ئەردۆغان سەرۆکی نۆبڵ له ئابوری؟!
جووتیار ڕەشید
6 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەردۆغان سەرۆکی نۆبڵ له ئابوری؟!
جووتیار ڕەشید
هیچ سەرت نەسوڕمێ ئەگەر پێت بڵێم هاوڵاتیەکی تورکیا خاوەنی مەدالیای نۆبڵە لە ئابوری و وەزیری دارایی تورکیاش یەکێکە لە دە کەسە هەرە شارەزاکانی ئابوری لە جیهان.
بەڵام ئابوری ئەو وڵاتە ساڵ بەساڵ و ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو داتەپین دەچێ؟!
دارون عجم اوغلو بە بنەچە ئەرمەنی تەمەن 57 ساڵ هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریکی، لەدایکبوی ئەستەنبوڵ ساڵی 1967، مامۆستای ئابورییە لە پەیمانگای ماساتشوستس، بەهاوبەشی لەگەڵ هاوڕێیەکی توانیان ببنە خاوەن مەدالیای نۆبڵ لە ئابوری.
محمد شیمشک بە ڕەگەز کورد ،وەزیری دارایی ئێستای تورکیا لەدایک بووی ساڵی1967 ی شاری باتمانی باکوری کوردستانە و هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریکیە، یەکێکە لە دە یەکەمە شارەزاترین خەبیرەکانی جیهان لە ئابوری.
تەنها ئەو دوو کەسایەتیە ئەرمەنی و کوردە ئابوریناسە دەتوانن سیستمێکی ئابوری مۆدێرن بۆ گەورەترین وڵاتی جیهان دابڕێژن و بەڕێوەی بەرن.
ئەی بۆ ئابوری تورکیا لە خراپەوە بۆ خراپتر دەچێ و لە ئێستادا گەیوەتە داڕمانی مەترسیدار؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بە پرسیارێکی تر دەدەینەوە
هۆکاری گەشەی خێرای ئابوری تورکیا لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتداری ئاک پارتی چی بوو؟
لەسەرەتای گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن ئاک پارتییەوە، ئابوری تورکیا ئەو ئەقڵانە و هاوشێوەکانیان پلانیان بۆ دادەڕشت و بەڕێوەیان دەبرد، بە واتایەکی تر تورکیای ئەو دەساڵە دەوڵەتی دامەزراوەی ئابوری بوو.
ئەوسا ئابوری شوێنە سروشتیەکەی خۆی گرتبوو، ئابوری بناغەی سیاسەت و سیاسەت سەرخانی وڵات بوو.
بەڵام لەو ڕۆژەوە ئەردۆگان کودەتای بەسەر ئاکپارتی و حکومەتی تورکیادا کرد و خودی کەسی خۆی بوە سەرخان و ژێرخانی تورکیا و قسەی یەکەم و کۆتایی سیاسی و ئابوری هەر قسەی خۆی بوو، خۆی لێ بوە ئادەم سمیس و بیردۆزێکی نوێی ئابوری بۆ تورکیا داڕشت و بەسەر ئابوری ناسانی تورکیایدا سەپاند ئەو ئەنجامەی ئێستای لێ سەوز بوو.
ئەو ڕۆژەی ئەحمەد داودئۆغڵۆ و کتێبەکانی فڕێدایە دەرەوەی سیاسەت و ستراتیجی تورکیا و خۆی لێ بوە سوڵتانی سەردەمی ئیخوانەکانی جیهانی ئیسلامی و سوپای تورکیای وەک داگیرکەر بە وڵاتانی دەوروبەردا بڵاوکردەوە و ئێستا نە دەزانێ چۆن خەرجییان دابین بکا نە دەشزانێ چۆن بیانکێشێتەوە.
وەک چۆن دارون عجم و محمد شیمشک ناتوانن فریای ئابوری تورکیایەک بکەون ئەردۆگان ئادەم سمیسی بێت، ئاواش نە پێگەی جیۆپۆلەتیک نە هێزی مرۆیی نە ئەندام بوونی ناتۆ ناتوانن تورکیا لەو بەڵا و قەیرانە زۆرانە ڕزگار بکەن ئەردۆگان سوڵتانی بێ.