بۆچی لەم کاتەدا، ئەردۆگان پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەپچڕێنێت؟

نیاز ئیبراهیم

دوێنێ



بۆچی لەم کاتەدا، ئەردۆگان پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەپچڕێنێت؟

نیاز ئیبراهیم

دوای بردنەوەی ترامپ، ئەردۆگان لە ٨ ی ئەم مانگە لێدوانێکیدا و تێیدا باسی لەوەکرد  کە قسە لەگەڵ ترامپ دەکات و هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و چیتر هاوکاری بارۆس نەکات.

ئەم لێدوانەی ئەردۆگان هیچ دەنگدانەوەیەکی لە نێو تیمی ئیدارەی ترامپ دورستنەکرد، بەڵکو هەندێ ئاماژە لێرەو لەوێ بەر گوێی رایەدارنی تورک کەوت کە شتێکی ئاوا لە پلانی ترامپدا نییە.

ئەم ئاماژانە میدیاکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیای توڕەکرد و دەیەها مێزگردییان بۆ ئەم مژارە رێکخست و رێکدەخەن و ترسی خۆیان لە بەردەوامی ئەمەریکا بۆ هاوکاری کوردان ناشارنەوە.

دوای ئەم لێدوانە لە دەوڵەتی تورکیا، لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی بەدواداهات، سەبارەت بە دورستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ کوردان. ئەمەش ئەوەندەی دیکە ئەردۆگانی تووڕەکرد.

ئەردۆگان دوابەدوای ئەو لێدوانانە، جاڕیدا کە بازرگانیکردن و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەپچڕێنێت.

هیشتا روون نییە بە فەرمی ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسیەی بڕیوە یا سیناریۆیەکی دیکەیە بۆ خاپاندنی رای گشتی؟

بە فەرمی حکومەتی تورکیا هیچ بەیاننامەیەکی رەسمی دەرنەکردووە، جگە لە لێدوانی ئەردۆگان  سەبارەت بەم مژارە.

ئەگەر تورکیا ئەو کردەیەی بە جددی بێت و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل بپچرێنێت، ئەوا دەتوانیین بەم شێوەیەی خوارەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین:

ئەردۆگان گوایە بۆ پشتیوانی غەزە و دژایەتی ئیسرائیل ئەو پەیوەندییەی پچراندووە، بەڵام راست ناکات، بە بەڵگەی ئەوەی ساڵێک زیاترە ئیسرائیل دژی غەزە شەڕ دەکات، هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە، جگە لە نارەزایەتی دەربڕین هیچی نەکردووە و تەنانەت بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لەو پەڕی گەشەکردندا بووە.

کەواتە ئەی بۆچی لەم کاتەدا ئەوە دەکات؟

وەک پێشتر باسمانکرد هیچی دەستنەکەوت لە هاتنەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی، یا دەتوانین بڵێین هێشتا لێی روون نییە ترامپ بۆ کشانەوەی لە سوریا و پشتیوانی بارۆس چیدەکات. جا بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بخاتە بازاڕەوە، بەتایبەتی ترامپ بە ئاشکرا پشتیوانی چەند هێندە دەکاتەوە بۆ ئیسرائیل، ترامپ هەوڵ دەدات ئیسرائیل لە ناوچەکە کەمترین کێشەی هەبێت بەتایبەتی لەگەڵ ئەندامێکی ناتۆی وەک تورکیا، جا کاتێ داوای لێدەکرێت پەیوەندی ئاسایی بکاتەوە، ئەو کاتە ئەردۆگان مەرج بەسەر ئەمەریکادا دەسەپێنێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری بارۆس ببێت.

یەک دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئەردۆگان لەگەڵ ئەمیر تەمیمی قەتەر دانیشتنی سازدا، پرسێک کە تاوتوێکرا، فشاری ترامپە بۆ دەرکردنی حەماس لە قەتەر، بۆ ئەوەی جێگایان بکرێتەوە لە شوێنێک، لەکاتێکدا گوایە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاندووە، تورکیا باشترین شوێنە بۆ مانەوەی سەرکردەکانی حەماس. تا دیسان دەرکردنی سەرکردەکانی حەماس لە تورکیا لە ئایندەدا بخاتە بازاڕەوە، بۆ ئەوەی ترامپ رازی بکات دژی بارۆس هەنگاوبنێت. پێشتر ئەردۆگان بازاڕی بە ئیخوانەکانی میسر گەرم کرد، دواتر بەگروپە تیرۆریستەکانی سوریا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندی لەگەڵ سوریا. ئەردۆگان هیچ دوودڵ نابێت بۆ بەبازاڕکردنی حەماس، ئیخوان و گروپە تیرۆریستەکانی دیکە لە پێناو مانەوەی خۆی و لێدان لە تەڤگەری ئازادی کورد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار