فوئاد حسێن: ئەمریکا رێگربووە لەوەی ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر بارەگاى گروپەکان لە عێراق
2 هەفتە لەمەوپێش
هاوڵاتی
فوئاد حسێن:
- ئیسرائیل ئاسمانی عێراقی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهێناوه.
- عێراق بەڵینی لە ئێران وەرگرتوە کە خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکارنەهێنێت.
- خاكی عێراق و ئاسمانەکەی بوەتە بەشێک لە مەیدانی ململانێکانی ناوچەکە.
وهزارهتی دهرهوهی عێراق دڵنیایی دەدات كە ئێران خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکارناهێنێت.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكی وەزارەتەكەدا رایگەیاند عێراق بەڵینی لە ئێران وەرگرتوە کە خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکارنەهێنێت، هۆشداریشدا لهوهی كه خاكی عێراق و ئاسمانەکەی بوەتە بەشێک لە مەیدانی ململانێکانی ناوچەکە.
رونیشیكردەوە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی گشتگیر لە ناوچەکە لە ئارادایە و کار و کاردانەوەکان بەرەو پێکدادانی زیاتر دەچن.
وتيشى: دەبێت دیاری بکەین ئێمە وەک دەوڵەت جموجۆڵ دەکەین یان وەک هێزی بەرگری و شۆڕشگێڕی، ناکرێت دەوڵەت و شۆڕش لە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتدا کۆبکەینەوە، دەبێت سیاسەتی دەرەوەمان ئاشکراو دیاریکراو بێت.
باسی لهوهشكرد ئەمریکا رۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە رێگریکردن لە ئیسرائیل تا هێرش نەکاتە سەر بارەگاو پێگای گروپەکان لە عێراق.
ئاشكراشی كرد ئیسرائیل ئاسمانی عێراقی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهێنا، بهڵام ئێران بە فەرمی پێی راگەیاندوین بۆ وەڵامی هێرشی ئیسرائیل ئاسمانی عێراق بەکارناهێنین.