دێگەڵە، درزی لەتبوون

سەرتیپ جەوهەر

2 هەفتە لەمەوپێش



دێگەڵە، درزی لەتبوون

 

سەرتیپ جەوهەر

 

🔻 ئەگەر حكومەتیش دروستبكرێت، ئیدارەیەكی یەكگرتوو كۆتایی هاتووە

🔻 بەر لە 100 ساڵ، بەریتانیاو عیراق تكا لەكورد دەكەن بەیەكگرتووی بچنە بەغدا

🔻 پرسی چاكسازیی و خەونی گەیشتنی كوردستان بەكەناری ئارام كۆتایی هات، دوعا دەكەین خراپتر نەبێت

🔻 پارتی و یەكێتیی تەنها ماونەتەوە، هەریەكەیان لەژێر سێبەری ئەجێندای ئیقلیمیدان

 

دوای زیاتر لە 32 ساڵ حوكمڕانیی لەم هەرێمە، لەبری خەونی گەیشتن بە سەربەخۆیی، یان لانیكەم دابینكردنی ژیانێكی كەرامەندمەندانە، ئێستا هەموو دوعا دەكەین ئەم هەرێمە دوو لەت نەبێت.

پێكهێنانی كابینەی ئەمجارەی حكومەت جیاواز لەوانی دیكە، لەبەردەم دووڕیانێكی سەختە. پارتی و یەكێتیی تەنها ماونەتەوە و هەریەكەیان جگە لەبەرژەوەندی حزبیی، لەژێر سێبەری ئەجێندای ئیقلیمیشن. گرفتەكە تەنها ئەوەنییە كابینەی نوێ‌ درەنگ دروستدەبێت، بەڵكو دوو ئیدارەیی دیسان هەڕەشەیەكی دیكە دەبێت لەسەر هەرێم. كورد گوتەنی" ماڵ بەخۆی ماڵ نەبوو، میوانیشی هاتەسەر!". بۆیە دیسان هەورازێكی سەختمان لەپێشە و دەبێ خۆمانی بۆ ئامادە بكەین.

لە دوای شەڕی ناوخۆی كوردستان لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی رابردوو، لەم هەرێمە قەت حكومەت و ئیدارەیەكی یەكگرتوو نەبووە. پارتی لەئیدارەی هەولێر و دهۆك بەرپرس بووە و (بكە و مەكە)ی ئەم زۆنە بەدەست پارتیەوەبووە، لەسلێمانیش یەكێتیی نیشتیمانیی بەرپرس بووە و بڕیار هەر لای ئەو بووە.

بۆ پێكهێنانی ئەم كابینەیە، پارتی ئامادەنییە هەژموونی خۆی بەسەر حوكمڕانیی لەگەڵ هیچ لایەك بەش بكات، كە من پێموایە ئاسان نییە، یەكێتیش دروشمی گەورەی هەڵگرتووە، بەڵام بەهۆی شێوەی كاركردنی رابردووی لە حكومەتدا، ئێستا تەحقیقكردنی ئەو دروشمە ئاسان نابێت بۆی.

بەپێی هەموو لێكدانەوەیەك، حكومەتی ئەمجارە زۆر دوادەكەوێت، ئەگەر حكومەتیش دروست ببێت ئەوا دوو ئیدارەیی زۆر تۆختر دەبێتەوە، درزی دێگەڵە زۆر فراوانتر دەبێت، بەجۆرێك رەنگە بگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم! ئەم دۆخە نوێیە لێكەوتەی بەرژەوەندی حزبی و هاوكات خواستی ئیقلیمیە.  واتە حكومەتی داهاتوو دوو مودیر و دوو كاربەڕێكەری دەبێت، پەرلەمانیش بۆخۆی بێ ئەرزش بووە لەماوەی 15 ساڵی رابردوو، بێگومان لەچوار ساڵی داهاتوو لەجاران خراپتر دەبێت. هەموو ئەوەی باسی دەكەم لێكەوتەی دابەشبونی حوكمڕانانی هەرێمە بەسەر دوو ئەجێندای ئیقلیمیی و سەرئەنجام ئێستا هەرێم بەكردار هەرێمێكی یەكپارچە نییە و هەر لەتێكی لەژێر هەژموونی وڵاتێكە.

ئەو دوو لەتبوونەی كوردستان جگەلەوەی ریشەكەی لە بەرژەوەندی حزبی و شەخسیەوە سەرچاوەدەگرێت، لەهەمانكاتدا ریشەی مێژووییشی هەیە. تەماشابكەن لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عیراق دوای پەیمانی سیڤەر، لە 24ی كانونی یەكەمی 1922 هەردوو حكومەتی عیراق و بریتانیا لێدوانێكی هاوبەشیان دەركردووە ئامادەن دان بەمافی كورددا بنێن بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆیان، دەڵێن داوا لەكوردە (ناكۆكەكان) دەكەین لەنێوان خۆیان رێكبكەون لەسەر شێوە و سنوری ئەو حكومەتەی دەیانەوێ‌، هاوكات نوێنەری خۆیان بنێرنە بەغدا بۆ رێكخستنی پەیوەندی سیاسی و ئابوریی لەگەڵ حكومەتی بریتانیا و عیراق.

بە پێی ئەو بەڵگەنامەیە * ئەوەی ئێستا دەیبینین دووبارەبوونەوەی مێژووە، بەر لەو مێژووەش لە 1921 دیسان كورد لەنێوان خۆیان رێك نەبوون لەسەر پرسی مانەوە لە چوارچێوەی عیراق یان دەنگدان بە مەلیك فەیسەڵ. لە راپرسیەكەی مەلیك فەیسەڵ لە 23ی ئابی 1921 هەولێر دەنگی بەمەلیك فەیسەڵ داو سلێمانیش بایكۆتی دەنگدانی كرد و لەگەڵ مانەوە لەچوارچێوەی عیراقدا نەبوون.

ئەو لەتبوونەی كوردستان زیاتر لە 100 ساڵە لەسەر دەستی دەستەبژێر و دەمڕاستی كورد درێژەی هەیە، تەنها لەسەردەمێك بۆ سەردەمێكی دیكە كارەكتەرەكانی گۆڕاون. هەڵبژاردنی ئەمجارە، خاڵی وەرچەرخانی پاشەكشەی زیاتری هەرێمی كوردستان بوو بەرەو خراپتربوون. لەلایەك كۆتایی بەدیموكراسی و ئومیدی چاكبوونی حوكمڕانی هەرێم هێنا و لەلایەكی دیكەوە دەستوەردانی ئیقلیمیی لە چارەنوس و ئایندەی كوردستان گەیاندە ئاستێك چارەكردنی زۆر زەحمەت بووە. لەدوای پێكهاتنی ئەم كابینەیە، ئیتر هەر زۆنە بەتەواوی بۆ حزبێك یەكلایی دەبێتەوە، ئەوەی روودەدات دووبارەبوونەوەی ئەو مێژووەیە كە سەدان ساڵە دووبارە و دووبارە دەبێتەوە و ئومێدی گەیشتنی كوردستان بەكەناری ئارام كۆتایی هات، دوعا دەكەین خراپتر نەبێت.

.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار