سەرکردەی تراژیدی

د. سەردار عەزیز

3 ڕۆژ لەمەوپێش



سەرکردەی تراژیدی

د. سەردار عەزیز

جیوپۆلەتیکناسی ئەمریکی ڕۆبەرت کابلان کتێبێکی نوێی بە ناوی عەقڵی تراجیدی: ترس، چارەنوس و بارگرانی دەسەڵات بڵاوکردوەتەوە. لای کابلان تراژیدیا ئەو مانەیەی نیە کە لە زمانی کوردیدا هەیە. تراژیدیا لای ئەو یانی ناچاربون بۆ بڕیاردان لە نێوان دوو باشدا، کە لە هیچ کامیان بە تەواوی دڵنیا نیت. بەو مانایە کەسی بڕیاردەر یان سیاسی هەرگیز هەموو زانیاریی و داتاکانی لەلا نیە کاتێک بڕیار دەدات. کیسنجەر دەیگوت ئەگەر ٣٠% شتەکان بزانیت دەبێت بڕیار بدەیت چونکە ئەگەر چاوەڕێی ٤٠% بکەیت ئەوا درەنگە.

بەڵام کەسێک کاتێک دەبێتە خاوەن عەقڵێکی تراژیدی کە بە ئەزمونی سەختی ژیاندا تێپەڕیبێت و توانای ئەزمونکردنی هەبێت. ئەم دوو خەسڵەتە مرۆڤ قاڵ دەکات لە قوڵبونەوە. مرۆڤی خاوەن عەقڵی تراژیدی هەرگیز لە ترس ڕزگاری نابێت، ترس ئەو خەسڵەتەی مرۆڤە کە ڕەهەندی داهاتویی هەیە. عەقڵی تراژیدی بە ئاگایە کە داهاتوو چەندین نەزانراوی لە هەناوی خۆیدا پەنهان داوە، بۆیە دەبێت بە ترسەوە مامەڵەی لە گەڵدا بکەیت.

جیاوازییەک لە نێوان مرۆڤی خاوەن ئەزمون یان سەرکردەی خاوەن ئەزمون و بێ ئەزمون ئەوەیە کە مرۆڤی بێئەزمون خۆی ناناسێت. لێرەدا پێویستمان بە ئەدەبە بۆ تێگەیشتن. جیاوازی نێوان ئەدەب و زانست ئەوەیە کە ئەدەب پەی بەو شتە بچکۆلانەی ناخی مرۆڤ دەبات کە کاریگەریی گەورەیان هەیە. هەندێکجار کەسێک لە وەڵامی قسەیەک، تیلەیەک، خەمزەیەک، هەڵچون و داچونی زۆر دەکات، بە تایبەتی ئەگەر کەسێکی خاوەن عەقڵی تراژدیدی نەبێت. کێشەی زانست ئەوەیە بە باشی ناتوانێت دژەکان لە هەمان کەس و سیستەمدا ببینێت. هەروەها بە باشی ناتوانێت بێعەقڵی بعەقڵێنێت.

ئێمە زۆر جار دەبیستین کە لە مێژوی ئێمەدا کاتێک دوو کەس یان کەسانێک بەیەک گەیشتوون، شتێک ڕویداوە، یان شتێک گوتراوە و ئیتر دیدارەکە وێران بوە. سیاسی کورد، ئەگەر لە مێژوی کورددا بونەوەرێکی وەها بونی هەبێت، بە گشتی هەرچەندە بە سەختی زۆردا ڕۆشتوون، بەڵام توانای فێربونیان سفرە. بۆیە هەرگیز خاوەن عەقڵێکی تراژیدی نین، بگرە بە دەست ئیگۆیەکی بریندارەوە دەناڵێنن. بۆیە هەرگیز نابینیت سیاسیەکی کورد بوێری ئەوەی هەبێت ڕوبەڕوی میدیای ڕاستەقینە بێتەوە.

ئەوەی قوڕبەسەرییە مرۆڤی کوردە کە لە دۆخێکی تراژیدیدایە بەبێ ئەوەی توانای ئەوەی هەبێت ببێت بە خاوەن رەفتارو ئەخلاقی تراژیدی. کاتێک ئۆدیپۆس بۆی دەرکەوت لە گەڵ دایکیدا جوت بوە، چاوەکانی خۆی دەرهێنا، ئەمە کرۆکی تراژیدیایە. ئەگەر ئەمە تەرجەمە بکەین بۆ بواری تر، چەند سیاسی کورد خیانەتی لە خۆی و وڵات و خاکی کردوە و چاوی خۆی دەرهێناوە؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار