ئایا کەسانی چەپە داهێنەرترن یان کەسانی ڕاستە؟
ئایا کەسانی چەپە داهێنەرترن یان کەسانی ڕاستە؟
2 هەفتە لەمەوپێش
چۆن دەتوانرێت ئاڕاستەکانی چەپ و ڕاست لە مرۆڤدا دیاری بکرێت؟
جیاوازی چەپدەستەکان و ڕاستدەستەکان چییە و توێژینەوەکان چی دەڵێن لەو بارەیەوە؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
چەند توێژەرێکی ئەمریکی لەم دواییانەدا ڕایانگەیاند کە ئەنجامی پشکنینی مێشک دەریدەخات کەسانی چەپ دەست یاخود چەپە، بە شێوەیەکی جیاوازتر بیردەکەنەوە لە کەسانی ڕاستە. چونکە ئەو کەسانە زیاتر لای ڕاستی مێشکیان چالاکترە بۆ ئەنجامدانی هەندێک ئەرکەکانیان. شارەزایان پێیان وایە ئەم جیاوازییە لە کارکردنی مێشکدا دەتوانێت داهێنان ئاسانتر بکات.
ئێریک زیلمەر، مامۆستای دەروونناسی دەمارەکان لە زانکۆی درێکسێل لە ئەمریکا دەڵێت: کەسانی چەپ دەستەکان کەمتر دابەشبوونی مێشکیان نیشان دەدەن لە چاو ڕاست دەستەکان. جگە لەوەش دەڵێت؛ مێشکی مرۆڤ دابەش دەبێت بەسەر دوو(نیوەگۆی چەپ و ڕاست) کە هەر نیوەیەک بەرپرسە لە کۆمەڵێک ئەرک، نیوەگۆی چەپ بە گشتی پەیوەستە بە قسەکردن، نووسین، ژمێریاری، زمان و تێگەیشتنەوە، لە کاتێکدا نیوەگۆی ڕاست کۆنترۆڵی داهێنان و لێهاتوویی و ڕیتم و میوزیک و دەربڕینی هونەری دەکات.
بە پێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٠ دەرکەوتووە کە چەپ دەستەکان لە کاتی سەیرکردنی دەموچاودا هەردوو نیوەگۆی چەپ و ڕاستی مێشکیان بەکاردەهێنن. بەڵام بۆ دەستڕاستەکان لەم لێکۆڵینەوەیەدا، ناسینەوەی دەموچاو تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر لای ڕاستی مێشک وەستاوە و نیوەگۆی چەپ بەکار ناهێنن.
کاتینا باجاج، توێژەری دەروونناسی کلینیکی و هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای Daydreamers دەڵێت: "ئەمە دەرفەت بۆ چەپدەستەکان دەڕەخسێنێت کە زیاتر خەیاڵەکانیان بەکاربهێنن، چونکە ئەمە دەتوانێت یارمەتیان بدات بۆ پەرەپێدانی داهێنان".
توێژەران بە تەواوی نازانن بۆچی نزیکەی ١٠%ی دانیشتوانی جیهان چەپەن. بەڵام هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە چۆن و کەی کەسی ڕاستە یان چەپە دیاری بکرێت. لە توێژینەوەیەکدا، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە دەتوانن بە شێوەیەکی زانستی پێشبینی حەزی منداڵ بکەن بە چاودێریکردنی ئەوەی کە حەزی لە جوڵەی کام دەستە لە سکی دایکیدا.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کەسانی ڕاستە جیاوازن لە کەسانی چەپە لە ڕووی ناهاوسەنگی مێشکەوە لە ١٠ ناوچەی دیاریکراوی مێشکدا. لە هەر ١٠ ناوچەکەی مێشکدا، مادەی خۆڵەمێشی نیوەگۆی ڕاست لە چەپدەستەکاندا تاڕادەیەک گەورەتر بووە لەوانەی کە ڕاستەن، ئەمەش پەیوەندی بە زیادبوونی سەرچاوە دەمارییەکانەوە هەیە بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆڵی ئەو نیوەگۆیە لە کۆنترۆڵکردنی دەستی چەپدا.
هەروەها زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە جینات کاریگەری لەسەر دەستی ڕاست و چەپیش هەیە و پەیوەندی بە کەمی سیمیتری مێشکەوە هەیە لە بوارەکانی پەیوەست بە زمانەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە یەکێک لەو جینانەی کە لەم بابەتەدا بەشدارە بریتییە لە NME7، چونکە ئەم جینە کاریگەری لەسەر پێگەی ئەندامەکانی لەش وەک دڵ و جگەر هەیە. بە بڕوای فرانک، ڕەنگە ڕاستەکان و چەپەکان لە ماوەی گەشەکردنی مێشکی مرۆڤدا تا ڕادەیەک پەیوەندییان هەبووبێت و مێژوویەکی پەرەسەندنی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام ئەمە لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە چەپ دەستەکان بە تواناترن، چونکە ئەوانەی چەپەن بەشی لای ڕاستی مێشکیان چالاکانەتر کار دەکات.