مەلای دوانزە عیلم و بانگخوازی دوانزە جەهل (٢)

پەیکار عوسمان

2 مانگ لەمەوپێش



پەیکار عوسمان

 

شتێک لە زمانی ئێمەدا شکاوە، جا چ دەوەی داگیرکەران شکاندبێتیان، یان خۆمان شکاندبێتمان، هیچ لەوە ناگۆڕێ کە ئێمە لە زمانێکی شکاوداین. زمانێک نە پشتگیرییەکانی لە جێی خۆیدایە نە دژایەتییەکانی. نە دەنگ، نە بێدەنگییەکانی. زمانێک کە یان شتێکی لێ دەبێتە بتی پەرستن، یان ڕەتی دەکاتەوە تا ڕادەی شەیتان و نەفرەت.

هەڵبژاردنیش یەکێ لە مەیدانەکانی زمانی شکاوە. ئا لێرەدایە کە هەنێ لە فەیلەسوفە زەخمەکان، دژی دیموکراسین، چونکە هەموو کاری فەلسەفە، بریتییە لە بەرزکردنەوەی زمان، بەڵام هەڵبژاردن زۆر ئاسان دەیهێنێتەوە خوارەوە. دیموکراسی خۆی سەر بە ئاستە بەرزەکانی زمانە، چی بکەین بۆئەوەی هەم دیموکراسیمان هەبێ، هەم زمانیش نەشکێ و نەیەتە خوارەوە؟

فیکر، پەروەردە، یاسا، گفتوگۆ، ڕەخنە، بەشداری، بەرپرسیارێتی، کاری هاوبەش، لێپرسینەوە، دادگا، دەساودەس.. هەموو ئەمانە دەبێ ئیش بۆ خزمەتی بەرزکردنەوەی زمان بکەن. ئەوکات ئیتر کەفوکوڵی مانگێکیش، هەر بەشێکە لە بەرزکردنەوەکە، یان لانیکەم دەبێتە لادان و دابەزینێکی کاتی. بەڵام کاتێ هیچکام لە بنەماکانی بەرزکردنەوەی زمانت نییە و خەریکی هەڵبژاردنیشیت، ئیتر لەوێدا تەنیا زمانە شکاوەکەت دەردەکەوێت و هیچی تر!

"شوناس" گرنگە و کەناڵێکی بوونی ئێمەیە، بەڵام زمانی شکاو "توانای پەیوەندی" نەماوە و ناتوانێ دیاردە شوناسییەکان ڕەبت بکاتەوە بەوەی کە عەقڵیی و ژیانیی و وجودییە. پێش دروستکردنی پەیوەندی، شتەکان لە خاچی ڕەفز و قبوڵ دەدا و تواناکانی زمان، لە حوکمدانێکی حازردا خەسار دەکات.

دەرکراوێکی زمان هەیە، دەبێ بیهێنینەوە، بۆئەوەی زمان بەرزکاتەوە بۆ ئاستە ڕۆشنەکان و ڕزگاری بکات لە ئاستە کوێر و تاریکەکان. ئەویش فەلسەفە و ڕەخنە و داهێنانە، کە لە بەردەم لافاوی هەژموونەکاندا، بەلەمێکمان بداتێ و نەهێڵێت شەپۆلەکانی مێگەلاندن بمانبەن. هێنانەوەی ئەو دەرکراوە زۆر گرنگە، بەدیاریکراوی بۆ تێگەیشتن لە "دیاردە و ئیعتبار".

مرۆڤ داهێنەری ئەو ئیعتبارەیە کە لە شتەکانی باردەکات و ئیتر ئەو شتانە تەنیا مادەیەکی ڕووت و یەکدیو نین، بەڵکو بارکراوی زمانیین و دیوی تریشیان هەیە. هەر ئەوەنین کە خودا و سروشت دروستی کردون، بەڵکو ئەوەشە کە مرۆڤ ناوێک، وەسفێک، یان بەکارهێنانێکی داوەتە پاڵی. لێرەشدا ئیتر دەشێت بەردێک، کە هیچ فەرقی نییە لەگەڵ بەردەکانی تر، بۆ خەڵکێک ببێتە بەردێکی پیرۆز.

هەر ئەمەشە کە کتێبی خۆتت زۆر لا ئیعجاز و زەخمە و هی خەڵکی ترت لەلا ئاساییە. چونکە کتێبی تر، بۆ تۆ تەنیا بابەتە، بەڵام کتێبەکەی خۆت، بۆ تۆ تەنیا بابەت نییە، بەڵکو بارکراوی ڕەمزییشە. ئەوەشی کە ڕەمزییە، ئیتر هەر دەرەکی نییە، بەڵکو نیوەشی هاتۆتە ناوتەوە بۆ ڕازیکردنی ئەو بەشەی ناوەوەش، بۆیە ئیتر بەشەکەی دەرەوەت لێ دەبێ بە تەیارە!

ئیعتبارەکان زمانیین، نەگۆڕی ئایدیاڵی نین، هەر ئیعتبارێک کە زمان لە شتێکی بارکردبێ، هەر زمان دەتوانێ پرسیاریشی لێ باربکاتەوە. بەڵام زمانێک دەگاتە ئاستە نادۆگم و پرسیارییەکان، کە توانای بەرهەمهێنانی بیرکردنەوە و داهێنان و فرەییکردنەوەی مانای هەبێت. بەبێ ئەمانە، زمان شکاوە و لەگەڵ دۆگمەکانیدا بۆتەوە بە یەک.

ترسناکترین و تاریکترین دۆخیش، ئەوەیە کە زمان و دۆگم ببن بە یەک جەستە، چونکە ئەوە ساتی مردنی جەستەکەشە. جا لەبەرئەوەی دۆگم خۆی دروستکراوێکی زمانییە، ئیتر هەر دەبێت لە ناو زمانیشدا چاری بکەین. یەعنی دەبێت زمان بکشێنین تا ئەوەی لە دۆگم جیاببێتەوە و مەسافە وەرگرێ لەگەڵیدا.

مەزهەب و فیرقە و یزم و ئایدۆلۆژیا کۆن و مۆدێرنەکان، ئەگەرچی هەندێکیان سەرەتایەکی فیکری و فەلسەفییشیان هەبێت، کەچی دواتر دەبنە دوژمنی سەرسەختی فیکر و فەلسەفە، چونکە هەریەک لەمانە، میزەڵانێکی زمانیی دروست دەکات، پرسیار و بیرکردنەوە، دەبێتە دەرزی و فشی دەکاتەوە. ئا لێرەوەیە حەفتا فیرقەی ئیسلامی، لەسەر هیچ شتێک کۆک نین، کەچی لە دژایەتی عەقڵ و فەلسەفەدا یەکن. ئا لێرەدایە کە مارکس دەڵێت "من مارکسی نیم" یەعنی من هێشتا سەر بە دەرزی فیکرم نەک میزەڵانی ئایدۆلۆژیا!

عەقڵ فرەییە و یەک ئاڕاستەی نییە. عەقڵ چەندێک گرنگە کاتێک کە دەمانبات بۆ لای لۆژیک و یاسای گشتی و چەمکە پەتییەکان.. ئەونەش گرنگە کاتێک کە دەمانبات بۆ لای ئیعتباری تایبەت و چەمکە سۆزاوی و ژیانی و ویژدانییەکان و کەشفکردنی ناوچە پەنهان و فینۆمینۆلۆژییە وجودییەکان!

ئەرستۆ پێش دووهەزار و قسور ساڵ، وتی فەزیلەت نێوانی ئەمسەر و ئەوسەرەکانە. عەقڵیش بەرامبەری زانست و ئەزموونگەرییە، یان بەرامبەری نەست و خەیاڵ و ئەدەب و ئیمان نییە. بەڵکو ئەوەی هەیە، هەمووی هەر جۆرە جیاوازەکانی عەقڵە و عەقڵانیەتیش نێوانی هەموویانە.

بەڵام نێوانێکی جوڵاوی زیندوو. نێوانێک کە لە هەژموونی هەر یەکێکیاندا شتانێک دیارنامێنێت، عەقڵانیەت ئەو نادیارە دەهێنێتەوە بەرچاو. ئیتر جاری وایە هەر عەقڵ خۆی، شیعرییەت و ویژدان و سۆز زاڵ دەکات بەسەر یاسا و ماتماتیک و لۆژیکدا، چونکە لەوێدا، ئەوە هاوسەنگییە!

ئەوەش ناعەقڵانیەت نییە، چونکە قەرارنییە عەقڵ یەک پێناسەی ڕەق و گیراوی هەبێت و مەسەلەن تەنیا یەکسانبێ بە لۆژیک و زانست. بەڵکو عەقڵ نەگیراوێکی ئاوییە، کە دەچێتە هەموو کونجەکانی ژیان و دەروونەوە. بەمجۆرە ئیتر عەقڵیش هەر وەکو "بوون"، هەر وەکو "خودا"، زیاتر لەگەڵ ئازادی و نەگیراوییدا دێتەوە وەک لە کڵێشە و قاڵبەکان!

لێرەشدا کە من دەڵێم زمانی عەقڵ، مەبەستم زمانێک نییە کە هیچ پێناسەیەکی دیاریکراو و سنورێکی نەگۆڕی هەبێ، بەڵکو زمانێکە تەنیا خۆی دادەهێنێ و خوی کارا دەکات. ئیتر کاراییەکەی هەرچییەک هەڵوەشێنێتەوە و بەر هەر شتێک بکەوێت، ئەوە لێکەوتەی دواترە، نەک ئامانج و مەبەستی پێشینە.

عەقڵانیەت دەرهێنانێکی ناکۆتایە لە بیری ژیاندا و هەرکەس بە سەتڵی خۆی دەریدەهێنێ. زاناکان زانست دەردەهێنن و داناکان حیکمەت دەردەهێنن و بیرمەندەکان فیکر دەردەهێنن و پێغەمبەران وەحی دەردەهێنن و هونەرمەندەکان جوانی دەردەهێنن و عارف و وجودییەکانیش بوونی ئازادی خۆیان دەردەهێنن. ئەو خۆداهێنانە فرەییەش، ڕێگا دروستەکەی ژیانە و سیستەمیش دەبێت بۆ خزمەتی ئەوە ڕێکبخڕێت، چونکە ژیانی گشتییش هەر لە خۆداهێنانی ئینسانەکانەوە ئەپدەیت دەبێتەوە.

داهێنەرەکان شەڕیان لەگەڵ کەس نییە، تەنیا دەزێن و ئەوە دەهێننە بوونەوە کە پێویستە بێت. بەڵام زهنیەتی کۆیلە، ئەوەی کە لەسەر "ڕاهاتن و ترس و دەسەڵات" دامەزراوە، شەڕیان لەگەڵ داهێنان هەیە و هەمیشە ڕێگرن لەوەی کە دێت. لێرەشدا ئازادەکان جیانین، زانا و پێغەمبەر و فەیلەسوف.. هەر وەکو یەک کوژراون و دەرکراون. ڕۆشنگەرییش هەر ئەوەیە کە کەشێکی گشتی وا دروستبکەین کە چیتر فەردی ئازاد نەکاتە دەرەوە.

"ئیمان بە غەیب" شەرتی ئیمانە، بەڵام غەیب دێوێکی فەزائیی و دەروونی و عەقیدەیی نییە، بەڵکو ئەو نوێیەیە کە لێی دەترسیت و بە دۆگمەکانت غەیب و غەریبە. ئەو ترسەش هی عەقڵ و ئیمان نییە، هی ئاژەڵەکەی سەرەتای پەرەسەندنە، کە لە خشەی هەموو گیا و گەڵایەک ترساوە لە پێناو مانەوەدا. هەر لەم ترسەشەوە کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر دروستبووە، بۆیە دەبینی، هەر کۆبوونەوەیەکی ئایدۆلۆژیی ئێستاش، هەر لەسەر ترسێک لە دەرەوەی خۆی دامەزراوە. هەر زۆڵێکی سیاسی و دینیش بتوانێ یاری بەم وەتەرە بکات، ئیتر دەتوانێ مێگەلێک کۆنترۆڵ بکاو لێیانبخوڕێت!

"کەسی ئازاد" شەڕی نییە، ئەگەرچی ئازادبوونەوەکەی دنیاش بهەژێنێ. کەسی ئازاد ترسی نییە بۆیە دەسی گەیشتۆتە میوەی نوێ. ئەوە کۆیلەکانن کە شەڕیان هەیە و هەمیشە دەترسن لەوەی کە جیاوازە و کە دێت. کۆیلە خۆی ئازادی ناناسێ، ئیتر دەترسێ لەوەی کە تاکی ئازاد دەیهێنێت. ئەوەشی کە مرۆڤی ئازاد دەیهێنێت بەر "سیستەمی ڕاهاتن" دەکەوێت. دەسەڵات و جەهلیش، هەردووکی لەسەر ڕاهاتن دامەزراون. بۆیە زۆرینەی گەمژە و کەمینەی دەسەڵات، پێکەوە دەکەونە بەرامبەر ئەو کەسە ئازادەوە.

