یان یاری دەکەم یان تێکی دەدەم؟!
جووتیار ڕەشید
3 هەفتە لەمەوپێش
جووتیار ڕەشید
لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو تیپەکانی یاری دووگۆڵی لەسەرەتای دروستبونیاندا بوون لە کوردستان، بە تایبەتیش لە شارۆچکەکان و گوندەکان زۆر جار سەر شەقاوەیەک لە شەقاوە و چەقوکێشەکانی شار تەنها بۆ خۆدەرخستن و خۆ نمایشکردن دوو سێ شەقاوەی دوای خۆی دەخست و چەقۆکەی ڕادەکێشا و دەچوە ناو گۆڕەپانی یاریەوە و بە ئەندامانی تیپەکەی دەگوت یان منیش یاریدەکەم یان یاریەکە تێکدەدەم.
سەبارەت بەدوایین هێرشی گروپە توندئاژۆ- پاشکۆکانی تورکیا لە سوریا جۆرەها شیکردنەوە و لێکدانەوەی جۆراوجۆر کراوە لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا، زۆرینەی ئەو شیکاریانە بە ئاراستەی پیلانێکی پێشوەختەی تورکیا و لایەنێک یان دوو لایەنی تردا دەچن بۆ وەدەرنانی ئێران لە سوریا و لە پاڵیشیدا کەمکردنەوەی هەژمونی کوردان لە سوریا و لێدان لە پێگەی کوردان لە ناوچەکە.
بە واتایەکی تر کۆی ئەو شیکاریانە تورکیا و ئەردۆگان وەک پلانداڕێژەر و یاریکەری سەرەکی ئەو ڕوداوە لە ناکاو و خێرایە وێنا دەکەن.
دەکرێ ئەو شیکەرەوە و شیکاریانە دابەشبکەین بۆ دوو پۆلێن و یەک ئامانج:-
-گروپی یەکەم ئەو شیکارانەن کە نزیک یان سۆزدارن بۆ خودی ئەردۆگان یان تەوژمی ئیخوانی بەگشتی، بە تایبەتیش لە سوریا و جیهانی عەرەبی کەوتونەتە ژێر کاریگەری بالۆرە دێرینەکەی دژایەتی ئیسرائیل.
-گروپی دووەم ئەو شیکاریانەن کە خۆیان بە شیکاری تایبەت بەخۆیانەوە ماندوو ناکەن و تەنها شیکاری گروپی یەکەم هەڵدەگێڕنەوە و هەندێ جوانکاری بۆ دەکەن یان سوود لە ڕاگەیاندنەکان و سۆشیال میدیا دەبینن بە بێ ئەوەی دەرک بەو ڕاستییە بکەن ئەوەی لە ڕاگەیاندن دەگوزەرێ دەیەکی ڕاستیەکان نییە بە تایبەتیش ڕاگەیاندنەکانی ئەم سەردەمە خودی خۆیان بەشێکی کاریگەرن لە هۆکارەکانی شەڕی تایبەت و چەواشەکاری خەڵک.
ئەگەر بەوردی سەرنجبدەین هەردوو گروپەکە بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن ئەردۆگان و تورکیای ئەردۆگانیان کردوە بە پاڵەوانی ئێستای گۆڕەپانی سوریا، هەر ئەوەش بۆخۆی یەکێکە لە ئامانجەکانی گروپی یەکەم و خودی پیلانەکەی دەزگا موخابەراتیەکانی تورکیا.
ئێمەی ڕۆژهەڵاتی هەتا ئێستا خۆمان نەناسیوە، بۆیەش نەمانتوانیوە جیهانی ڕۆژئاوا و سیاسەت و پلان و پڕۆژە جیهانیەکانیان بناسین، ڕاستیەک هەیە دەبێ هەموومان بیزانین ئەویش ئەوەیە هیچ سەرکردە و وڵات و هێزێکی ئەم ناوچەیە بە خودی دوو زل هێزە هەرێمییەکەشەوە کە تورکیا و ئێرانن بەشێک نین لە پلان داڕێژەر و پڕۆژە جیهانیەکانی ڕۆژئاوا و ئەوروپیەکان، بە درێژایی سەد ساڵی ڕابوردوو هەرگیز داڕێژەری یاریە جیهانیانەکان نەبوون، بەڵکوو هەمیشە وەک چەقوکێش و شەقاوە ڕۆڵی لاوەکیان پێدراوە یان خۆیان وەک دەرهاویشتەی کەسایەتی نێرجسی بڕیاربەدەستانیان، یارییەکەیان تێکداوە بۆ دەسکەوتی کەسی خودی خۆیان و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵات و کورسیەکانیان، جا ئەو سەرکێشیانەیان چەند وەک دەسکەوت شکاوەتەوە یان سەری خواردوون ئەوە بەندە بە کاریگەری ئەو سەرکێشیەیانەوە لەسەر پڕۆژە جیهانیەکان.
من پێم وایە ئەم سەرکێشیەی ئەردۆگانیش لەو پێناسەیەی سەرەوە بەدەر نییە بە تایبەتیش کاتێک ئاوڕێکی شیکاری لە خودی کەسایەتی ئەردۆگان و ئەو ڕەوشە قەیراناویە ناهەموارە دەدەینەوە کە ئارەزوە نێرجسیە بێسنورەکانی دەسەڵاتخوازی ئەردۆگان بەسەر تورکیایدا هێناون.
ئەوە خەسڵەتی هاوبەشی دەسەڵاتدارە خۆپەرست و نێرجسیەکانی ئەم ناوچەیەیە، سەرەتا وەک ماری سڕ لە پاڵ هاوڕێ و هاوبیرە ئاقڵمەندەکانیان پلە بە پلە سەردەکەون، هەر ئەوەندە گەیشتنە لوتکەی دەسەڵات یەکەم کەسانێک بەر غەزەب و پاکتاویان دەکەون ئەو هاوڕێ نزیکانەی خۆیان دەبن کە وەک پلەی پەیژە بەسەریاندا سەرکەوتوون، چونکە فۆڕمی دەسەڵاتی ئەو جۆرە سەرکردە تازەپێداکەوتووانە ئەو جۆرە ئەقڵانە بە ئەڵقەی یەکەمی مەترسی لەسەر دەسەڵاتەکەیان دەزانن.
سەدام وایکرد، ئەردۆگانیش وایکرد، چ بە تەنگەتاوکردن چ بە تۆمەتی کودەتا حیزب و دەوڵەتیان لەو جۆرە ئەقڵانە خاڵی کرد، دواتر شوێنەکانی ئەو ئەقڵە دەوڵەتدارانەیان بە خزم و کەسە نزیک و هەڵپەرست و گوێ لە مستەکانی خۆیان پڕکردەوە.
ئەوەش دەوڵەت لە دەوڵەتی دامودەزگا و ئەقڵی دەوڵەتداری و بڕیاردروستکردنی بە کۆمەڵ و دامودەزگاییەوە دەگۆڕێ بۆ دەسەڵاتی تاکە کەسی و قۆرخکاری بنەماڵەیی و گەندەڵی و دوو لەتکردنی دەوڵەت و خەڵک بۆ دوو چین، چینی نزیک لە دەسەڵات، بەهرەمەند لە کۆی سەروەت و سامانی وڵات و خێرا دەوڵەمەند بوو، لەگەڵ چینی بێ دەسەڵات و پەراوێزخراو و خێرا هەژاکەوتوو، ئەم دوو کەرتبونەش کۆمەڵگە ئامادە دەکات بۆ تەقینەوە و بەریەککەوتنی کۆمەڵایەتی و ئاشوب و شەڕی ناوخۆ لەهەر چرکەیەکدا.
خودی ئەم فۆڕمە لەدەسەڵات سروشتیان وایە بۆ بەردەوامی دەسەڵاتیان و چاوبەستەکێی خەڵک لەو دوو کەرتبونەی کۆمەڵگە، قەیران بە قەیران چاەرەسەردەکەن، سەرەنجامی ئەو قەیرانبازییەیان دوا دەرگای کراوە بەڕویاندا هەناردەکردنی قەیرانەکانی ناوخۆیانە بۆ دەرەوەی سنور.
سەرقاڵکردنی خەڵکی وڵاتەکانیان بە تێوەگلانی وڵات و سوپای وڵاتەکانیان بە کێشە و شەڕە دەرەکیەکان، مەگەر سەدام واینەکرد؟! شەڕی ئێران-عراق، شەڕی داگیکردنی کوەیت، بۆ مەگەر ئەردۆگان لەم چەن ساڵەی ڕابوردودا واینەکردوە؟! شەڕی ئازەربایجان-ئەرمینیا، شەڕ لە لیبیا، شەڕ لە سوریا، لە ئەفریقیا و سۆمال، دواجار شەڕە جنێو و شەڕی ڕاگەیاندنی درۆیینە لەگەڵ ئیسرائیل و خودی ناتنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
ئا لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کاتێ دوو کەسایەتی نێرجسی دەسەڵاتخواز بەریەک دەکەون چ مەترسیەکی کارەساتبار چاوەڕێی گەلانی ژێر دەسەڵاتی کەسە لاوازەکەیان دەکات.
لە دوای شەڕی غەزە ئەردۆگان و ناتنیاهۆ چونەتە حاڵەتی بەریەککەوتنی کەسیەوە هەردووکیشیان کەسایەتی نێرجسی دەسەڵاتخوازن، ناتنیاهۆ لە لوتکەی هێز و سەرکەوتنەکانیدایە و هێزی بڕیاردەرە لە پڕۆژە جیهانیەکان لەم ناوچەیە، ئەردۆگانیش چەقۆکێشێکی پشتگوێ خروای ئەو پڕۆژەیەیە.
ئەم چەقۆکێشە دەیەوێ خۆی نمایش بکا و بێتەوە ناو گۆڕەپانی یاریەکە بەهەر نرخێک بێ، سەرەتا ویستی لەڕێگای هاوسۆزی ئیسلامی و پشتگیری فەلەستینیەکانەوە بێتەوە ناو یاریەکەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
ئەم جارەیان وەک تیمساح خۆی هەڵگێرایەوە دەیەوێ بە لێدان لە میلیشیا ئێرانیەکان و سوپای ئەسەد و پێگەی ئێران لەسوریا لە ڕێگای گروپە توندئاژۆ و پاشکۆکانییەوە بە ئیسرائیل بڵێ ئەوەی ئێوە بە قوربانیەکی زۆر دەیکەن من بە خۆڕایی بۆتان دەکەم تەنها وەک یاریکەر درێسێکی تیپەکەتانم پێڕەوا ببینن.
ئەم خزمەتگوزاریە بێ بەرامبەرانە لە کۆتا چرکەی یاریەکاندا بێ نرخ و بێ بەهان، خودی ئەردۆگانیش ئەو ڕاستیە دەزانێ بەڵام چارەیەکی تری نیە.
لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژەیەک بۆ لێکەوتە و زیانەکانی ئەو سەرکێشیەی ئەردۆگان بۆ کوردان بکەین، لە سیاسەتدا هیچ ئەگەرێک سفر نیە و هیچ ئەگەرێکی پێچەوانەش سەد نیە.
ئەگەری یەکەم ئەوەیە ئەو سەرکێشیەی ئەردۆگان سەربکێشێ بۆشەڕێکی مەزهەبی ماڵوێرانکەر لە سوریا و عراق و تورکیا، لەو ئەگەرەشدا بێگومان پڕیشکی ئەو شەڕە بەر کوردان دەکەوێ و لە ئەگەری ئەوەشدا مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە کورد دابەشی سەر دوو لایەنی شەڕکەرببن ماڵوێرانیەکی گەورەیە.
ئەگەری پێچەوانەش ئەوەیە شەڕەکە لە سنوری سوریا قەتیس بکرێت و گروپەکانی سەر بەتورکیا لە ناو سوریا لەناوببرێن هاوشێوەی داعش، لەو ئەگەرەشدا کورد لە سوریا لەسەرەتادا زیان و قوربانی دەدەن، بەڵام دەسکەوتی گەورەش دەچننەوە لە کۆتایی شەڕەکەدا.