چیرۆكی سەفەرەكەی مام جەلال بۆ ئەمریكا و رێككەوتنی لەگەڵ بارزانیی
سەرتیپ جەوهەر
3 ڕۆژ لەمەوپێش
مام جەلال دەیزانی ئەگەر لەگەڵ پارتی رێكنەوێت، كورد لەرووخانی بەعس زیانی گەورە دەكات
ئەوەی لەناوچەكە روودەدات، لەناوبردنی نفوزی ئێرانە، بەمزوانە عیراقیش دەگرێتەوە
دوور نییە پروشكی ئەو شەڕە كوردستانیش بگرێتەوە
سەرتیپ جەوهەر
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیناوەتە گۆڕانكاریی نوێ. ئەوەی لەسوریا روودەدات قۆناغێكی دیكەی گۆڕانكارییەكانە كە لەغەززەوە دەستیپێكرد و بە لوبناندا تێپەڕیی و ئێستا سوریای گرتۆتەوە. بەدڵنیاییەوە بەمزوانە عیراقیش دەكەوێتە بەر مقەستی گۆڕانكارییەكان.
ئەو گۆڕانكاریانەی لەناوچەكە روودەدات، بەپلەی یەكەم ئێران دەگرێتەوە. گروپەكانی ئێران لەناودەبرێن. حزبوڵلا لە لوبنان كۆتایی پێهێنرا، ئێستا دەبێت هەموو گروپەكانی ئێران لەسوریا كۆتاییان پێبێت. بەدڵنیاییەوە بەمنزیكانە لەعیراقیش ئەو گروپە چەكدارانەی ئێران لەناودەبرێن یان زۆر لاواز دەكرێن.
ئەو شەڕەی چەند رۆژێكە باكوری سوریای گرتۆتەوە، گۆڕانكاریی لەناوچەكە دروستدەكات، ئەوەی هەیە رێككەوتن و هەماهەنگی پێشوەختەی ئیسرائیل و ئەمریكای لەلایەك و روسیا و رژێمی ئەسەدی لەلایەكی دیكەوە لەسەر كراوە، ئامانجیش لەم پەلاماردانانە، لەناوبردن یان لاوازكردنی نفوزی ئێرانیە لەسوریا كە تائێستا نزیكەی 70 گروپی چەكداری لەوێ هەیە! لەنێوانیشیاندا ژمارەیەكی زۆر میلیشیای چەكداری عیراقین.
با ئێمە لە وردەكاریی ئەو شەڕە بگەڕێین، پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئەرێ لەنێو ئەو گۆڕانكارییەدا كورد چەندە خۆی ئامادەكردووە بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێك و بۆ لێكەوتەكانی ئەو بارودۆخە نوێیە؟ من پێموایە هەموومان وەڵامەكە دەزانین ئەویش بێگومان نەخێر! نەك ئامادەنییە، بەڵكو توانای كۆبونەوەیەكیشیان نییە بۆ ئەوەی بزانن ئەوەی روودەدات چییە و لێكەوتەكانی چین!!
لە ناوەڕاستی 2002 لەگەرمەی دەنگوباسی رووخاندنی رژێمی بەعس، بڕیاربوو مام جەلال سەردانی ئەمریكا بكات، مام جەلال لەچوار قوڕنە بەهێلی كۆپتەر چووە توركیا و لەوێشەوە بەرەو ئەمریكا. لەئەمریكا گفتوگۆی لەگەڵ ئیدارەی ئەوكاتی ئەمریكا كرد لەبارەی رووخانی رژێمی بەعس، لەوێ پێیانگوت ئەگەر ئێوە وەك كورد (پارتی و یەكێتیی) رێكنەكەون لەنێوان خۆتان، لەپرۆسەی رووخاندنی رژێمی بەعس هیچتان بەرناكەوێ و دەرفەتی زێڕین لەدەست دەدەن، بەڵكو لێكەوتەكانی بۆ ئێوە خراپ دەبێت. سەفەرەكەی مام جەلال ئەوكاتەبوو كە كۆبونەوەكانی ئاشتی نێوان هەردولا وەستابوو، ساردییەك لەنێوان هەردوولادا هەبوو.
مام جەلال بەر لەوەی بگەڕێتەوە، پەیوەندی بە كاك بەرهەم ساڵح دەكات و دەڵێت من بڕیارمداوە بەئیبراهیم خەلیلدا بگەڕێمەوە و كاك مەسعودیش ببینم. دەمەوێ رای ئێوە وەرگرم، بۆیە پێمباشە كۆبونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی بكەن و وەڵامم بدەنەوە. دواتر كاك بەرهەم پەیوەندی بەمام جەلالەوە دەكات و دەڵێت كۆبونەوەمانكرد، زۆرینە پێیان باشە بەوێدا نەگەڕێیتەوە، وەرەوە لەكوردستان بەجۆرێكی دیكە بیبینە، چونكە ئەمجارە نۆرەی كاك مەسعودە بێتە سلێمانی. مام جەلالیش دەڵێت باشە ئەی خەڵك دەڵێن چی؟ پێیانخۆشە یان نا؟ كاك بەرهەم دەڵێت بێگومان خەڵك ئاشتیان پێخۆشە. مام جەلالیش دەڵێت كەوایە من بەقسەی خەڵك دەكەم، كەی گەڕامەوە بۆ سلێمانی ئامادەم محاسەبەم بكەن.
لەسەردانەكەی ئەمریكا، مام جەلال بەئیبراهیم خەلیلدا گەڕایەوە و كاك مەسعود و مەكتەبی سیاسی پارتی پێشوازییەكی زۆر گەرمیان لێكرد، ئەو دیدارە بووە هۆی رێككەوتنی پارتی و یەكێتیی لەسەر قۆناغی دوای رووخانی رژێمی بەعس. هەر ئەو كۆبونەوەیە بووەهۆی ئەوەی كورد لەرووخانی رژێمی بەعس ببێتە هێزێكی زۆر كاریگەرو تەنانەت دوای كۆبونەوەی لەندەن، كۆبونەوەی كۆتایی ئامادەكاریی رووخاندنی رژێمی سەدام بێتە سەڵاحەدین و سەرئەنجام كورد بووە خاوەنی دەستكەوتی گەورە لەرووخانی رژێمی بەعس لەبەهاری 2003. ئەوەی لێرەدا مەبەستە بێلێم مام جەلال لەو راستیە گەیشتبوو ئەگەر لەگەڵ پارتی رێككەوتن نەكات ئەوا لەرووخانی رژێمی بەعس كورد نەك هیچی بەرناكەوێت بەڵكو زیانی زۆر گەورە دەكات و دەرفەتێكی زێڕین لەدەست دەدات.
ئەوەی ئێستا هاوشێوەی ئەو رووداوەیە، ئێستا ناوچەكە دەكوڵێت ئەگەری گۆڕانێكی گەورە هەیە، نازانین لێكەوتەی ئەو گۆڕانكاریی و شەڕۆ شۆڕەی ناوچەكە بۆ كورد چی دەبێت، نازانرێـت دەرفەتێكی باشە بۆ كورد یان مەترسییەكی جددیە، هەر كامیان بێت پێویستە كورد بۆ ئەو گۆڕانە ئامادەبێت، كەچی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم نەك هیچ ئامادەكاریی یان رێككەوتن یاخود هیچ پلانێكیان نییە، بەڵكو ناتوانن كۆبونەوەیەكی رووبەروو بكەن بۆ رێكخستنەوەو پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كەزیاتر لە دوو ساڵە هیچ شەرعیەتێكی نەماوەو كورد گوتەنی كەوتۆتە سەر ساجی عەلی.