حەیدەر بەرزنجی بۆ هاوڵاتی: مقاوەمەی عێراق وەڵامی دەبێت بۆ ئیسرائیل ئەگەر هێرش بكاتە سەری

5 مانگ لەمەوپێش
حەیدەر بەرزنجی
- ئیسرائیل عێراقی خستووەتە نێو بازنەی جەنگەكەوە.
- ئەگەر ئیسرائیل هێرشی كردە سەر چەند ئامانجێك لە عێراق بێگومان رووبەڕوی وەڵامدانەوە و بەرپەچدانەوەێكی توند دەبێتەوە.
- رەنگە بەمزوانە چەند چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە بێنە ئاراوە.
دكتۆر حەیدەر بەرزنجی سەرۆکی دەزگای نەرامسین بۆ دیالۆگ و گەشەپێدان رایگەیاند تاكو هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان بەردەوام بێت، مقاوەمەی ئیسلامی عێراقیش بەردەوام ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل بە ئامانج دەگرێت.
حەیدەر بەرزنجی نزیك لە مقاوەمەی عێراق تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند ئیسرائیل عێراقی خستووەتە نێو بازنەی جەنگەكەوە، ئێمە دەبێت بپرسین كەی ئیسرائیل دەست لەتاوانەكانی هەڵدەگرێت بەرامبەر بە فەڵەستین و لوبنان، نابێت بپرسین بۆچی مقاوەمە بەشداری دەكات لە رزگاركردنی هاوڵاتیانمان لە فەڵەستین و لوبنان، ئەم پرسیارانە وا دەریدەخەن كە مقاوەمە دەیەوێت عێراق لەم جەنگە بگلێنێت، بەڵكو دەبێت ئیسرائیل دەست لە ئامانجگرتنی خەڵكی فەڵەستین و لوبنان هەڵبگرێت.
پێشبینیشیكرد بەمزوانە چەند چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە بێنە ئاراوە.
وتيشى: ئەگەر ئیسرائیل هەوڵیدا یان هێرشی كردە سەر چەند ئامانجێك لە عێراق بێگومان رووبەڕوی وەڵامدانەوە و بەرپەچدانەوەێكی توند دەبێتەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن بەرەی مقاوەمەی عێراق و ئێمە نامانەوێت هیچ جەنگێك بەر عێراق بكەوێت بەڵام ئەوەی لەناوچەكە روودەدات بەشێكی بنەڕەتیە لەعێراق و دەبێت ئیسرائیل دەست هەڵبگرێت لە بەئامانجگرتنی عێراق و هاوڵاتیانی عێراق.
