سلێمانی!
مەجید خالید
7 ڕۆژ لەمەوپێش
شارێک هێشتا، خۆی پێناسەی خۆی نەکردووە
مەجید خالید
لەکاتێکدا دەیان پێناسە و پیتی ڕیزکراوی ئەم و ئەو ئەدرێ بەدەمییەوە، دەمێکی تژی لە تاقمی حزبایەتی، پاشاگەردانی، فەرهود و فەوزا، ژنکوژی، خێڵگەرایی، بانگخوازی ئێجدی و کوڕی کاربەدەست.
لە ئێستادا نەخۆشی خۆ بەسلێمانی زانین، نەخۆشییەکی نەریتییە، تخا زۆرێک زەمیلی زیهنییەت دێهاتی گرتووەتەوە، حاشا ئێمەو مانانی دێهاتیی نا، زیهنییەت دێهاتیی!
هاوکات حیکایەتەکەی حەوزەیەکی فراوانی دەوروبەری گرتووەتەوە، نەخۆشییەک، خودی سلێمانەییەکانی تار ناوە. ئەوەتا، ئەوانەی مرۆڤ و مەردومی شارن، یان لە دەرێن، یان کرێچین، یاخود یادەوەری شاری لەدەستداوە و لەبنکاچ و قادرمەی هۆتێلێکدا بە دوو سەموونی وشکەوە ئێواران خۆی دەکا بە ژوورێکی تاریکی نیمچەکرێدا!
لە ڕاستیدا هەموو ئەوانەی لە نەریتی ناسنامەکەیدا نومایاندەبن، دوور تا نزیک پێوەندییان بەسلێمانییەوە نییە.
مێژووی دروستبوونی ئەم شارە، هەلومەرجە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینییەکەی ئەمانباتەوە بۆ پەیجوری پرسێکی ئاڵۆز، لەکاتێکدا شارەکەش لە خۆیدا نییە. ئێمە دەزانین سەردەمێک سلێمانی، جممەی جوانی لێوەهاتووە.
لە سلێمانیدا زیهنییەتی لادێ، زراوی نەچووە، ئەوەتا هێشتا تەوالێتەکانی شار، چاکی و چۆنی مەردوم، خزانی خانمان بۆ کولبەی ئەحزانی شەوانی ماڵەوە، دارەمەیتی سەر تەوالێتەکان، دابەشبوونی جوگرافی عەنعەنەی عەشرەت و هۆز، ناوچەو نەریت، بەجۆرێ لە ڕۆژهەڵاتەوە گەرمیان و شارەزوور دەسکێکی دارەمەیتەکەیان لەسەر شانەو لە خۆرئاواوە پشتدەر و چەمچەماڵ دەسکێکی تری.
تۆ تەماشای حەشاماتی قڕگە، وڵوبە، کەنەکەوە و هتد، تەنها تاوێ بە ماشینەوە فڕڕەیەک لێبدە، بزانە چەند سەر لە جامی ماشینەکانەوە پەنجەی هەڕەشە لەیەکتر ڕادەوەشێنن!
لەم شارەدا جیا لە دابەشبوونی نانەجیب و دوور لە درامای شارستانی، لە سیاسەتیشدا سنگی شەقار شەقارە بە تیغی تیژی حزبایەتییەکی لەڕواڵەتدا چەپگەرا و لە کرۆکدا کلاسیکی و خێڵەکی.
شاری چی؟
یەکپارچە جمەی دێ لە تەقریرنووس، تیاترۆ و قوماری قوتدانی دۆنم بە دۆنم، ئەو پیاوەسیاسیانەی دە هەنگاو لەپێش خانمە چارشێو ڕەشەکانیانەوە دەچن بەڕێوە.
شاری چی؟
دەسەڵاتێک هەروا هەلا هەلای دەکات، ئێستاش سەرقاڵی مۆنتاژی ئەو ڤیدیۆیانەیە کە چۆن وەختێ لە ماشێنە جامڕەشەکانەوە دادەبەزێ سنگیان دەرپەڕێنن و تەقلیدی ئەمیتاباباجان و دارەمەندەر بکەنەوە.
