ژیان لەسەردەمی قەیومدا

دڵزار عارف

2 مانگ لەمەوپێش



ژیان لەسەردەمی قەیومدا

دڵزار عارف

دوای پاشەکشەی ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥ و گەڕان بەدوای هێز و پارتی  تر بە مەبەستی دروستکردنی حکومەت و زۆرایەتی لە پەرلەمان، وای کرد ئاکەپە بگەڕێ بەدوای هاوپەیمانێکدا، کە پلان و مرازەکانی سەرۆکەکەیانی تێدا بهێنێتەدی، بۆیە دواجار لەگەڵ مەهەپەی ناسیۆنالیست رێکەوتنیان کرد و هاوپەیمانێکی نوێی عەیارە بیست و چواری تورکچێتیان ئیمزا کرد. ئیتر ئەم هاوپەیمانێتیە هەرزوو کەوتنە وێزەی کورد و دواتر جەماعەتی گولەنیان قەڵاچۆکرد و ئیتر دەوڵەت و حکومەت و دادگاکانیان پاککردنەوە و شتێک نەما بەناوی بەربەستی یاسایی و سیاسی لەبەردەمیان.

ئیتر  لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە دەوڵەتی تورکیا، هەوڵی سەپاندنی سیستەمێکی تازەیدا ئەویش دانانی قەیوم بوو لە شوێنی سەرۆک شارەوانیە هەڵبژێردراوەکانی کورد، واتا کۆتایی هێنان بە گەمەی دیموکراسی و حوکمی شەرعی و یاسایی. دەوڵەت و ئەردۆگان باش تێگەیشتون کە ناتوانن لە رێگەی هەڵبژاردنەوە گەرەنتی شارەوانیەکانی باکور بکەن، بۆیە هاتن لە رێگەی سیاسەتێکی زۆرەملێی نا مەدەنی و نا یاسایی، کەسێک دەهێنن و دەیخەنە سەر کورسی کەسە هەڵبژێردراوەکە. تەواوی پرۆسەکەش لە ژێر پاساوی ئەوەی کە کەسی هەڵبژێردراو جێگای متمانە نیە و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی تورکیا کار دەکات. بەڵام بابەتەکە تەنها گۆڕینی کەسێک نیە بە کەسێکی تر، بەڵکو بە دەیان کەس کە هەلی کاکردنیان پێدراوە لە شارەوانیەکان دوور دەخرێنەوە و خەڵکانی خۆیان دەخەنە شوێنەکانیان. هەروەها هەموو ئەو پرۆژە کەلتور و مەدەنیانە دەوەستێنن کە لە بەرژەوەندی پێکەوە ژیان و وڵاتێکی فرە نەتەوەییدایە. جگە لەوە هەوڵی بەلاڕێدابردنی پرۆژە ستراتیجیەکان دەدەن و بەشێکی باشی پارەکانیش دیزەبەدەرخونە دەکرێ و لەگەڵ تەواوبوونی تەمەنی یاسایی شارەوانیەکان، کۆمەڵیک دەوڵەمەندی تازە هەڵدەتۆقێن. لەبەرامبەریشدا خەڵکی ناوچەکە بێ کارو بێ دەرەتان دەمێنێتەوە بە ناچاری بەهەزاران گەنجی کورد وڵاتەکەیان جێ دەهێڵن و رودەکەنە وڵاتانی رۆژئاوا.

سەردەمی قەیوم سەردەمی لێکترازانی خەڵکی باکورە لە گەڵ ئەو جوگرافیاییەی کە ناوی تورکیایە، چونکە جاران جۆرێک لە تێکەڵکێشکردن و پەیوەستبوون لەگەڵ پڕۆژەکانی شارەوانی دروست دەبوو، بەڵام دوای سەپاندنی ئەم سیستەمە دەرفەتی ژیانکردنێکی شایستە رۆژبەرۆژ لەبەردەم کوردی وڵاتپارێز کەم دەبێتەوە و بە ناچاری سەری خۆی هەڵدەگرێ و رێگای هات و نەهات دەگرێتە بەر.

دوای دانانی سێ قەیوم بۆ سێ شارەوانی گەورەی باکوری کوردستان، ئەمجارە کورد دەیەوێ بە ئاسانی شارەوانیەکان رادەستی قەیوم نەکاو هەوڵ بدات زۆرترین ئاستەنگ و بەربەست لەبەردەم ئەم کارە نا شەرعیە دروستبکات، ئەویش لە رێگەی گردبونەوە و خۆپیشاندان و میدیا و خەباتی پەرلەمانییەوە. ئێستا کێشمە کێش و بەرکەوتنەکان لە گەڵ دەوڵەت بەردەوامە، رۆژانی داهاتوو ئاشکرا دەبێ، خەڵک بەسەر قەیومدا سەردەکەوێ، یان قەیوم دەتوانێ بۆ چوار ساڵی تر بەردەوام بێ لە کارەکەی؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار