بەرەنگاریی و بەرخۆدانی کۆبانی لە ڕژئاوای فوڕاتەوە سەرهەڵدەداتەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



سایکس بی کۆی نوێ چاوەروانی خۆر هەڵاتی ناوەڕاست دەکات و تا دێت شەڕو پێکدادانەکانی سوریا روو لە ئاڵۆزی زیاتر دەکات

 ئێران هەریەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات و گومانی لە روسیا هەیە

دیمەشق ئەنقەرە بە هەڵگیسێنەری شەڕەکە دەزانێت و تورکیاش دەڵێت من هیچ دەستم لەو روداوانەدا نییە

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

ئەمریکا خۆی بێ ئاگا کردووە لە شەڕ و پێکدادانەکان و رایدەگەیەنێت روداوەکانی ئەم دواییەی سوریا بۆ ئیدارەکەی جۆ بایدن چاوەروانکراو نەبووە. هەرچی کوردە دەیەوێت خۆی لە ئاگری ئەو شەڕە بەدوور بگرت و نەبێتە بەشێک لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی سوریا و کێبرکێ و ئاڵۆزی نێوان زلهێزەکانی جیهان بە تایبەت روسیا و ئەمریکا.

لەوبارەیەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات ھۆکاری پاشەکشە کردنیان لەفرۆکەخانەی حەلەب ئاشكرا دەکەن و دەڵێن بەشداری ئەو شەرە ناکەين کە لەناوخۆی سوریا ڕوودەدات.

لە بڵاوکراوەیەکدا (هەسەدە) دەڵێت، بەپێی ڕێنماییەکان و بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای سوریا،  هەموو ئامادەکارییەکی خۆیان کردووە، بەڵام بەشداری ئەو شەرە ناکەن کە لەناوخۆی سوریا ڕوودەدات، هەسەدە ھۆکاری پاشەکشە کردنیان لەفرۆکەخانەی حەلەب بۆ ئەوە دەگەرێننەوە، کە ستراتیژیەتی ئێستای ھەسەدە پاراستنی ناوچە کوردیەکانە و خۆ دوورگرتنە لە ھەر بەریەککەوتنێک.

تورکیاش دوای دەربڕینی بێ ئاگایی خۆی لە پێکدادانەکان هۆشداری دایە کوردەکانی سوریا و دەڵێت نابێت هەلی  کشانەوەی هێزەکانی سوپای سوریا بقۆزنەوە و ناوچەی زیاتر کۆنترۆڵ بکەن.

هەر سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران،  ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات و دەڵێت تەلئەبیب لە پشت ئەو روداوانەوەیە بە گوتەی سەلامی ئەوەش دوای ئەو تێکشکانە ستراتیجییە دێت کە لە لوبنان و غەزە دوچاری ئیسرائیل هاتووە.

عێراقیش وەک یەکەم وڵات پشتیوانی خۆی بۆ رژێمی سوریا دەربڕی لەو شەڕو پێکدادانەی ماوەی چەند رۆژێکە ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە.

بۆ کۆنتێۆڵکردنی سنورەکانیشی هێزی زیاتری رەوانەی ئەو ناوچانە کردووە.

 

دەستەی تەحریر شامیش کە  هەڵگیسێنەری سەرەکی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی سوریایە و بە پشتیوانی تورکیا ناوچەیەکی فراوانی لە شارەکانی حەلەب و ئیدلیب کۆنترۆڵ کردووە بەم قۆناغانە دروست بووە:

قۆناغی یەکەم؛ (2012-2013) لە ژێر ناوی بەرەی نوسڕە  پێکهات و لەلان  رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی هاوکاری ماددی دەکرا.

قۆناغی دووەم:(2013-2016) تیایدا بەرەی نوسڕە لە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی جیابویەوە و سەرۆکەکەی چووە پاڵ رێکخراوی قاعدە.

قۆناغی سێیەم: (2016-2017) تیایدا بەرەی نوسڕە بە شێوەیەکی ڕوکەش پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە بڕی و هاوپەیمانی لەگەڵ چەند گروپێکی تری ئیسلامی پێکهێنا لەژێر ناوی بەرەی فەتحی شام.

قۆناغی چوارەم: (2017 تا ئێستا) تیایدا بەرەی فەتحی شام

لە رێکخراوی قاعیدە بە تەواوی جیابویەوە لەگەڵ چەند لایەنێکی تر دەستەی تەحریر شامی پێکهێنا.

 

 

روداوەکانی سوریاش دەرخەری بوونی نەخشەیەکی نوێن بۆ ناوچەکە و ئەوەی زیاتریش ڕۆڵ دەبینێت تەنها لولەی تفەگەکان و کۆنتێۆڵ کردنی ناوچەی زیاترە، هەرهێزێکیش ناوچەی دەسەڵاتی خۆی فراوانتر بکات ئەوا لە سوریای دوای بەشار ئەسەد کە کورسیەکەی لەقتربووە، پشکی زیاری بەردەکەوێت و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان قسەی زیاتر بیستراو دەبێت.

چاوەروانیش دەکرێت پیلانێکی نێودەوڵەتی لە ئارادابێت بۆ بڕینی دەستی ئێران لەناو سوریادا دوای ئەوەی لە باشوری لوبنان لەرێی تێکشکانی حیزبوڵاوە رۆڵی تاران لە لوبنان تەواو لاواز کرا، ئێستاش سەرەی کردنە دەرەوەیەتی لە سوریا و پێدەچێت بۆ ئەو مەبەستە روسیا گڵۆپی سەوزی بۆ نەیارانی ئێران هەڵکردبێت.

لەم هەلومەرجە نوێیەشدا نزیکەی یەک ملیۆن کورد کە لە خۆرئاوای روباری فورات نیشتەجێن بە تایبەت لە حەلەب و شەهبا و چەندین ناوچەی تر، مەترسی راستەقینەیان لەسەرە و ئەگەری کۆمەڵکوژیش لە ئارادایە، بە تایبەت دوای داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨  بوونی پیلانێک بەدی دەکرێت بۆ دابڕانی تەواوی ناوچە کوردییەکانی خۆرئاوای روباری فورات، هەرچەندە هەردوو هێزی سوریای دیموکرات و هێزی پشتیوانی جەوهەری تەواو خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەکردووە بەڵام بە دڵنیایی بۆ ئەو دۆخە نوێیە پێویستیان بە هاوکاری و پشتیوانی بەشەکانی تری کوردستان دەبێت، وەک چۆن لە کۆبانی هاوکاری سەربازییان پێشکەش کرا و هێزی پێشمەرگە رەوانەی ئەو شارە کرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار