حەشدی شەعبی له سنووری سووریا دەستیانکردووە بە دروستکردنی خاڵ

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

- شەش فەوجی کۆماندۆیان ئامادەکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی لەم دیوی سنوور.

- بەدرێژایی نزیکەی 60 کیلۆمەتر ئامێرەکانمان دەستیانکردووە بە دروستکردنی خاڵ

- لە قەزای شنگالەوە کەرەڤانەمان گواستووەتەوە سەر سنوور بەدرێژایی 100 بۆ 150 کلیۆمەتر.

 

سەلام عەزیز یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی ڕایگەیاند هێزەکانی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری جیاکەرەوەی نێوان عێراق و سووریا دەستیان کردووە بە تۆکمەکردنی هێڵی بەرپەرچدانەوە لەم دیوەی سنوور.

سەلام عەزیز بۆ میدیاكان ڕایگەیاند مەبەست لە هەنگاوەكەی حەشدی شەعبی پڕکردنەوەی ناوچەی سنوورییه بە ئاراستەی بیابان و بۆ راوەدوونانی هەر جموجۆڵێکی داعش و پشتیوانیکردنی هێزەکان رووەو سنووری سووریا.

 وتيشى: شەش فەوجی کۆماندۆیان ئامادەکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی لەم دیوی سنوور، لە وادی عجێج لە باشوور تاوەکو سنووری یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەنبار.

 لەلایەن خۆیەوە زیاد رەعد برکی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی سەربازییە له حەشدی شەعبی و دەڵێت: بەدرێژایی نزیکەی 60 کیلۆمەتر، ئامێرەکانمان دەستیانکردووە بە دروستکردنی خاڵ، هەروەها لە قەزای شنگالەوە کەرەڤانەمان گواستووەتەوە سەر سنوور بەدرێژایی 100 بۆ 150 کلیۆمەتر.

فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رەتیکردەوە چەکدارانی گرووپەکە لە سووریا هەبێت و وتی، لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

 فەییاز، بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانیان سەردانی سنووری نەینەوای کرد. هاوکات بۆ دڵنیابوونی زیاتر لە تووندوتۆڵیی سنوور، سوپاسالار و جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، سنووری عێراق-سووریایان بەسەرکردەوە.

 بەوتەی میقداد میرى، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، یەکەم جارە لە مێژووى وڵاتەکەدا، سنوورەکەی بەم شێوەیە تۆکمە بکرێت.

 عێراق سێ هەزار و 716 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ هەیە کە زیاتر لە 600 کیلۆمەتری لەگەڵ سووریایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار