چەند سەرە قەڵەمێک لە پشت نامەکەی (گیدیان سار)ی، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان.
کارمەند محسین بایز
3 كاتژمێر لەمەوپێش
کارمەند محسین بایز
شارەزا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی
ڕۆژی ١١/١٨ وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد سەبارەت بە ھۆشیاریدان و ڕاگەیاندنی ئەوەی کە عێراق بەشێکە لە تێکچوونی ئاسایشی ئیسڕائیل و بەكارھێنانی خاکی عێراق و دامەزراوە فەرمیەکانی دەوڵەت بۆ لێدان و ھێرش بۆسەر خاکی ئیسرائیل کە ئەمەش پێشێلکاری ڕوونن لە ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان و یاسای نێودەوڵەتی، وە حکومەتی عێڕاق بەرپرسیارە بە ڕێگە گرتن لە بەکارھێنانی خاکەکەی بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە. لە بەرامبەردا، بەپێی ماددەی (٥١)لە نەتەوە یەکگرتوەکان ئیسرائیل بە مافی خۆی دەزانێت کە بەرگری لەخۆی بکات.
لە ڕاستیدا ئاماژە پێدانی ماددەی (٥١)ی نەتەوە یەکگرتوەکان شەرعییەتدانە بە ئیسڕائیل بۆ ھێرشکردنە سەر خاکی عێڕاق چونکە ئەو ماددەیە ھەموو وڵاتان بەکاریدەھێنن ھەرکاتێک بیانەوێت پەلاماری وڵاتێکی تر بدەن. وە ناردنی ئەم نامەیەش زەنگێکە کە عێراق کەوتۆتە ناو سێرەی ئامانجەکانی ئیسڕائیل و عێڕاق دەبێت لە ئامادەسازی تەواو دابێت بۆ ئەم جەنگە وێرانکەرە.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا ئامانجی ئیسڕائیل لە ھێنانی ناوی دەوڵەتی عێڕاق چیە لە کاتێکدا ھەمووان دەزانن کە چەند گروپ و ھێزێکن کە بە ڕەسمی لە بەرەی مقاوەمە دان. وەڵامەکەش زۆر سادە و ئاسانە، لەبەرئەوەی ئیسڕائیل و خۆرئاوا باش ئەو ڕاستیە دەزانن کە لە ئێستادا عێڕاق لەلایەن ئەو گروپ و ھێزانەوە بەڕێوە دەبرێت کە سەر بە حەشدی شەعبین و دەستیان گرتوە بەسەر ھەموو جومگە گرنگ و ھەستیارەکانی عێڕاقدا لە کەرتی سەربازی، ووزە، ئابووری، بازرگانی و ھەواڵگریدا. ئەمەش بە ڕوونی لە دەقی نامەکەی وەزیری دەرەوەدا دەبینرێت کاتێک ئاماژە بە ناوی ئەو گروپ و تاقمە میلیشیایانە دەبات کە سەر بە حەشدی شەعبین و بەشێکن لە منضومەی دفاعی عێڕاقی. وە بەرپرسیاریان دەکات بە ئەنجامدانی ڕووداوەکانی ٣ ئۆکتۆبەر کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و بوە بەھۆی کوژرانی ٢ سەربازی ئیسڕائیلی و برینداربوونی ٢٤ سەربازی تر.
بە گشتی گەر بە ووردی دیراسەیەکی نامەکە بکرێت ئەوە دەبینرێت کە عێڕاق لەبەردەم جەنگێکی خوێناوی و ماڵوێرانکەردایە، ئەو جەنگەی کە لە دوای ڕووداوەکانی ٧ ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکردوە و وردە وردە پڕشکی ئاگرەکە عێڕاقیش دەگرێتەوە.
ئەم دۆخە عێڕاق زۆر بەرەو دواوە دەبات، لە وڵاتێکی دواکەوتووی پڕ گەندەڵی و نەبووی یاسا و دامەزراوەیی دەبات بۆ خراپ و خراپتر.
لە ڕووی ئابوریەوە زیانێکی زۆر بەر ئەم کەرتە دەکەوێت بەھۆی جێھێشتنی ئەو کۆمپانیا و بازرگانە بیانیانەی کە لە عێڕاقدا کاردەکەن بە تایبەت لە کەرتی ووزە و نەوتدا بە ھۆکاری ناسەقامگیری ئاسایش. لە لایەکی ترەوە شادەماری ئابووری عێڕاق کە بریتییە لە نەوت و غاز دوورنیە نەبن بە بەشێک لە ئامانجی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسڕائیل چونکە ئەوان بڕوایان وایە کە میلیشیاکانی عێڕاق ئەم کەرتە بۆ قازانجی کەسی و گروپی خۆیان بەکاردەھێنن. لە لایەکی ترەوە گەر بە شێوەیەکی فەرمی عێڕاق بە پڕچەککردنی ئەو گروپە میلیشیایانە تۆمەتبار بکرێت ئەوا بە سەختی ڕووبەڕووی سزای خۆرئاوا دەبێتەوە و بازنەی ناڕەزاییەکان دژ بە عێڕاق فراوانتر دەبێت. ئەوە سەرەڕای ئەوەی پەیوەندیە بازرگانیەکان لە کاتی جەنگ و پشێویدا دەپچڕێن و ھەڵاوسان ڕوودەدات و وە بەھای دراوی ووڵات تا ڕادەیەکی زۆر دادەبەزێت. ئەمانە بەشێک لەو لێکەوت و دەرئەنجامانە دەبن کە لە ئەگەری ھەڵگیرسانی ئەم شەڕە چاوەڕوانکراون بۆ ڕوودان.
ڕۆڵی ئەمریکا سەبارەت بە عێڕاق تا ئێرە ھاوسەنگە بە تایبەت بەھۆی ھەوڵەکانی (محمد شیاع سودانی) ەوە کە چەند جارێک داوای لە ئەمریکیەکان کردوە کە ئیسڕائیل وەڵامی نەبێت بۆ ئەو ھێرشانەی لە عێڕاقەوە دەکرێنە سەر ئیسڕائیل، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ھەوڵانە بێ ئەنجامە بە دوو ھۆکار. یەکەم، سیاسەتی کۆماریەکان جیاواز دەبێت لە ھی دیموکراتەکان کە لە یەک دوو مانگی داھاتوودا دێنە سەر حوکم بە تایبەت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا کە چاوەڕوان دەکرێت زۆر تووند بن لە پشتگیریکردنی ئیسڕائیل و لێدان لە نەیارەکانی. دووەم، لاوازی سودانی بەرامبەر بە گەورەیی دۆخەکە، چونکە ھیچ کام لە بەرەکە لەپشتی نین و خۆیشی خاوەنی ھیچ قورساییەکی سیاسی و جەماوەری نیە لە عێڕاقدا.
ھەرچی سەبارەت بە ئێرانە، ئێران دەیەوێت کاربکاتە سەر حکومەتی عێڕاقی لە پاراستنی میلیشیاکان لەو ھێرشانە و دەیەوێت دەستیان کراوەبێت لەناو حکومڕانی وڵاتدا. بۆ تورکیا، ئەم شەڕە گرنگیەکی ئەوتۆی نیە تا ئەوکاتەی نەبێتە دەروویەکی خێر بۆ کوردەکان بە تایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە بیرمان نەچێت لە ستراتیژیەتی گۆڕانکاری ئیسڕائیلدا، سوریا لە پێش عێڕاقە چونکە جیۆپۆلۆتیکی سوریا بۆ ئیسرائیل گرنگترە تا وەکو عێڕاق. تورکیا دژی ھەر جۆرە سستمێکی فیدڕالی یان کۆنفیدڕالیە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا، وە شەڕی ئەو بۆ ئەوەیە ئەم قەوارەیەی کە ئێستاش ھەیە نەبێت.
ھەرچی پەیوەندی بە وڵاتانی ترەوە ھەیە کە ھاوسنورن لەگەڵ عێڕاق پێیان وایە نەمانی ھیلالی شیعی کاریگەری ئەرێنی بۆ ناوچەکە دروست دەکات و بە سوودی ئەوان تەواو دەبێت بە تایبەت کوێت و سعودیە.
لە کۆتاییدا، ئەوەی خاڵی جەوھەری و گرنگە بۆ ئێمە پێگە و ڕۆڵی ھەرێمی کوردستانە. کوردستان و ھێزە سیاسیەکانی دەبێت ڕۆڵی ھاوسەنگ و بێلایەن بگێڕن لە پێناو مانەوەی ئاسایش و ئارامی ھەرێمدا چونکە چوونە پاڵ بەرەی ھەر لایەک ماڵوێرانکەری بەدواوەیە بە کۆمەڵێک ھۆکاری گرنگ لەوانە ئابووری، سیاسی، ئاسایش و سەقامگیری. لەلایەکی ترەوە یەکھەڵوێستی و یەکڕیزی لایەنە کوردستانیەکان و ھەبوونی پلان و بەرنامەیەکی خێرا و جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕووئیایەکی نوێ بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە کوردستان لەو گۆڕانکاریە گرنگ و واقعییە خێرایانەی کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە.