هاوڵاتی وردەكاری هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانی عێراق بڵاودەكاتەوە

6 ڕۆژ لەمەوپێش



ئامادەكردنی هاوڵاتی:

- بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانى عێراق هەڵيژێردرێت

- تائێستا فڕاكسیۆنە سیاسیەكان نەگەیشتونەتە هیچ رێكەوتنێك سەبارەت به هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانی عێراق

- هەوڵێك هەیە بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی عێراق بە دوو رێگا

- هەڵنەبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشێلكاری دەستور و یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانه

 

دوای نزیكەی ساڵێك لە مشتومڕ و چاوەڕوانی، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمان هەڵبژێرێت.

زیا هیندی پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمان هەڵدەیژێردرێت.

لەلایان خۆیەوە عارف حەمامی پەرلەمانتاری عێراق دووپاتیكردەوە، هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانی عێراق زۆر گرنگە كە ماوەیەكی زۆرە ئەم بابەتە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، چونكە ناكرێت پەرلەمان بەبێ‌ سەرۆك بەردەوام بێت، بەڵام تائێستا فڕاكسیۆنە سیاسیەكان نەگەیشتونەتە هیچ رێكەوتنێك سەبارەت بەم بابەتە.

عەدنان جحێشی ئەندامی فڕاكسیۆنی موبادەرە ئاشكرای كرد هەوڵێك هەیە بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی عێراق بە دوو رێگا، یەكەمیان سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی دەچنە گێبڕكیەوە و كامیان زۆرترین دەنگیان بە دەستهێنا پۆستەكە وەردەگرێت، رێگاكەی تریش ئەوەیە عیساوی و مەشهەدانی بكشێنەوە و كاندیدی یەكلاكەرەوە دەستنیشان دەكەن یان پڕۆگرامی ناوخۆی پەرلەمان هەموار دەكەنەوە.

تاڵب معماری ئەندامی فڕاكسیۆنی تەقەدوم  وتی: ئێمە وەك فڕاكسیۆنی تەقەدوم بە 55 پەرلەمانتارەوە رێكەوتووین لەسەر یەك كەسایەتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و چوارچێوەی هەماهەنگیش پاڵپشتمانە.

ئەحمەد روبەیعی سەرۆكی فڕاكسیۆنی نەهجی وەتەنی رایگەیاند تاكو ئێستا گفتوگۆكان لە نێوان فڕاكسیۆنە سیاسیەكان بەردەوامن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێك بۆ پەرلەمانی عێراق و هیوادارین لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا ئەم بابەتە یەكلایی بكەینەوە.

محەمەد مەجید ساعدی پارێزەر و پسپۆڕی یاسایی دەڵێت: هەڵنەبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشێلكاری دەستور و یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و پڕۆگرامی ناوخۆی ئەنجومەنەكەیە و دەبوو لە دوای ئەوەی بە رەسمی ئەنجومەنی نوێنەران لە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی ئاگادار كرایەوە بە كۆتایی پێهێنانی ئەندامێتی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێشوو، راستەوخۆ لەیەكەم دانیشتندا سەرۆكێكی بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار