مەترسیی بەفیڕۆدانی خۆراک !
محمد خۆشناو
4 ڕۆژ لەمەوپێش
مەترسیی بەفیڕۆدانی خۆراک !
محمد خۆشناو
ماوەیەک لەمەوبەر ڕاپۆرتێکی ترسناکی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بەفیڕۆدانی زیاتر لە ملیارێک تۆن خۆراک لەسەرانسەری جیهاندا لە لایەن خێزانەکان و کۆمپانیاکانەوە بڵاوکرایەوە، کە بڕی تێچوونەکەی زیاتر لە ترلیۆنێک دۆلار دەبێت و لەناو لیستەکەدا شاری هەولێر-یشی تێدایە کە یەکێکە لەو شارانەی خۆراک بەفیڕۆدەدات و فڕێیدەدات. فڕێدانی خۆراک جگە لەوەی لەڕووی ئایینیەوە گوناهە، لەهەمان کاتدا هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی و گوێنەدانە بە بەرژەوەندی گشتی. بەفیڕۆدانی خۆراک پەیوەستە بە ئەخلاق و هەستنەکردن بەرانبەر ئەویتری برسی، لەهەمان کاتدا زیانێکی خراپ لە کەلوپەلی خۆراک و دارایی دەدات، ئەمە زەرەرگەیاندنە بە ئابووری وڵات و کاریگەریەکی سلبیشی هەیە بۆسەر ژینگە و تەندروستی و کەشوهەوا. فڕێدانی خۆراکی زیاد بۆ ناو زبڵدان، کارێکە دژی شوکرانە و نیعمەتی خودایە، وەرە سەیربکە کە چۆن توشی سەدمە دەبیت کە دەبینی لە چێشتخانەکان و ئاهەنگی هاوسەرگیریی و یادەکان و داوەتکردنەکاندا چ خۆراکێک فڕێدەدرێت! ئەمە بەهیچ شێوەیەک ڕەفتار و ڕەوشتێکی باش نییە و پێویستە چارەسەری کێشەی بەفیڕۆدانی خۆراک بکرێتە ئەولەویەتی کار. چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی خەڵک و بارودۆخ و گوزەرانیانەوە، ئەم کێشەیە پێویستی بە هاوکاری هاوبەشی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە کە دەبێت سنوورێک بۆ ئەو ئیسرافە گەورەیە دابنرێت لە ڕێگەی گۆڕانکاریکردن لە ڕەفتارمان بەرانبەر خۆراک لە میانەی دەزگاکانی حکومەت و ڕاگەیاندن و پەروەردە و فێرکردن و مامۆستایانی ئایینیەوە، کە ئامۆژگاری و ڕێنمایی خەڵکی بکەن لەبارەی مەترسی بەفیڕۆدانی خۆراکەوە. چونکە زیاد ئیسرافکردن دەبێتە تێکچوونی پێوەرەکان و زەرەر گەیاندن بە خودی کەسی بەفیڕۆدەر و ئەوەی لە دەوروبەریەتی و دواتریش بۆسەر تەواوی کۆمەڵگەش. پێشتر باوک و باپیرانمان سزای کەسە موسریفەکانیان بۆ دەهێناینەوە کە چۆن لەدواجاردا تووشی زەلیلیبوون و دڵشاکاندن و پەشیمانبوونەوە دەبوون، ئێمە پێویستە رەخنە لەخۆمان بگرین رەخنەیەکی بونیاتنەر لەپێناو پاراستنی نیشتیماندا و ئەو بەفیڕۆدانە ڕابگرین کە بەردەوام مومارەسەی دەکەین. بەفیڕۆدانی خۆراک لێکەوتەی جددی هەیە لەسەر ئاستەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی کە دەبيتە مایەی زیانێکی زۆر بۆ خەڵک و ژیانی گشتی. پێویستە لەسەرمان سەرکۆنەی خۆمان بکەین لەسەر بەفیڕۆدان، چونکە ئەوەتا زبڵ و خاشاکەکەنمان شاهێدی ئەوەن کە چەند نابەرپرسیارانە خواردن بەفیڕۆدەدەین! هەر بۆیە دەبێت کار بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بکرێت لە پێناو ڕاگرتن و بنەبڕکرنی دیاردەی نەشیاوی بەفێڕۆدانی خۆراک .