سودانی ئەسپی تەڕوادەیە یان فیگەرێکی نیشتمانییە؟
عومەر مەرگەیی
4 ڕۆژ لەمەوپێش
سودانی ئەسپی تەڕوادەیە یان فیگەرێکی نیشتمانییە؟
عومەر مەرگەیی
تەواوی بانگەشە و پیاهەڵدان و ناساندنی بەڕێز محمد شیاع سودانی وەک فیگەرێکی لێبڕاوی سەرسەختی دژایەتی گەندەڵی و پارێزەری حەقیقی سەروەری و یەکپارچەیی خاک و گەلانی عێراق و شاسواری ڕاگرتنی پێشڕەوی و دەستتێوەردانەکانی ئێرانی ئابڵوقەدراو و خواستە داگیرکەرەکانی تورکیای حەسحەس و هەندێک جاریش سیناریۆی دەرکردنی هاوپەیمانان؛ سودانی وەک فریادڕەسی ڕزگاری تەواوی عێراق نیشان داوە، وایلێهاتووە بەبێ ئاوڕدانەوە لە چەندێتی توانست و سەربەخۆیی کابینە ئابڵوقەدراوەکەی ژێر هەژموونی سێکوچکەی ئەمریکی - ئێرانی ـ تورکی ... ئێستا وەک فیلی تیژڕەوی ناو گەمەی شەتڕنجە سیاسیەکەی عێراق، شەقام و کۆڵانەکانی هەرێم و عێراق تەی دەکات و تا ئاستێکی باشیش وەک سەرکردەیەکی گرنگی عێراقی کاریگەر دەرکەوتووە، کە مامەڵەیەکی عەقڵانیانە لەگەڵ دۆخە ناهەموارە پڕ لە گەندەڵی و قەیرانە هەمەچەشن و دەرهاویشتەکانیدا دەکات. هەڵبەت تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بووە لە ختووکەدانی سۆزی شەقامی سیاسی عێراق و هەرێم تا ئاستی خۆدەرخستنی وەک سەرکردەیەکی کاریزمایی و خۆشەویستێکی بێ ڕکابەر. ئەگەرچی لە شەبەنگی پرسە نەتەوەیی و نیشمانییەکانی گەلی کوردا بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ، جگە لەوەی لە چارەسەری ماددە یاسایی و دەستورییەکاندا هیچ شوێن پەنجەیەکی دیاری نییە، تەنانەت لە ساکارترین مافە یاساییەکانی فەرمانبەران وەک پێدانی مووچە کە ئەرکی خۆیەتی، ماوەی چەند ساڵە دەستیدەستی پێدەکات. لەبەر ئەوە ئەم سەردانە مەکوکیەشی بۆ هەرێم لەم خاڵانەدا خۆی بەرجەستە دەکات:
١ــ سودانی لەم سەفەرەدا کێکی لەگەڵ خۆی نەهێنابوو تەنیا سەردانەکە و ختووکەدانی سۆزی لایەنەکان، خۆی بە کێک ئەژمارکراو بەسەریاندا دابەشکرا .
٢ــ سودانی وەک یەکەم یاریزانی شەترنجی سیاسی بوو کە یاری بردنەوەی نەکرد تەنیا مانۆڕ و نماییشێکی جوانی سیاسی لەهەرێم ئەنجامدا.
٣ــ ئەگەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان دیزایین کرابێ بێشک ئەگەر سودانی خۆی کەسە گرنگەکە نەبێت ئەوا بەبێ ئۆکەی بەڕێزیان هیچ نەکراوە. لەبەر ئەوە ئەگەر ئەوگریمانەیە درووستبوو ئەوا ئەم یاریە ئاوێک دەکات بە ئاگری گومانەکاندا یان لانیکەم ڕێژەیەکی باش لە گومانەکان لەسەر خۆی دوور دەخاتەوە .
٤ــ گومانێکی نالۆژیکیش نابێت ئەگەر بەم یاریە خافڵگیرکردنێک بۆ کوردان دروست بکات تا نیەتە خراپ و شاراوەکانی سەر پرۆسەی سەرژمێری لە ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێم جێی خۆیان بگرن.
هەموو ئەمانەش دەریدەخەن ئەگەر بە دیدێکی سیاسی جوڵەکانی سودانی نەخوێندرێنەوە، دوور نییە سەردانەکەی بۆ هەرێم وەک دیاریی ئەسپی تەڕوادە بکەوێتەوە و دواجار بە زیانی کوردستان بکەوێتەوە.