شەڕی ژیان
2 ڕۆژ لەمەوپێش
ئاراس سەعید
(١)
شەڕی هێزەکوردییەکانی ڕۆژئاوا، شەڕێکی نائایدۆلۆژییە، شەڕێکە لەدەرەوەی ئەتنییەت و کوردبوون و کۆی ئەو تەفسیرانەی بۆ دەکرێت، ئەمە شەڕی ژیانە، شەڕی ژیانی ڕووت.
ژیانی ڕووت بە مەفهوومە (ئاگامبین)ەکەی یان ئەوەی (واڵتەر بنیامین) دەیڵێت: ئەو ژیانەیە لیکترازاوەیە لەکۆی ئەو شتانەی کە پێوەی دەلکێندرێت و لەو شوێنەدا مانایی خۆی وەردەگرێت، کە سیستەم ژیان ڕووت دەکاتەوە و لەکایەی (یاسا، سیاسەت، ئایین، ئەتنییەت) دایدەبڕێت.
(٢)
دووان لەسەر ژیانی ڕووت دەمانباتەوە بۆ کێشەیەک لە بنەمادا کێشەیەکی قووڵی فەلسەفەی سیاسی و یاساییە. بەو مانایەی ئەگەر یاسایەک هەیە بۆ ڕێکخستنی ژیان و پاراستنی مرۆڤ، چۆن ئینسان بە حوکمی ڕیسا و جۆرە بەکارهێنانی تاییبەتی یاساکان گۆڕاوە بۆ بوونەوەرێکی دەرەماف و دەرەکولتوور. بونەوەرێک وەکوو مەخولقێکی ڕووت کە تەنها ژیانێکی ڕووتی هەیە، بەبێ ئەوەی هیچ چەترێکی یاسایی ژیانی بپارێزێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسە پێویستە بگەڕیینەوە بۆ تێزەکەی فەیلەسووفی بەناوبانگی ئیتاڵی (جۆرجیۆ ئاگامبێن) لە زنجیرە كتێبی (هۆمۆ ساكەردا:1990).
لە بنەمادا تێزەکەی (ئاگامبێن) لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوانە لەو پارادایمانەی کە بناغەی دەوڵەتی مۆدێرن و ئایدیای یاساکان و حاکمیەتی بیۆ_پۆلەتیکی لەسەر دامەزراوە و گرفتسازیییەکانی نێو سیستەمی یاسایی دەوڵەتی مۆدێرنە دەستنیشان دەکات و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و سیستەمی دیمۆکراسی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەگەر چی (هانا ئارێنت) لە وتارێکدا بەناوی (ئێمەی پەنابەر:1943) و هەریەک لەبەشەکانی کتێبی (ڕەگەزەکانی تۆتالیتاریزم) بەقووڵی سەرەنجی خستووەتە سەر قڕکردنی جووەکان وەکوو هەبوویەکی بێماف و دەرەکولتوور. بەڵام ئاگامبێن بەسەرەنج خستنەسەر تێزەکەی “ئارێنت” ڕیشەی ئەو کێشەیە دەباتەوە بۆ مێژووییەکی دوورتر.
(٣)
ئاگامبێن، بۆ ڕوونکردنەوەی تێزەکەی کەڵک لە چیرۆکەکەی (کافکا)، (پیاوێک لە گوندەوە) وەردەگرێت. چیرۆکی پیاوێک کە لە شوێنێکی دوورەوە دێت و لەبەردەرگایەکدا دەوەستێت و دەیەوێت بچێتە ژوورەوە بۆ بەردەمی یاسا، بەڵام ساڵەهای ساڵ چاوەڕوان دەکات و ناکرێتە ژوورێ، تا لەوێدا پیر دەبێت و دەمرێت. لای “ئاگامبێن” ئەو ئینسانەی لە دەرگاکەدا دەچێتە ژوورەوە، ئینسانێکە ژیانێکی یاسایی هەیە و لە ژێر چەتری یاسادا پارێزراوە و بەپێچەوانەوە دۆخی ژیانی ڕووت، دۆخی هەرکەسێکە یاسا قبووڵی ناکات و وەکوو بونەوەرێکی (دەرەیاسا/ الخارجون عن قانون) تەماشا دەکرێن.
ئاگامبێن، ڕیشەکانی ئەم کێشەیە دەباتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زاین لە حاکمیەتی یاسای ڕۆمانی دێریندا، "هۆمۆساکەر سوبێکتێکی دەرەیاساییە کە دەكرێت بكوژرێت بێ ئەوەى هیچ سزایەكی یاسایی بۆ بكوژەکەی دیاری كرابێت"
[…] هۆمۆساکەر جۆرە کەسانێک بوون نە کوشتنیان سزایەکی لەسەر بوو، نە قبووڵکراون بکرێنە قوربانی بۆ خوداوەندەکان، هەم لە سنووری یاسا دەرکراون و هەم لە سنووری یاسا ئیلاهییەکانیشدا بێزراو بوون و کەس نەیدەتوانی وەکوو قوربانی پێشکەش بەخوداکانی بکات.
لە پێشەکی کتێبی (هۆمۆ ساکەر) دا، (ئاگامبێن) ئەوەمان وەبیر دێنێتەوە کە له بنەمادا، ڕۆمانییەکان تێرمێکیان ئامادەنەکردووە کە گوزارشت لە ژیانی ئینسانی بکات. (ئاگامبێن) بایەخێکی گەورە بە جیاکردنەوەی ژیانی ڕووت و ژیانی سیاسی دەدات لە جەوهەری دەوڵەتدا و بەمەش تێگەشتنێکی دیکە بۆ چەمکی (بیۆ-پۆلەتێک)ی (میشێل فۆکۆ) دەخاتەڕوو.
(٤)
ئێستا ڕۆژئاوا بۆ دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان دۆخی ئاورتەیە، دۆخی ژیانی ڕووتە. ئەو چرکەساتەیە کە حاکمییەت و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و دیمۆکراسی لیبراڵیزم خۆی لەو پانتاییەی ژیان دەدزێتەوە.
ژیان لە ڕۆژئاوا، لە چرکەساتەدایە چەتری یاسا مرۆییەکان و یاسا ئایینیەکان خۆی لێ مەحروم دەکات، چرکەساتی بەرەڵابوونی دڕندەیەکە، کەدەیەوێت کۆی ژیان قووت بدات. بکوژێت و خوێن بمژێت بەبێ ئەوەی هیچ یاسایەک ڕێگری لێبکات. شەڕی هێزەکوردییەکان شەڕی ژیانە، شەڕە لەگەڵ ئەو دڕندە ئیسلامییە نەفرەتییەی سیستەم بەرەڵای کردووە.