شەڕی براکوژی و پاوانخوازیی و فرەلەشکریی بەرهەمی خه‌باتی چه‌کداریین!
شێرکۆ کرمانج
دوێنێ
شەڕی براکوژی و پاوانخوازیی و فرەلەشکریی بەرهەمی خه‌باتی چه‌کداریین!
شێرکۆ کرمانج
لەم زنجیرە بابەتە کە تەوەرە سەرەکییەکانی خەباتی چەکدارییە تا ئێستا باسمان لە ژمارەیەک دەرکەوت و بەرئەنجامی نەرێنیی کردووە. لە بەشی یەکەمدا پێداگریمان لەسەر ئەوە کرد کە خەباتی چەکداریی وا دەکات بزووتنەوە کوردستانییەکان پشت بە داگیرکەرانی کوردستان ببەستن و جڵەو و ئاراستەی بزووتنەوەکەش لە دەست بدەن. لە بەشی دووەمدا باسمان لە خەباتی چەکداریی کرد وەک شێوازێکی باونەماو لە خەباتدا، لەوێدا جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی شکستی بەردەوام بۆ حیزب و لایەنە کوردستانییەکان. لەم بەشەدا تاوتوێ پەیوەندی نێوان خەباتی چەکداریی لەگەڵ چەند دەرکەوتەیەکی دیکەی نەرێنیی دەکەین و ئەوە دەخەینەڕوو کە چۆن خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی و پاوانخوازیی و فرەلەشکریی نەک تەنیا لەنێوان حیزب و لایەنەکانی پارچەیەکی کوردستان، بەڵكوو لە نێوان حیزب و لایەنەکانی پارچە جیاجیاکانی کوردستانیشدا. لە کۆتاییشدا، گفتوگۆی کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر هه‌ڵاوێردی دەستەبژێری سیاسی و ڕووناکبیریی لەگەڵ جه‌ماوه‌ری کوردستان دەکەین.
شه‌ڕی براکوژی
وەک پێشووتر ئاماژەی پێ کرا، خه‌باتی چه‌کداریی به‌گشتی و چالاکییه‌کانی پێشمه‌رگه له شاخ و شاره‌کان کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و به‌رچاوییان هه‌بووه له وروژاندن و خرۆشاندنی هه‌ست و نه‌ستی شۆڕشگێڕانەی جه‌ماوه‌ر. به‌ڵام به چاوخشانێکی خێرا به مێژووی بزووتنه‌وه کوردستانییه‌کاندا دیارده‌یه‌کی کوشنده دێته‌به‌رچاو که کاریگه‌رییه‌کی زۆر نەرێنیی له‌سه‌ر ڕه‌وتی بزووتنه‌وه‌کان داناوه و زۆرجاریش بۆته مایه‌ی داڕمانی متمانه به هێزی پێشمه‌رگه، ئه‌ویش شه‌ڕی ناوخۆیه.
دوا بەدوای شکستی ١٩ ڕاپەڕینی چەکداریی لە باکووری کوردستان و ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحموود و بارزان لە باشوور، هەروەها ڕووخانی کۆماری مەهاباد، شۆڕشی ئه‌یلول لە باشوور ده‌کرێت به سه‌رتایه‌کی نوێ دابنرێت لە بزووتنەوە کوردستانییەکان، لانیکەم لە ڕووی ڕێکخرابوونیانەوە، کە پارتێکی سیاسیی ڕابەرایەتی دەکردن نەک وەک ئەوانەی پێش ئەمان کە بەگشتی شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکان سەرکردایەتیان دەکردن. بەگشتی، بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی لەو خاڵەدا لەوانی پێش خۆیان جیا دەکرانەوە. سەرەڕای ئەوە، هێزی پێشمه‌رگه له شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١-١٩٧٥) و جوڵانەوەکانی دوای ئەویش بە سەرکردایەتی حیزبە کوردستانییەکان، وەک: شۆڕشی نوێ/گوڵان (١٩٧٦-١٩٨٨) و شۆڕشی ڕۆژهەڵات (١٩٧٩-تائێستا)؛ ڕاپەڕینی تەباخ (١٩٨٤-تائێستا) چه‌نده چه‌که‌کانیان به دژی داگیرکه‌ر و نه‌یارانی کوردستان به‌کارهێناوه ئه‌وه‌نده‌ش له دژی یه‌کدی له شه‌ڕی "براکوژی"دا به‌کاریان هێناوه. هه‌ر لایه‌نێک له‌لایه‌نه‌کانی شه‌ڕی براکوژی لایه‌نه نه‌یاره‌که‌ی تاوانبار کردووە و ده‌کات.
