ئەرێ بەڕاست ئێمە پەرلەمانمان بۆچییە؟
سەرتیپ جەوهەر
16 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەوە چ پەرلەمانێكە، بودجە دانەنێت، یاسا دەرنەكات، چاودێریی نەكات؟
لەكوێی دونیا بووە حكومەتێك لەسەر موچە هەموو دوومانگ جارێك یەك كوندە خوێن بخاتە جەرگی ئەم میللەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بووە بە دەردێكی گەورەی سەردڵی فەرمانبەرانی ئەم حوكمڕانیەی هەرێم. خەمی گەورە ئەوەیە نە دەسەڵاتداران و نە ئۆپۆزسیۆن قسەیەكیان لەوبارەیەوە نییە. هێشتا چللەی بانگەشەی هەڵبژاردن نەچووە، هێشتا هەڕەشەو هاوار هاواری بانگەشەی حزبەكان لەكوچە و كۆڵان و شەقامەكانی كوردستان دەنگدەداتەوە، هەبوو دەیكوشت و نەیدەشاردەوە، هەبوو كۆتایی بەم دەسەڵاتە دەهێنا، هەشبوو بەهەشتێكی بۆ خەڵك دروستكردبوو كورد وتەنی "هەر مەپرسە" لەخۆشیان لچ و لێومان تەڕ ببوو! كەچی ئەوەتا جارێكی دیكە گرفتی دواكەوتن و خواردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەریهەڵداوەتەوە و دوێنێش فڕكان فركانی چوونە پەرلەمان بوو، وەك ئەوەی ئەگەر پەرلەمان دانیشت، ئیدی هەموو گرفتەكان چارە دەبێت و دەرگای خێرو خۆشی دەکرێتەوە. لەكاتێكدا ئەم پەرلەمانە نزیكەی 10 ساڵە پەكی كەوتووە، كەچی نەبای دەڵێیت نە بای دیوە نە باران. نەكەس پەكی كەوتووە و نەكەسیش ئاگای لەپەككەوتنی پەرلەمان هەیە! پەرلەمانێك نەتوانێت بوجە دابنێت و قانون دەربكات و چاودێری حكومەت بكات ئەوە چ پەرلەمانێكە؟ بۆیە پرسیارە جددیەكە ئەوەیە ئەرێ ئێمە ئەم پەرلەمانەمان پێویستە؟
لەم حوكمڕانیەدا ئەگەر پارتی هەژموونی بەسەر جومەگە سەرەكییەكانیدا هەیە، ئەوا یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان بەدەر نین لەم بارودۆخە، دەبێت روونكردنەوە و وەڵامیان بۆ ئەم خەڵكە هەبێت. ئاخر لەكوێی دونیا هەبووە هەموو دوومانگ جارێك یەك كوندە خوێن بخرێتە جەرگی میللەتەوە و كەسیش وڵامی پرسیاری خەڵكی پێ نەبێت؟