وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکانمان پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە
2 مانگ لەمەوپێش
هاڵاتی
ئەمڕۆ شەممە، ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ژمارەیەک لە پێگەی سەربازیی لە ئێران دەکەین، ئەوە دەستدرێژی و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەتایبەتی بنەمای پێشگرتن لە هەڕەشەکان، یان بەکارهێنانی هێز دژی یەکپارچەی خاکی و سەروەری نیشتمانی دەوڵەتەکان.
دەشڵێت، هەروەک چۆن لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چەندان جار جەختی لەسەر کراوەتەوە، ئێران پێی وایە بە پشت بەستن بە مافە دەستوورییەکانی خۆی، مافی بەرگری شەرعی لە خۆی هەیە، وەک لە مادەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا هاتووە.
لە بەشێکی بەیاننامەکەشدا هاتووە، بە پشتبەستن بە هەموو توانا ماددییەکانی خۆی و گەلەکەی لە پێناو بەرگری لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ژیان و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەی، بەرپرسیارێتی تاکەکەسی و دەستەجەمعی دووپات دەکاتەوە لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو وڵاتانی ئاشتیدۆست لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە کرد.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، گومانی تێدا نییە، بەردەوامی داگیرکاری و پێشێلکاری نایاسای و تاوانکارییەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی تاوانەکانی دژ بە گەلی فەلەستین و دەستدرێژیەکانی بۆ سەر لوبنان بە پشتیوانی هەمەلایەنەی سەربازی و سیاسی ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوای هۆی سەرەکی گرژی و نا ئەمنیی لە ناوچەکەدا پێک دەهێنن.
ناوبراو جەختی لە هەنگاوی خێرا و بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی جینۆساید، شەڕ و دەستدرێژی دژی غەززە و لوبنان و سنووردارکردنی سوپای ئیسرائیل کردەوە.