لەوانەیە کەسانێک هەبن که هۆکاری شەڕی ناوخۆ بگێڕنەوە بۆ جیاوازیی ئایدیۆلۆجی و عەقڵییەتی پارتی پێشەنگ (الحزب الطلیعي)، ململانێ لەسەر دەسەڵات و سامان، دەستوەردانی هێزە داگیرکەر و دەرەکییەکان، تێنەپەڕاندنی عەقڵییەت و هەستی عه‌شیره‌تگه‌ریی و ناوچه‌گه‌ریی لەلایەن هێز و لایەنە کوردستانییەکانەوە، تێنەگەیشن لە هاوچارەنووسیی و هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی، لاوازیی هەست و هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کە باڵی بکێشێت بەسەر هەست و بیری تەسکی حیزبی‌دا و... هتد. ئه‌مانه و چه‌ندین هۆی دیکه هه‌موویان کەم تا زۆر کاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر هه‌ڵگیرسان یان به‌رده‌وامی شه‌ڕی ناوخۆیی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمە مه‌به‌ستمانه په‌نجه‌ی له‌سه‌ر دانێین ئه‌وه‌یه که خه‌باتی چه‌کداریی یان بوونی هێزی چەکدار، واتە ئامادەیی چەک و چەکدار، میکانیزم و زه‌مینه‌ی شه‌ڕی براکوژی دێنێته‌گۆڕێ. لانیکه‌م، ده‌توانین به‌دڵنیاییه‌وه بڵێین که بوونی هێزی چه‌کدار فۆرمه‌کانی لێکحاڵینه‌بوون و یه‌کدی قه‌بوڵنه‌کردن و پێشبڕکێ له فۆرمی دژایه‌تیکردنێکی سادەوە دەگۆڕن بۆ فۆرمێکی خوێناوی. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که پێکدادانی چه‌کدارانه کاره‌ساتی دڵته‌زێنی به‌دواوه‌یه و چاره‌سه‌رکردنی ململانێکان و کێشه‌کان دوای خوێنڕشتنیش ئاڵۆزتر و برینه‌کانیش قووڵتر ده‌کەنەوە.
له فه‌زایه‌کی بێ چه‌کدا، واتە بێ بوونی هێزی چەکدار دوورکەوتنەوە لە خەباتی چەکداریی وەک ڕێبازێک، ئاسۆی هۆشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر فراوانتر دەکات و لایه‌نه ئاژاوه‌گێڕه‌کانیش ده‌رفه‌تی پێکدادانی شه‌ڕئامێزیان نابێت. ئه‌و لایه‌نانه‌ی که گومانی نوکه‌رایه‌تیشیان لێ ده‌کرێت له نه‌بوونی چه‌کدا ده‌کرێت ئاسانتر ئاشکرا و ڕیسوا بکرێن. به‌ڵام که به چه‌ک هه‌وڵی له‌ناوبرنیان ده‌درێت له‌لایه‌ن نه‌یار و داگیرکەرانەوە، زیاتر و باشتر پشتیوانی سه‌ربازیی و لۆجستیان لێده‌کرێت، بەمەش زه‌لکاوی شه‌ڕه‌که قووڵتر ده‌بێت.
