نورى مالكى: مەترسی سەرهەڵدانەوەی حزبی بەعس و گەڕانەوەی تیرۆریستان هەیە لە عێراقدا
2 هەفتە لەمەوپێش
هاوڵاتی
نورى مالكى:
- پڕۆسەی سیاسی لەعێراقدا لاوازبووە و هەوڵدەدرێت قەیرانێكی ناوخۆیی بتەقێندرێتەوە.
- دەبێت حكومەت و هێزە سیاسیەكان پابەند بن به بەیاننامەكەی سیستانی.
- هەندێك له وڵاته هەرێمی و گەورەكان پشتگیری لە شانە بەعشیەكانی عێراق دەكەن.
نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند مەترسی سەرهەڵدانەوەی حزبی بەعس و گەڕانەوەی تیرۆریستان هەیە لە عێراقدا.
مالكی لە وتەیەكدا سەبارەت بە بەیاننامەكەی عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكان رایگەیاند جەنگێك بەرۆكی ناوچەكە و جیهانی گرتووە و مەترسی ئەوە هەیە بەرفراوانبێت و عێراقیش بگرێتەوە و ئیسرائیلیش تاكو هەموو ئامانجەكانی نەپێكێت كۆتایی بەم شەڕە ناهێنێت.
وتيشى: عێراق رۆڵێكی سەرەكی هەیە و دەوڵەتێكی سەركیشە لە ناوچەكە بۆیە نابێت خۆی بشارێتەوە لەم گۆڕانكاریانە و دەبێت بارودۆخی ناوخۆیی خۆی بپارێزێت وئاسایشی نیشتیمانی خۆی كۆنترۆڵبكات و بەشداربێت لە سەقامگیری بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە.
رونیشیكردەوە پڕۆسەی سیاسی لەعێراقدا لاوازبووە و هەوڵدەدرێت قەیرانێكی ناوخۆیی بتەقێندرێتەوە و پێكهاتەی دەوڵەت و ئەمن و سەقامگیری بشێوێنرێت و ئەبێت حكومەت و هێزە سیاسیەكان و هۆزەكان و هەموو دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵی خۆیان ببینن وئەركی گەورە و سەرەكیش دەكەوێتە سەر ئەستۆی حكومەت و دەزگاكانی، بەهەمان شێوە گەل و هێزەكانيش بەرپرسیارن.
داواشیكرد حكومەت و هێزە سیاسیەكان پابەند بن به بەیاننامەكەی سیستانی و گرنگی پێبدەن، ئامانجى سیستانيش ئامادەكردنی دەوڵەتە بۆ بەرپرسیارێتی هەڵگرتن وحكومەت پابەند بێت بە یاسا و بڕیارەكان كە پڕۆسەی سیاسی پێوەی بەندە و هەڵبژاردنی توانا و لێهاتویی و ئەزمونەكان بۆ شوێنی بەرپرسیارێتی ،ئەمەش بە واتای ئەوەیە حكومەت پشت بە هیچ پێوەرێكی حزبی و نەتەوەیی و هۆزگەرایەتی و تایفی نەبەستێت و گەندەڵی و بابەتی چەك چارەسەر بكرێت چەكی لەدەستدەرچوو نەمێنێت بەڵكو هەموو چەكەكان لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدابن چونكە چەكی لەدەستدەرچوو دەبێتە مەترسی بۆ سەر پڕۆسەی سیاسی و رێگریكردن لە هەموو دەستوەردانێكی دەرەكی لە داڕشتنەوەی ئیدارەى دەوڵەت، ئەمەش بە مانای ئەوە نیە عێراق پەیوەندی دەرەكی نەبێت، بەڵام دەبێت رێز لە ئیرادەی گەلەكەمان بگیرێت و دەستوەردان لە سەروەری وڵاتەكەمان نەكەن.
دووپاتیشیكردەوە كە بۆ رووبەڕووبونەوەی تەحەددیە ئەمنی و تیرۆریستیەكان پێویسته گرنگی بە هێزە چەكدارەكانمان بدەین لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و گرنگیەكی چڕ به حەشدی شەعبی بدەین و پاڵپشتی لێبكەین و پڕۆسەی راوودوونانى تیرۆریستان چڕ بكرێتەوە كە خۆیان مەڵاسداوە بۆ هەرچ گۆڕانكاریەكی ئەمنی.
داواشيكرد بەوریایی و بەهێزەوە ئاوڕ لە چالاكیەكانی شانەكانی بەعسی تاوانبار بدرێتەوە كە هەندێك وڵاتانى هەرێمی و وڵاته گەورەكان گرنگی پێدەدەن و ئەو شانانە چەند ئامڕازێكن بە دەستی دووژمنانی عێراقەوە و زۆر پێویستە شوێنیان بكەوون و و دەستگیربكرێن، داواش لەگەلى عێراق دەكەم كە زۆر گرنگە چاودێری ئەو شانانە و جموجۆڵەكانیان بكەن شانبەشانی چاودێریكردنی جموجۆڵی شانە تیرۆریستیەكان ، داواش لە حكومەت دەكەم سنوورێك دابنێت بۆ چالاكیەكانیان.