هێزەكانی عێراق و سوریای دیموكرات هەماهەنگیان هەیە

6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- لەدوای ڕوداوەكانی سوریاوە ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان بەدرێژایی سنوری سوریا توندتركراون.
- پاسەوانانی سنوری عێراق بەدرێژایی سنورەكان ئامادەن بۆ هەر هەڕەشەیەک، كە بۆ سەر موسڵ و عێراق بە گشتی دروست دەبێت.
- ژورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان هێزەكانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموكراتدا هەیە.
محەمەد كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئاشكرايكرد لە نێوان هێزەكانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموكرات ژورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان هەیە.
محەمەد كاكەیی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، لەدوای ڕوداوەكانی سوریاوە ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان بەدرێژایی سنوری سوریا توندتركراون و کامێرای ئاسایشی لەسەر تەواوی سنوری پارێزگای نەینەوا لەگەڵ سوریا دانراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاسەوانانی سنوری عێراق بەدرێژایی سنورەكان ئامادەن بۆ هەر هەڕەشەیەک، كە بۆ سەر موسڵ و عێراق بە گشتی دروست دەبێت و لە ئامادەباشیدان.
باسی لەوەشكرد، دەسەڵاتدارانی عێراق هەوڵەکانی هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەد) چڕتر کردوەتەوە، کە بەشێک لە دیوی سوریای سنورەکەیان کۆنترۆڵکردوە.
ئەوەشی خستەڕو، ژورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان هێزەكانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموكراتدا هەیە، ئێمە زانیاری هەواڵگری هاوبەشین لەسەر هەر هەڕەشەیەک كە بۆ سەر هەردولا دروست دەبێت.