چه‌ک نه‌بێت خه‌ونێکی گه‌وره‌ی داگیرکەران و نه‌یارانی کورد زینده‌به‌چاڵ ده‌کرێت، چونکه توانای به‌گژیه‌کدادانی لایه‌نه کوردستانییه‌کانیان له‌ده‌ست دەرده‌چێت. چه‌کداربوونی لایه‌ن و حزبه سیاسییه‌کان ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆیی بەردەوام زیندوو ڕاده‌گرێت. دێوەزمەی شەڕی ناوخۆ ئێستاکه‌ش له باشووری کوردستان هەر هەیە له‌نێوان یه‌کێتی و پارتی. به‌کورتی حیزبی چه‌کدار نەک هەر له قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانیدا، بەڵكوو لە قۆناغی ده‌سه‌ڵاتداریش ئه‌گه‌ری ده‌ستبردنی بۆ چه‌ک لێده‌کرێت. بۆ؟ وەڵامەکە ئاسانە چونکە حزبی چەکدار دوای هاتنە سەر حوکم ئامادە نییە هێزە چەکدارەکانی، کە وەک پارێزەری خۆی دەبینێت، لە چەک دابماڵێت، یان بیانخزێنێتە نێو سوپایەکی بان-حیزبی و نیشتیمانییەوە، ڕێک وەک ئەوەی ئێستا لە باشوور دەبینرێت.
ململانێی سیاسی له هه‌موو شوێنێک و زه‌مه‌نێک بوونی هه‌یه و ده‌بێت. لە ڕاستیدا سیاسەت وەک زانست و وەک پراکتیز وەڵامگۆی ململانێکانە و مەبەست لێی ڕێکخستن و کەمکردنەوە و ئیدارەدان یان چارەسەرکردنیانە. سیاسەت تەنیا لەو شوێنە بوونی نییە کە یەک کەس بوونی هەیە، یەک کەسەکە بوو بە دوو، سیاسەت سەرهەڵدەدا. واتە، ئەو ململانێیانەی کە لە نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکانیش هەیە سروشتییە و زادەی ئەو ڕاستییەیە کە ململانێ لە بوونی دوو کەس، دوو لایەن، دوو گرووپ، دوو حزب و..هتد، سەرهەڵدەدات. به‌ڵام چه‌ک و چەکداری کە زادەی ڕێبازی خەباتی چەکداریین، ململانێکان به ئاقارێکی نه‌خوازراودا ده‌بات. بۆ نموونە، شه‌ڕی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی بە سەرکردایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی لەلایەک و گرووپەکەی دیکە لەناو پارتی بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی له شه‌سته‌کانی سەدەی ڕابردوو، یه‌کێتیی و پارتی له حه‌فتاکان و هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو، یه‌کێتیی و بزووتنه‌وەی ئیسلامیی له نه‌وه‌ده‌کانی سەدەی ڕابردوو تا سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم، کۆمه‌ڵه‌ی زەحمەتکێشان و حیزبی دیموکرات له هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو، حیزبی دیموکرات و ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ له نه‌وه‌ده‌کانی سەدەی ڕابردوو، په‌که‌که و هه‌رێم، په‌که‌که و پارتی، په‌که‌که و یه‌کێتیی، نموونه‌ی تاڵ، بەڵام زەقی، ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییانه‌ن که له نێوان لایه‌نه کوردستانییه‌کان ڕوویانداوه. خه‌باتی چه‌کداریی نه‌با، به‌دڵنیاییه‌وه ململانێکان نه‌ده‌گه‌یشتنه ڕاده‌ی پێکدانانی چەکداریی و خوێنڕشتن و قڕکردنی یه‌کدی.
به‌ڵگه‌یه‌کی زه‌ق بۆ په‌یوه‌ندی خه‌باتی چه‌کداریی له‌گه‌ڵ شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌وه‌یه که مه‌ڵبه‌ند و گۆڕه‌پانی پێکدادانه‌کان شاخه‌کانی کوردستان بوون ده‌نا خۆ ئه‌م لایه‌ن و حزبانه له‌ناو شاره‌کانیش ئه‌ندام و لایه‌نگریان هه‌بوو، که‌چی کێشه‌کان له شاره‌کان هه‌رگیز به چه‌ک یه‌کلایینه‌کراونه‌ته‌وه. بێجگە لەمە، ململانێکانی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان (مەلا مستەفا لە دژی ئیبراهیم ئەحمەد)، یان ئەوانەی نێوان حزبی دیموکرات (عەبدولرەحمان قاسملۆ لە دژی ئەوانی دیکە) پێش دەستپێکردنی خەباتی چەکداریش لە باشوور یان ڕۆژهەڵات بوونیان هەبوو، بەڵام تەنیا کاتێک ململانێکان بە چەک یەکلاییکرانەوە، ئەوکاتەی کە خەباتی چەکداریی دەستی پێ کرد.
شایەدی کەسێک، کە کورد گوتەنی سەری خۆی لەنێو ئەو باسوخواسانەدا سپی کردووە، لەوانەیە پشتڕاستکردنەوەیەکی باش بێت بۆ ئەو ئارگیومێنتەی کە لێرە من پێداگری لەسەر دەکەم و دەڵێم خەباتی چەکداریی هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی شەڕی براکوژییە. نه‌وشیروان مسته‌فا، کە لە شەستەکانەوە پەنجەی لەگەڵ بزووتنەوە کوردستانییەکان نەرم کرد تا مردنی لە ٢٠١٧دا، له کتێبی "په‌نجه‌کان یه‌کتری ده‌شکێنن" لە (ل 136) ده‌ڵێت: "ڕاسته ناکۆکییه‌کان هه‌میشه له سه‌رچاوه‌ی سیاسییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حزبه‌کان له‌شکری تایبه‌ت به خۆیانیان نه‌بوایه نه‌یان ده‌توانی په‌نابه‌رنه به‌ر شه‌ڕی چه‌کداریی بۆ به‌لاداخستنی ناکۆکییه‌کان." ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە من جەختی لەسەر دەکەمەوە، لە غیابی چەکدا دەکرێت پەنا بۆ ئامراز و شێوازی دیکە ببرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی پرس و کێشە و ململانێکان، وەک گفتوگۆ، دانوستان، پێکهاتن و... هتد. بەڵام کاتێك حزبەکان خەباتی چەکداریی پەیڕەو دەکەن و ململانێ لەنێوانیاندا سەرهەڵدەدات، ئیدی چەک دەبێتە ئەو ئامرازەی کە دەستی بۆ درێژ دەکرێت لەبری میکانیزمە مەدەنییەکان.
نموونەیەکی دیکە بۆ سەلماندنی پەیوەندی نێوان شەڕی براکوژی و خەباتی چەکداریی دۆخی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە وەک حزبێک. یەکگرتوو وەک حزبێکی سیاسی کوردستانیی لە ١٩٩٤ دامەزراوە، لەو کاتەوە تا ئێستا لەو لایەنە دەگمەنانەیە کە لە شەڕی ناوخۆوە نەگلاوە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە کە دەستەی چەکداری نییە و خەباتی چەکداریی نەکردووە بە ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لانیکەم تا ئەمڕۆ. یەکگرتوو هێزی چەکداری هەبووایە، ئەگەری زۆربوو وەک لایەنەکانی دیکە لە شەڕی براکوژی بەشدار بووایە، جا حەزی کردبا یان نا.
لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە به بوونی چه‌ک توندوتیژییه‌کان ده‌گه‌نه ئاستی قڕکردنی یه‌کدی. بێجگه له‌مه بوونی چه‌ک کارئاسانی بۆ داگیرکه‌ران ده‌کات که هه‌وڵی ته‌شه‌نه‌کردنی ململانێکان بده‌ن و به‌ره‌و ئاقاری پێکدادان و خوێناوی ببەن.
لایه‌نه کوردییه‌کان به گشتی چه‌ک و تفه‌نگ له شان کردنیان وه‌ک سیمبوڵی خەباتی ڕزگارییخوازیی نیشتیمانیی ناساندوه، هیچ کامیشیان بوێری ئه‌وەیان نه‌کردووە که ئه‌و تێڕوانینه کۆن و ناوه‌ڕۆک چەپییانە یان خێڵه‌کییانە بگۆڕن. ئه‌مه وای کردووه که دەستپێکردن یان ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی خه‌بات هه‌میشه به ده‌رچوونی یه‌که‌م گوللە له تفه‌نگەوە بناسێنن. بۆ نموونە، یەکێتیی ١ی حوزەیران ١٩٧٥ دامەزراوە بەڵام دەستپێکی شۆڕشی نوێ لای یەکێتیی ئەو ڕۆژە نییە؛ بەڵکوو ئەو ڕۆژەیە کە خەباتی چەکداریی دەستپێدەکات، واتە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٦. ئەمە بۆ پە}کە{کە-ش هەر ڕاستە، پە*کە*کە لە ١٩٧٨ دادەمەزرێت بەڵام لە دیدی حیزبەکەوە، شۆڕشی تەباخ لە دامەزراندنی حزبەکەوە دەستپێناکات بەڵکوو لە دەستپێکردنی خەباتی چەکدارییەوە لە ١٥ ی تەباخی ١٩٨٤وە دەستپێدەکات. کاره‌سات له‌وه‌دایه ئه‌م ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه وای کردووه که هه‌ره‌سهێنانی بزووتنه‌وه چه‌کدارییه‌کان و کپبوونی تفه‌نگه‌کان به سه‌رنه‌که‌وتن و شکستی بزووتنه‌وه‌کە وه‌ک کۆیه‌ک ببینرێت. بۆنموونه، نسکۆی 1975 وه‌ک هه‌ره‌سهێنانێکی سه‌ربازیی نه‌ناسراوه به‌ڵکوو وه‌ک داڕمانی ته‌واوی شۆڕشی ئەیلول ناسێنراوە، سەرەڕای ئەوەی کە پارتی وەک حزبێکی سیاسیی لە نسکۆدا کۆتایی پێ نەهات.
پاوانخوازیی و خه‌باتی چه‌کداریی
وەک ئاکامێکی دیکەی نەرێنی خەباتی چەکداریی، ئه‌زموونی کوردستان کاره‌ساتێکی دیکه له خۆی نیشان ده‌دات؛ ئه‌ویش پاوانخوازیی و داگیرکردنی گۆڕه‌پانی خه‌باته، که تا ئێستا کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێکه‌وتووەته‌وه. لایه‌نه کوردستانییه‌کان له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاتر خۆیان له ڕێگای ده‌سته چه‌کداره‌کانه‌وه ناساندووه و به‌گشتی له‌و شوێنانه توانیویانه خه‌بات بکه‌ن و ڕیشه‌داکوتن که چه‌کداره‌کانیان بوونیان هه‌بووه. بۆ نموونه یه‌کێتی به گشتی له سۆران و پارتی له بادینان و حزبی دیموکرات له موکریان و کۆمه‌ڵه له دەوروبەری سنە. ئەمە بۆ په+که+که له باکور لەوانەیە زۆر ڕاست نەبێت، بەڵام هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەو حزبە گۆڕەپانی خەباتی لە باکور قۆرخکردووە، بە باش بێت یان خراپ.
حزبە کوردستانییەکان، بۆ کاراکردنی چالاکییه‌کانیان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی که هێزه‌کانیانی بەسەردا زاڵە، هه‌وڵی ناردنی چه‌کداره‌کانیان داوه بۆ شوێنه‌کانی دیکه، واتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان. ئه‌و کاره‌ساته‌ی که له 1978 له ناوچه‌ی هه‌کاری ڕوویدا به‌شێکی له ئاکامی پاوانخوازیی له‌لایه‌ن پارتییەوە و ناردنی هێز بوو له‌لایه‌ن یه‌کێتییەوە؛ بۆ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌که‌ی. یه‌کێتی له بڵاوکراوه‌کانیدا باس له‌وه ده‌کات که زامنکردنی ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی چه‌ک له سووریاوه هۆی سه‌ره‌کی ده‌رچوونی ئه‌و هێزه بووە. هه‌رچۆنێک بێت، هۆکاری پشت جووڵەی هێزەکانی یەکێتیی هەرچییەک بووبێت، شکاندنی پاوانخوازیی پارتی بێت یان گواستنه‌وه‌ی چه‌ک، هه‌ردووکیان په‌یوه‌ندییان به خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه هه‌یه. به واته‌یه‌کی دیکه، خه‌باتی چه‌کداریی هۆکاری سه‌ره‌کی کاره‌ساتی هه‌کاری بووە. ئەگەر یەکێتیی خەباتی چەکداریی نەکردبا، پێویستیی بەوە نەدەبوو کە بچێت ڕێڕەوی کۆمەک و یارمەتی و چەک و تفاق لە سووریاوە بۆ کوردستان مسۆگەر بکات؛ بەهەمانشێوە، پارتی ئەگەر هێزی چەکداری نەبوایە ئەوە عەقڵییەتی پاوانخوازیی لەلای گەڵاڵە نەدەبوو. بەهەر حاڵ، کارەساتی هەکاری کە بەرهەمی خەباتی چەکدارییە دوای زیاتر لە ٤٥ ساڵ برینه‌کانی به ته‌واوی سارێژ نه‌کراون.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، حزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه بۆ ماوه‌ی چه‌ندان ساڵ له‌سه‌ر پاوانخوازی شه‌ڕیان کرد. بوونی چه‌کدارانی په*که*که له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم تا ئێستا چه‌ندین شه‌ڕی لێ که‌وتۆته‌وه، ئێستاش ئه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ر ماوه. هەردوو نموونە و هەردوو پاوانخوازییەکەش، دەرکەوتەی خەباتی چەکداریین. پە=کە=کە بۆیە پێویستی بە بنەوبارەگایە لە باشوور، چونکە خەباتی چەکداریی دەکات. کەسێک، کادیرێک، چالاکوانێکی هەدەپە/دەم پارتی لە قەندیل و گارە و مەتین نا‌بینیت، ئەوەی لەوێیە گەریلا چەکدارەکانی پە_کە-کەن.
بۆ چاره‌سه‌رکرنی ئه‌م دیارده‌یه که چه‌ندین نه‌هامه‌تی لێکه‌وتۆته‌وه، ده‌بێت لایه‌نه کوردستانییه‌کان گه‌شه به توانای ڕێکخستن و سازان و وه‌گه‌ڕخستنی جه‌ماوه‌ر بده‌ن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سته چه‌کداره‌کان. کادر و ڕێکخه‌رانی جه‌ماوه‌ر پێویست ناکات چه‌کدار بن.
هه‌ڵاوێردی دەستەبژێر و جه‌ماوه‌ر
ئاکامێکی نەرێنیی دیکەی خەباتی چەکداریی لێکجیابوونەوەی دەستەبژێری (نوخبەی) سیاسیی و خەڵکی کوردستانە. دامه‌زراندن و ناردنه شاخی ده‌سته چه‌کداره‌کان هه‌میشه یه‌که‌م کاری حزب و ڕێکخراوه کوردستانییه‌کان بووه. ده‌سته چه‌کداره‌کانیش به‌گشتی له دەستەبژێری (نوخبەی) سیاسیی و ڕووناکبیریی هه‌ره لێهاتوی حزبه‌کان و ڕێکخراوه‌کان بوون. هه‌رزووش ڕه‌وانه‌ی شاخ و داخ و ئه‌شکه‌وته‌کان کراون. به‌م کاره بزووتنه‌وه کوردستانییه‌کان دوو هه‌ڵه‌ی جه‌رگبڕیان کردووە، یان بڵێین دوو ئاکامی خراپ لەم بڕیارەیان که‌وتۆتە‌وه. یه‌که‌میان، جیاکردنه‌وه و دوورخستنه‌وه‌ی نوخبه‌ی ڕووناکبیر و ڕابه‌رانی بزووتنه‌وه‌که بووە له جه‌ماوه‌ری شار و شارۆچکه‌کان، واتە لەو شوێنەی کە پێگەی سەرەکی چینی ناوەند و خوێندەوار و پیشەگەرەکانە. دووه‌میان، له ده‌ستدانی ڕۆڵه هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی ناو ئه‌و دەستەبژێرە بووە له شه‌ڕه نابه‌رابه‌ره‌کاندا. شه‌هیدبوونی هەزاران سه‌رکرده که له ته‌مه‌نێکی کورتی خه‌بات گیانیان له ده‌ستداوە ده‌کرێت به نموونه بیانهێنینه‌وه، وەک شەهید فوئادی مستەفا سوڵتانی (تەمەن ٣٠ ساڵ) لە ڕۆژهەڵات، شەهید ئارام (شاسوار جەلال، تەمەن ٣١ ساڵ) لە باشوور، شەهید مەعسووم کۆرکماز (تەمەن ٣٠ ساڵ) لە باکوور. له ده‌ستدانی ئه‌و هه‌موو شه‌هیده ڕووناکبیره زه‌ره‌رێکی ئێجگار گه‌وره‌یه که له بزووتنه‌وه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی کوردستان که‌وتووە، بەتایبەتی لە ڕووی گەشەی فکریی و ستراتیجی بزووتنەوەکانەوە. بێگومان په‌نابردن بۆ چه‌ک هۆی هه‌رە سه‌رکیی شه‌هیدبوونیان بووە.
ئه‌و دەستەبژێرە که ڕه‌وانه‌ی شاخ و دۆڵه‌کان ده‌کران ئه‌گه‌ر شه‌هیدیش نه‌بان ئه‌وه به حوکمی دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له جه‌ماوه‌ر کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌سەر ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان له‌ناو شار و شارۆچکه‌کاندا نەدەما. ئه‌وان له‌به‌رئه‌وه‌ی به ڕۆژ له شاخه‌کان (لەم سەردەمەشدا لەنێو تونێلەکان) زۆربه‌ی کاتیان به‌سه‌رده‌برد و دەبەن و به شه‌و به ماندویی و شه‌که‌تی له‌ناو دێهاته‌کان له‌گه‌ڵ بوونی ترسێکی زۆر له دوژمن؛ نه‌یانده‌توانی وه‌ک پێویست جه‌ماوه‌ر ڕێکبخه‌ن و وەگەڕبخەن. دیاره ئه‌وه به‌و مانا‌یه نییه که له دێهاته‌کان کار نه‌کراوه یان له شاره‌کان ڕێکخستنه‌کان بوونیان نه‌بووه، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئه‌و دەستەبژێرە که ده‌بوایه له ناو خه‌ڵکبان، له‌به‌ر په‌نابردن بۆ چه‌ک سنووری کاره‌کانیان له ناوچه‌یەکی دیاریکراودا قه‌تیس ده‌بوو، کاتێکیش شه‌هید ده‌بوون کاریگەرییان کۆتایی پێ دەهات. له مێژووی کورددا چه‌ندین ڕێکخراو له شار له دایکبوون و له شاخ وه‌ک ئاردی ناو دڕکیان لێهاتووه، بۆ نموونە حیزبی هیوا. هۆی ئه‌مه‌ش دیسان هه‌ڵپه‌کردنه بۆ خه‌باتی چه‌کداریی.
لە بەشی داهاتوو گفتوگۆی چەند دەرکەوتەیەکی نەرێنیی دیکەی خەباتی چەکداریی دەکەین، لەوانە چۆن خەباتی چەکداریی کوردستانی کردووە بە کێڵگەی شەڕ و چۆن بۆتە مایەی دڵخۆشکردنی داگیرکەرانی کوردستان.