چی دەزانیت دەربارەی هاروتاش و ماروتاش؟

5 ڕۆژ لەمەوپێش



 

ئەو دوو پاشا کوردەی، لە زۆربەی ئاینەکاندا باسکراون

ئاینەکان چۆن باسی ئەم دوو پاشایە دەکەن؟

لە ئاین و ئەفسانەی گەلاندا چۆن باس کراون؟

 

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

 

هاروتاش و ماروتاش، دوو لە پاشایانی بنەماڵەی کاشییەکان بوون و یەکێکیان خۆی وەک خوداوەند ناودێر دەکرد و ئەوەی دیکەش خۆی بە پاشای جیهان دەناساند، ئەم دوو پاشایە لە ساڵانی ١٣٠٠ی پێش زایین فەرمانڕەوایەتی دەوڵەتی بابلیان کردووە.

بەهۆی ڕۆڵی کاریگەریان لە ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەتی بابل لە پێشکەوتنی نەخشەسازی شار و تەلارسازییەوە، ئەم دوو پاشایە لە ئەفسانەی گەلێک نەتەوە و چیرۆکی ئاینەکاندا باسیان کراوە.

دوای ڕوخانی دەوڵەتی بابل لەلایەن کوروشی فارسەوە، ئەم دوو ناوە خزانە ناو دەقە ئاینییەکانی ئاینی زەردەشتییەوە، کە لەوێدا چیرۆکەکەیان لە پاشاوە گۆڕاوە و وەک دوو فریشتە بە ناوەکانی (هەورتات و ئەمێرتات) لە ئاڤێستا ناویان هاتووە و بە فریشتەی پارێزەری ئاو و سەوزایی ناسراون، لە زمانی فارسیشدا ئەم دوو ناوە بوونەتە: خەرداد و ئامردات.

لە ئەدەبیاتی هیندیشدا، ئەم دوو ناوە وەک دوو فریشتە باسکراون، کە لەپای ناردنی مرۆڤ بۆ سەر زەوی و بڵاوکردنەوەی خراپەکاری، ڕەخنەیان لە خودا گرتووە، لەسەر پێشنیاری خوداش لەنێوان فریشتەکاندا دوو فریشتە هەڵدەبژێردرێن تا بچنە سەر زەوی و وەک مرۆڤ بژین، ئینجا ئەوکات دەردەکەوێت کە ئەوە تەنها مرۆڤ نییە خراپەکاری دەکات، بەڵکو فریشتەکانیش بچنە سەر زەوی، خراپەکاری دەکەن، ئەم دوو فریشتەیش دەچنە سەر زەوی خراپەکاری دەکەن و خوداش لە پای تاوانەکانییان، لە چاڵێکی بابلدا هەڵیان دەواسێت.

ئەرمەنییەکانیش لەژێر کاریگەری ئاینی زەردەشتیدا، دوو خوداوەندییان بە ناوەکانی (هوروت موروت) داتاشییوە، کە لە بنەڕەتدا هەردوو ناوەکە لە چیرۆک و ناوی ئەو دوو پاشا بەناوبانگەی کاشییەکانەوە هاتوون.

بەهۆی کاریگەری دەوڵەتی هاخامنشینییەوە، ئەم چیرۆکە لە ئاینی یەهودیشدا بە شێوەیەکی تر دەگێڕدرێتەوە، لە کتێبی حەنوخدا باس لە دوو فریشتە دەکرێت بە ناوەکانی (ئیزرائیل و شەمخازی)، کە بەهۆی پیدانی وانەی خۆڕازاندنەوە بە ژنان و جادوگەری بە پیاوان، خودا لە ڕیزی فریشتەکان دەریکردوون.

ئیسلامیش بێ بەش نییە لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە، لە قورئاندا چیرۆکی ئەم دوو پاشایە لە سورەتی بەقەرە ئایەتی ١٠٢دا هاتووە، کە خودای دلۆڤان دەفەرموێت:

وَمَآ أُنزِلَ عَلَى ٱلْمَلَكَيْنِ بِبَابِلَ هَٰرُوتَ وَمَٰرُوتَ ۚ

خودا دوو فریشتەی بە ناوەکانی هاروت و ماروت ناردە سەر زەمینی بابل، تا خەڵکی تاقی بکەنەوە و فێری سیحریان بکەن، بۆ ئەوەی بزانن کە ئایا بۆ خراپە بەکاری دەهێنن؟ بەڵام خەڵکەکە گوێیان پێنەدا و بۆ کاری خراپە فێری بوون و بەکاریانهێنا.

جیا لەوانەی باسکران، لەناو ئەدەبیاتی چەندین گەل و نەتەوەی تر چیرۆکی ئەم دوو پاشایەی کاشییەکان بە تام و بۆی جیاوازەوە باسکراوە.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، کاشییەکان کۆمەڵەیەک بوون لە دەوروبەری نیوەی یەکەمی هەزارەی دووەمی پێش زاین، لە خاکی لۆلۆیی و گۆتییەکاندا دەژیان، ڕوونتریش نیشتمانی ڕەسەنی ئەوان لەنێوان لوڕستان و گەرمیاندا بووە و ماوەی ٤٠٠ ساڵ نەخشیان بەسەر دەسەڵاتی دەوڵەتی بابلدا نەخشاندووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار