به‌ریتانیا و ساخته‌كردنی ئامار له‌دژی كورد و کەرکوک
د.فوئاد ره‌شید
16 كاتژمێر لەمەوپێش
به‌ریتانیا و ساخته‌كردنی ئامار له‌دژی كورد و کەرکوک
د.فوئاد ره‌شید
له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان، به‌ریتانیا، عێراق و باشووری كوردستانی داگیركرد و ئیتر به پلانی پێش وه‌خته‌وه هه‌موو هه‌ولێكی خستبووه كار بۆ دروستكردن و بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی عیراقی عروبه‌یی، له‌م پێناوه‌شدا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردی ده‌كرد، به زه‌بری هێز و به بۆردومانی شار‌و گوند‌و ته‌نانه‌ت به فڕوفێڵی سیاسییش، چونكه پێیوابوو بێ لكاندنی كوردستان به عیراقه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌كانی بۆ فه‌راهه‌م نابێت و ئامانجه كۆڵۆنیالییهكانی نایه‌ته‌دی.
له‌سه‌روبه‌ندی دامه‌زراندنی عیراقی عروبه‌دا و له كیشمهكێشی كێشه‌ی ویلایه‌تی موسڵدا، به‌ریتانیا به شێواز و رێبازی جیاواز نه‌خشه و پلانی پێكهێنانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته ده‌ستكرده‌ی ڕایی ده‌كرد و ریگای بۆ ته‌خت كرد، له‌م پێناوه‌دا كورد قوربانیی سه‌ره‌كی سیاسه‌تی به‌ریتانیا بووه.
له‌م نووسینه كورته‌دا ئاماژه به‌و خاڵه ده‌كه‌ین كه چۆن به‌ریتانیا له ریگه‌ی ساخته‌كردنی ئامار‌و ئه‌نجامدانی گشت‌پرسیی ساخته‌وه، دژایه‌تی میلله‌تی كوردی كردووه. له‌م چوار چێوه‌یه‌دا (د.سعد بشیر اسكندر)، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه راپۆرته‌كانی( ئارنۆلد ویلسون- حاكمی سیاسی به‌ریتانیا له عێراق)له ماوه‌ی ساڵانی1918-1920ـ زانیارییه جوگرافی و سیاسی و دیمۆگرافیاكانی باشووری كوردستانی ساخته كردووه، بۆ نموونه ویلسون نووسیوێتی دانیشتوانی هه‌ولێر و كه‌ركوك كورد نه‌بوون و به‌ڵكو له بنه‌چه‌دا توركن( لا123-124) كتێبی ((من التخطيط الى التجزئة, سياسةبريطانيا تجاه مستقبل كردستان))
هه‌ڵبه‌ته دڵسۆزان و نیشتمانپه‌روه‌رانی كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا، بێده‌نگ و بێ هه‌لوێست نه‌بوون به‌رامبه‌ر ئه‌و غه‌در و سته‌مه‌ی به‌ریتانییه‌كان له میلله‌تی كوردیان ده‌كرد، به‌ڵكو جگه له خه‌باتی چه‌كدارانه، ریگه‌ی مه‌ده‌نیشیان گرتبووه به‌ر بۆ دابینكردنی مافه ره‌واكانیان، بۆ نموونه ده‌یان سكاڵا و داواكارییان پیشكه‌ش به لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كردووه.
له‌ساڵی 1931 به‌ریتانیا، سێر كیناهان كۆرنوالیس (ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی) ڕاسپارد كه له ورده‌كاریی سكاڵاكانی كورد بكۆڵێته‌وه. ناوبراو له‌م چوارچێوه‌یه‌دا رێژه‌ی دانیشتوانی كورد و كارمه‌نده كورده‌كانی له ناوچه كوردنشینه‌كاندا حیساب كردووه. (( داتای هه‌ره پڕ گومانی كۆرنوالیس له خشته ئامارییهكانیدا پێوه‌ندیی به كه‌ركوكه‌وه هه‌بووه، بۆ ئه‌وه‌ی كورد وه‌ك كه‌مینه‌یه‌ك له كه‌ركوك نیشان بدات، كۆرنوالیس دوو كاری ساخته‌ی كردووه، یه‌كه‌میان، ژماره‌ی جووه‌كانی له 2472كه‌سه‌وه كردووه به 8472كه‌س. دووه‌میان ژماره‌ی كورده‌كانی له 77608 كه‌سه‌وه كه‌مكردووه‌ته‌وه بۆ 67703كه‌س! واته كۆرنوالیس ژماره‌ی جووه‌كانی قه‌به كردووه تا ئه‌و راستییه بشارێته‌وه كه كورده‌كان له كه‌ركوك زۆرینه پێكده‌هێنن، ئه‌مه‌شی بۆ ئه‌وه بووه كه مه‌ودای نوێنه‌رایه‌تی فه‌رمانبه‌ری كورد كه‌مبكاته‌وه)) بروانه: كتێبی (بریتانیا و به‌كارهێنانی ئامار له كێشه‌ی كوردی عیراقدا 1919----1932-فوئاد دۆندار ، وه‌رگێڕانی له ئینگلیزییه‌وه، ئاسۆ كه‌ریم،2019، ئه‌كادیمیای كوردی.
به كورتیی و به كوردی، له مێژووی نوێی عیراقدا، به‌ریتانیا داهێنه‌ری كرده‌ی ساخته‌كردنی ئامار و سه‌رژمێریی بووه له دژی میلله‌تی كورد به گشتی و كوردی كه‌ركوك به تایبه‌تی، ئاوی ئه‌م ته‌زویر و ساختهكردنهی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و شۆفۆنیزمی عروبه رشتووه و ئیستاش له عێراقه نوییه‌كه‌ی ئه‌مریكاشدا، عروبهچییهكان و مهزههبگهراكانیش پێ له‌و ئاوه‌ی به‌ریتانیا ده‌خشێنن.