دوو خاڵی گرنگ لەبارەی رۆژئاوای كوردستان

5 كاتژمێر لەمەوپێش



كارزان گلی

دەتانگێڕمەوە بۆ ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، ئەویش پەیماننامەی لۆزانە، ئەو پەیماننامەیەی كوردیان تێدا بەسەر چوار وڵاتدا دابەش كرد و وڵاتانی جیهانی بەشایەنیان نەزانی میللەتێكی ٥٠ ملیۆنی ببێتە خاوەن دەوڵەت. عیسمەت ئینۆنوو، ئەوكات سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو، موستەفا كەمال ئەتاتورك وەكوو نوێنەری توركیا دەستنیشانی كردبوو بۆ پەیماننامەی لۆزان، ئەو دەستێكی باڵای هەبوو لەوەی كورد لە هەموو مافێك بێبەش بێت، لە خوارەوە باس لە دوو خاڵی گرنگ دەكەم، كە دەكرێت بۆ ئێستای رۆژئاوای كوردستان سوودی لێببینین و هەڵەی ١٠٠ ساڵی رابردوو دووبارە نەكەینەوە.

یەكەم: لەسەر مێزی گفتوگۆی لۆزاندا، بە ئینۆنوو دەڵێن كورد لە توركیا بوونی هەیە و كەمینەیە، دەبێت مافیان پارێزراو بێت و بەزمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن و قسە بكەن، بەڵام ئینۆنوو وەڵامیان دەداتەوە و پێیان دەڵێت، پێم خۆش نییە بڵێن كورد كەمینەیە، نەخێر كورد و تورك بەیەكەوە توركیایان دروست كردووە، تورك چەند مافی هەیە، كوردیش ئەوەندە، ئێمە بە هەموو لامانەوە شەڕی رزگاریمان كرد، بۆیە كورد نابێت وەكوو كەمینە حیسابی بۆ بكرێت و ئەوان وەكوو تورك مافیان هەیە و خاوەنی وڵاتن.

دوای ئەوەی داوا لە حەسەن خەیری دەكەن، نامەیەك بەناوی كوردەوە بۆ پەیماننامەی لۆزان بنێرێت و بڵێت ئێمە و تورك براین و هیچ جیاوازییەكمان لەنێواندا نییە، ئیدی لە پەیماننامەی لۆزاندا كورد وەكوو كەمینە حیسابی بۆ نەكرا، بەڵام لە هەموو مافێك بێبەش بوو، گوندەكانی وێران كرا و چەندین كۆمەڵكووژیان لە دژی كورد ئەنجامدا، وەكوو كۆمەڵكووژی كۆچگیرییەكان و دەرسیم و زیلان و چەندینی تر.

لە لۆزاندا باس لە كەمینەكان كراوە، كە دەبێت مافی نووسین و خوێندنیان هەبێت، بەڵام چونكە كورد حیسابی كەمینەشی بۆ نەكراوە لە توركیا، بۆیە ئەوەندەی كەمینەیەك مافی نییە، لە كاتێكدا ٢٥ ملیۆن كورد لە توركیا بوونی هەیە.

ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریا، چەندین جارە دەڵێت كورد چاوی منن، كورد و عەرەب بەیەكەوە شەڕی داعشیان كردووە و كورد خاوەنی وڵاتە و هەموو مافێكیان هەیە، دڵنیابن دەیەوێت وەكوو چۆن لە لۆزاندا كورد حیسابی كەمینەشی بۆ نەكرا و لە هەموو مافێك بێشەش بوو، ئەویش دەیەوێت كورد فەرامۆش بكات و دوای ئەوەی وڵاتەكەی بەهێز بوو و شەرعییەتی نێودەوڵەتی وەرگرت، ئیدی وەكوو ئەتاتورك بەرببێتە گیانی كورد و كۆمەڵكووژیان بكات، دەبێت وریا بین و نەیەڵێن بە چاو و دڵ و قسەی شیرین هەڵمانبخەڵەتێنن، دەبێت لە دەستووردا رێگە بدرێت كورد بە كوردی بخوێنێت و هەروەها دانیش بەكوردا بنێن وەكوو نەتەوە و فیدڕاڵییەتیش داواكاری سەرەكی بێت، لە دەرەوەی ئەوانە، هەموو بەڵێنەكان پێچەوانە دەبنەوە.

دووەم: ئاكەپە خاوەن دەنگێكی زۆرە لە باكووری كوردستان، تا ٢٠١٥ پارتی یەكەم بوو، بەڵام لەدوای ئەو بەروارە ئیدی هەدەپە لە باكوور بەپێش ئاكەپە كەوت. ئاكەپە خاوەنی ٢٧٠ كورسی پەرلەمانە لە توركیا و نزیكەی ١٠٠ پەرلەمانتاری كوردن و بەشێكیشی لە باكووریی كوردستانن، واتە كوردانی باكوور ئەوانیان ناردووەتە پەرلەمان لەسەر لیستی ئاكەپە، بۆیە گرنگە ئەو پەرلەمانتارانە لۆبی بۆ كوردی رۆژئاوا بكەن لەناو ئاكەپە و هەروەها جەهەپەش، چونكە بەشێكی باشی پەرلەمانتاری جەهەپەش كوردن.

لەناو ئاكەپە، كەسانی وەكوو ئۆرهان میرئۆغڵو، كە كوردێكی بەشەڕەفە و پێشتر پەرلەمانتاری ئاكەپە و ئەندامی سەركردایەتی بووە و ئێستاش رێزی زۆری لای رەجەب تەییب ئەردۆغان هەیە زۆرن، ئەوان پشتگیریی لە دۆزی كورد لە رۆژئاوا دەكەن، دەكرێت ئەو ئۆرهانانە بدۆزینەوە و لەرێگەی ئەوانەوە فشار بكرێتە سەر ئاكەپە تا دان بە رۆژئاوای كوردستان بنێت.

لەناو جەهەپەش، سەزكین تانریكولوو هەیە، كوردە و خەڵكی ئامەدە، ئەو لەناو جەهەپەدا پشتگیرییەكی گەورەی دۆزی كوردە لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان، دەبێت لەرێگەی ئەوانەوە لۆبی گەورە دروست بكەین و بۆچوونی ئاكەپە و جەهەپە بەرامبەر بە رۆژئاوا بگۆڕین.

تەنانەت دەنگدەری ئاكەپەش لە باكووری كوردستان زۆر زۆر گرنگن، دەكرێت دەم پارتی ئەوان بوروژێنن و فشاری گەورە بۆ سەر ئاكەپە دروست بكەن تا لەبری دژایەتی پشتگیریی لە رۆژئاوای كوردستان بكات، چونكە ئاكەپە بۆچوونی بەرامبەر بە رۆژئاوای كوردستان بگۆڕێت، سوریای تازە ناتوانێت رووبەڕووی ببێتەوە.

كوردی باكوور، زۆر شتی گەورەی پێدەكرێت و دەنگێكی كاریگەرە لە توركیا، هەر باكوورییەكانیش بوونە ئاكەپە و خودی ئەردۆغانیان چەندینجار رزگار كردووە و هێناویانەتە سەر كورسی سەرۆكایەتیی، بۆیە ئەگەر باكوور یەك هەڵوێست بن بەرامبەر بە رۆژئاوا، دەتوانن هەڵوێستی ئاكەپە و ئەردۆغان بگۆڕن و كورد لە سووریا بكەنە خاوەن فیدڕاڵی.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار