كەركووكیەكان بەلێشاو دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان بۆ سەرژمێری

سەرژمێریی گشتی
10 مانگ لەمەوپێش
هاونیشتیمانیان ئەمجارەش لەسەرژمێریدا پەرۆشی خۆیان بۆ نەتەوەى كورد دەربڕی
بەرپرسەكان هەڵوێستی كەركووكیان لەبەرچاو دەگرن؟ یان سەرژمێری بۆ مەرامی سیاسی و حزبی خۆیان بەكار دەهێنن؟!
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
ڕۆژی 20ی مانگی 11ی 2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە سەرتاسەری عێراق ئەنجام دەدرێت، تیمەکانی سەرژمێری سەرقاڵی پرۆسەکەن و ئێستا لە قۆناغی دووەمدان، کە لە 17ی مانگەوە پرۆسەی گەڕان بە گەڕەکەکاندا دەستی پێکردووە و ولە قۆناغی کۆتاییدا، ڕۆژەکانی 20 و 21 ی مانگ قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنرێت، بەمەبەستی مانەوەی هاوڵاتیان لە ماڵەکانیاندا و بەڕێوەچوونی ئەنجامدانی پرۆسەکە بەشێوەیەکی دروست.
بەشێکی زۆر لە خاوەن سەرنج و چاودێرانی سیاسی ترسیان لەم سەرژمێریە هەیە و پێیان وایە لێدانە لە پێگەی هەرێم و دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردە، چونكە عەرەبێكی زۆر هاوردەی ناوچەكانی ماددەی 140 كراون و كوردێكی زۆرى ناوچەكانی ماددەی 140 دانیشتووی هەرێمی كوردستانن.
بەرپرسە كوردەكان داوا لە کەرکوکییەکان دەکەن لەهەر شوێنێکن ئەم چەند کاتژمێرەی کە ماوە بگەنەوە شاری کەرکوک و بەشداربن لە سەرژمێری گشتیی دانیشتوواندا و داهاتووی خۆیان و نەوەکانیان زامن بکەن.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتارێکی لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەشکرد و داوای لە هاوڵاتییان کرد هاوکاریی تیمەکانی سەرژمێریی بکەن و پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن و زانیاریی دروست بدەن و گوێ لە دەنگۆ ناڕاستەکان نەگرن.
سودانی رایگەیاند، سەرژمێری تەنها داتا و کەڵەکەکردنی ژمارە نییە، بەڵکو هێڵی دابەشکەری نێوان پێشبینی و راستییەکانە و ئامرازێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دیاریکردنی بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکان.
وتیشی، "باشترین ڕێگەی سەردەمیانەمان گرتووەتە بەر بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری بەشێوەیەکی ورد و زانستی و ئەلیکترۆنی بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی خزمەت بە ئێستا و داهاتووی عێراقییەکان بکات."
لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هەر هاوڵاتییەک بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە کەرکوک و شوێنی مانەوەی نەبێت هاوکاریی دەکەن.
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەبێت هاوڵاتییان ئەوە بزانن کە ئەم سەرژمێرییە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و داتاکانی لە داهاتوودا بەکاردەهێنرێت، پێویستە ئەوانەی دانیشتووی هەرێمی کوردستانن هاوکاریی بژمێرەکان بن، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی کورد دەشكێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "شەڕی ئێمە لەسەر کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانە، داوا لە هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە دەکەین ستەم لە خۆیان و لە مێژوویان و لەو میراتەی باو و باپیرانیان بۆیان جێهێشتوون نەکەن، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و دەبێت هەر کەرکوکییەک لە هەر شوێنێک بێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی و ئێمە وەک حکومەت هەموو جۆرە هاوکارییەکی دەکەین".
بەپێی دوایین زانیارییەکان كەركووكیەكان بەلێشاو دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان بۆ خۆناونووسكردنیان لە كركووك و ئەمەش بەوتەی بەرپرسان لە بەرژەوەندی كورد دەشكێتەوە، بەڵام ئاخۆ بەرپرسانی كورد ئەو هەڵوێستەی هاونیشتیمانیانی كەركووك لەبەرچاو دەگرن، یان هەر وەك جارانی پێشوو، تەنها سەرژمێری بۆ مەرامی سیاسی و حزبی خۆیان بەكار دەهێنن؟!
