مەرگی کاوە گەرمیانی، ئەو ستەمەی لەیاد ناکرێت!

ئاوات جەمال ساڵح

2 مانگ لەمەوپێش



ئاوات جەمال ساڵح

دوێنی، مەراسیمی یازدە ساڵەی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی بوو، ڕۆژنامەنووسان و کەسوکاری چوونە سەر گۆڕەکەی، ئەمشەویش، لەپێش ماڵی کاوە گەرمیانی ھاوڕێکانی و چالاکوانان کۆبوونەوە، بۆئەوەی لەو ساتەی کە کاوە گەرمیانی تێیدا شەھیدکرا ماتەمینی بگێڕن.

ئەمە پێشەکییەکی بچووک بوو، تا بیرتان بێتەوە هاوشێوەی رۆژنامەنووسە بە ناحەق تیرۆرکراوەکانی دیکە، هەرێمێک هەیە ئازادی تێیدا کپکراوە، رۆژنامەنووسەکانی تێرۆر دەکرێن و سزای تاوانبارەکانی نادرێن کە یەکێتی و پارتی سەبەبکاری یەکەمن بەو پێیە دەسەڵاتیان لە دەستدایە، نموونەی زیندوو کاوە گەرمیانییە، ئەوەتا یانزە ساڵ دوای کوژرانی، هاوسەرەکەی دەڵێت لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رازی نین.

تا ئێستا زیاتر لە سێ کەس بە تۆمەتی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی لە بەردەم ماڵەکەی سکاڵایان لەسەرە، بەڵام هەموویان دەستگیرنەکراون و دەستی پشتەوەی کارەکە دیار نییە، شیرین ئەمین، هاوسەری ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی بە دەنگی ئەمریکای وتوە، "یەکێک لە تۆمەتبارەکانی کەیسەکە کە دەستگیرکراوە، لە کاتی تاوانەکەیدا برایەکیشی لەگەڵیدابووە و لە زیندان کاتێک بینیویانە وتوویەتی، هەندێک بەرپرس تاوانەکەیان پێ ئەنجامداون".

ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە، یەکێتیی و پارتی، ژینگەیەکی تۆقێنەر و پڕ مەترسییان بۆ دەنگی ئازاد و گوێ نەگرتن لە رای جیاواز دروستکردووە، پەیڕەوی لە ویستی کەسیی خۆیان یان تۆقاندن و سەرکوتکردنی ئەوانیدیکە دەکەن، کاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان، ویدات حوسێن، سۆران مامە حەمە نموونەی ئەو دەنگانەن کە دەیانویست، ئازادی ببێتە زەمینە و کەشێکی رەخساو بۆ ئازادی ڕادەربڕین، تا لە رێگەی بەدواداچوونی رۆژنامەوانی بۆ دەرخستنی کەیسەکانی گەندەڵی و دەستبردن بۆ دۆسییە هەستیارەکانی تاڵانی دارایی بکەن لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگایەکی شەفاف و سیستمێکی رێکخراو لەسەر بنەمای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەڵام بێباکی و کەمتەرخەمی بەرپرسان، مەرگی پێشکەش بەو دەستە ئازا و ئازادانە کرد و خەڵکیش زیاتر بێ ئومێد بوون لەم مۆدێلەی حوکمڕانی کە ترس و تۆقاندنی کردووەتە خەسڵەتی خۆی لە ڕێگەی زەبری هێز و بەکارهێنانی چەکەوە، بە جۆرێک هیچ کاتێک گوێیان لە دەنگی ئازاد و دەربڕینی نیگەرانییەکانی هاوڵاتیان نەگرت و ناگرن نە وەک بەرپرسیارێتی سیاسیی خۆیان و نە لە رێگەی خۆپیشاندان و گردبوونەوەوە جەماوەرییەکانەوە.

 

جارێک کاوە گەرمیانی خۆی لە کۆمێنتێکدا لە پەیجەکەی، بەو چالاکوان و رۆژنامەنووسانە دەڵێت کە لە ترسی گیانی خۆیان و کەسوکاریان کۆچی دەرەوەی هەرێمی کوردستان-یان کردووە، "ئێوە لەشوێنێکەوە داوای ئازادی کوردستان دەکەن و ڕەخنە لە بەرپرسەکان دەگرن هیچ مەترسییەکتان لەسەر نییە، خۆزگە دەیان کەسی وەك ئێوە لە هەرێمی کوردستان بوایە و خۆپشاندانێکی سەرتاسەری ئەنجامبدرایە و دەنگی ناڕەزایی بگەیشتایەتە هەموو جیهان".

کاوە گەرمیانی هیواو ئاواتی زۆربوو زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی گەرمیان، من وامدەزانی کاوە گەرمیانی گەنجێکی ڕایشتە و خاوەن و توانایەکی مادی باشی هەیە، بەڵام بەداخەوە وانەبوو، لەدوای کۆچی دوایی و تیرۆرکردنی تاسام و زۆر زۆر نیگەرانبوم بە نەبوونیەکەی و هیوا بەدینەهاتووەکانی، کە خەمێکی گەورەبوو بۆ دایکی و هاوسەرەکەی کە بە دووگیانی بەجێی هێشت.

ئێستاش سەرەڕای هەموو کەیسەکانی تیرۆر و دەستگیرکردن و زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان، کەیس و چیرۆکی کاوە گەرمیانی، لەسەر زارە و ون نابێ، بە ناچاری ناتوانین لەناو کوردستان بەهۆی مەترسییەکانی سەر ژیانمانەوە وەک دەنگی نارازی لەوێ بین، بەڵکو لێرەوە و لە دوورەوە، چیرۆکە تراژیدی و کەم وێنەکەی هەمیشە لە یادمان دەمێنێتەوە، کە لە بەردەم دەرگای ماڵەکەی و لە نزیک دایکی و لە سەروەختی لە دایکبوونی منداڵەکەی کاکە "ئامەد"، زۆر دڕندانە تیرۆر کرا، کە زۆر جێگەی داخە تا ئێستا، دەستی ڕەش و چەپەڵی پشتەوەی تاوانەکە کە  بەرپرسە نابەرپرس و  گەندەڵکارەکانی هەرێمی کوردستانی لە پشتەوەیە، دەرنەخراوە و ئەمەش زامێکە دڵنیام تا ئەو کاتەی ڕووی ڕاستەقینەیان دەرنەخرێت و بە سزای شایستەی خۆیان نەگەن نە ویژدانی ئێمە و نە ڕۆحی کاوە گەرمیانی و نە هیچکام لەو شەهیدانەی تر کە ژیانیان لە پێناو خەمی گشتییدا کردە قوربانی، ئاسودە نابێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار