بنەمایەش تەبەنی گوتارێکی سیاسی و میدیایی بکەن.