چ شورەییەکە وێنای وەرزش بە زۆرانبازی تێبگەیت، چ نەنگییەکە رۆحی وەرزش بە شەڕەقۆچ لێک بەیتەوە.
شاری چی؟
گەرووی گیراوە بەگریانی ئەو دومەڵە گرداویانەی گەندەڵی، کە تەپۆڵکەیەکی بە قەرزنەدراوە، ئەو گردانەی زیندو و مردووی حزب حیسەیانی حەڕاڵ کردووە. ئەو بەرپرسە یەکەمەی کە پێی وایە بە کاپوچینە خواردنەوە و کردنەوەی ئارایشتگایەک ئیزنی شارستانییەتی پێدراوە.
شاری چی؟
کوانێ مۆسیقایەکی میهرەبان، ئەوەی دەیبیستین فڕەی فڕۆکەیەکی فێلێهاتوی فەوزایەکە!
کوانێ بەستەیەکی باڵا، بەستەیەک بۆنی گۆران و زێوەر و فایەقە بێکەسەکە بدا، ئەو بۆنەی کەدێ، قڕقێنەی قەیوان و قەیران و قەبرستانە.
ئەدی کوانێ هەیئەیەی نیشتیمانی سییەکان، کوانێ کۆمەڵەی برایەتی شاکر فەتاح، کوانێ رۆحی کوردبوونی کاکەی فەلاح و خەرەندی خەمی خاڵ و مودەڕیس؟ ئەی ئەو خانەقا و خەسڵەتە ڕۆحییەی عیرفان کوا؟، بۆچی یەکپارچە یادەوەرییەکان لەگەرووی گەندەڵی و گەڵی تلگرامە پەنهانەکەی کابراوە گرێکوێرەیان خستووەتە سنگی خاوێنی ئایینەوە، ئەم هەموو سیناریۆی بەهەشت و حۆرییانەی حەججی عەبدولەکان چۆن هەڵتۆقین، وابەجارێ شار بۆنی یارۆڕێڕەوەکەی تانجەرۆ دەدا!
باوەڕتان بێ
لەم شارەدا، چڕوچاوی چاخانەکان هیچی لەوەی ئەوسا ناکا، ئەو چاخانانەی ئینگڵتۆن جۆنیز ئەسراری بۆن و بەرامەکەی دەگێڕایەوە، کتێبخانەکانی کاسکاسێ لە کارمەندە بەتاڵەکانی دەڕوانن، قوتابخانەکانی بەناوی ئابڕوی براوی ئەهلییەوە ئەڵێی چرچی پیرەژنەکانی ئەوروپان، ئەوەندەی بڵێی یەکو دوو مرۆڤی مردووت بۆ بەرهەم دەهێنن.
شاری چی؟
نەڕێگایەک، نە بانێک، نە میترۆ و مێوانخانەیەک، نە مۆزە و مۆڵێکی کلتووری، شارێک تابینەقاقای شوققەی شلوشێواو، تا سەر ئەژنۆی تەنوورەی ڕووتی ویژدان، تا کۆڵان بەکۆڵانی شار، پڕ لە بۆنی نانەوای غەوارە، بۆنی گەنمو جۆی ئوسترالی و چینیی.
لەم شارەدا خشتێک، دیوارێک، دڵێکی خۆمانە نابینی، ئەوەی هەیە، تەلاری تەنهایی، مرۆڤی مەسڵەحەو مەسڵەحەتچی، بەڵێ ئەوەی هەیە، سیمای ساختەو ئاوازی شاباز و شاکانی سەر گردەکانە، ئەوەی هەیە دەنگی دەهۆڵی لە نزیکەوە ناخۆشی زیکر و فیکری دەروێشی دەرودراوسێ! ئەوەی هەیە بلۆکە بلۆک!