شەڕی کۆیلە و ئازاد یەکلایەنەیە، چونکە ئازاد بەرامبەری نییە و تەنیا خۆی دادەهێنێ. بەڵام کۆیلە هەمیشە شەڕ و بەرامبەری هەیە و ناهێڵێت ئەو خۆی دابهێنێت. هیچ شەڕێکیش نییە کە کۆیلە بیباتەوە، کۆیلە زۆرینەیەکە کە تەنیا دەمارگرژیی دەکات و مێژوو دوادەخات و ئێستا خوێناوی دەکات. ئازاد بشکوژرێت دواجار هەر دەمێنێتەوە، چونکە ئەوەی کە دەیهێنێت، ڕاستەقینەیە و لە مەملەکەتی بوونەوە هاتووە. ئیتر تۆ حەلاجیش بکوژیت ئەو هەر نەمرە. ئیتر تۆ پەنجا ساڵیش بڵێیت کارەبا حەرامە، هەر خۆتت دواخستووە و دواتر هەر دایدەگیرسێنیت!

ئیتر هەزاران ساڵیش زمانی پیاوسالار درێژبکەیتەوە، تازە گومان کەوتۆتە سەر پیاوسالاری و مرۆڤ ناگەڕێتەوە بۆ پێش ئەو گومانە. لێرەشدا هیگڵ گرنگە، چونکە ڕاستە مێژوو ڕاستەهێڵیی نییە و زیکزاک و هەوراز و نشێوی زۆرە، بەڵام لە وێنە گەورەکەدا، ڕۆحی مێژوو بەرەو ئازادی دەکرێتەوە و هیچ خاڵێکی ئازادیش گەڕانەوەی نییە!

مەسەلەن ڕۆژێک لە ڕۆژان فاشیزم و نازیزم، هێندە سیحریان هەبوو، کە بووبوون بە مۆدێلێکی جیهانی. ئا ئەم سیحرە، جەنگێکی جیهانی و دەریایەک خوێنی ویست تا بەتاڵ ببێتەوە و مرۆڤایەتی لێی بەئاگابێتەوە. خۆ ئێستاش لێرە و لەوێ وردە فاشیزم هەر هەیە، بەڵام تازە هەرگیز فاشیزم نابێتەوە بە ئایدیاڵ و بە مۆدێلێکی جیهانی، چونکە سوڕی ئازادی بەجێی هیشتووە!

لەنێو تاریکی شکستەکانی سیاسەتدا، ئینسانی کورد خەریکە بۆ خۆی بگەڕێ و خۆی بناسێتەوە و خۆی دابهێنێتەوە. مەسەلەن خوێندنەوەی مێژوو جیا لە زمانی باوی ئەکادیمیا، دینداری بە زمانی خۆماڵی و جیا لە هەژموونی زمانی سەلەفی و ئیخوانی، ئاوڕدانەوە لە سەرمایە مەعنەوی و فیکری و عیرفانیەکانی خۆمان، کە ئەمانە گرنگن ، بەڵام بۆئەوەی لە زمانی فووتێکردن و وروژاندنەوە، بەرزبنەوە بۆ زمانی تێگەیشتن و زایینی مانا، دەبێت فیکر و ڕەخنە، ئەم تیشکانە هەڵگرێتەوە و بیانکاتە بە چرا و لە خەساربوونی ناو زمانە شکاوەکە ڕزگاریان بکات. دەبێت لە شەڕەشەقی زمانەوە بگەینە قۆناغی داهێنانەوەی زمان، کە هەر ئەمەش، هەمان خاڵی هەستانەوە و خۆداهێنانی ئێمەیە.

بەرانبەر جەهل و خورافە، عەقڵانیەتی لۆژیکی و زانستی ڕزگارمان دەکا و بەرامبەر تەکنەلۆژیا و عەقڵی ساردی ڕەقەمییش، عەقڵانیەتی گەرموگوڕی ویژدانی و هاوسۆزی ڕزگارمان دەکات. بەرانبەر زمانی شکاوی ئایدۆلۆژیش، کە زمانی دادگاییکردنی یەکتر و جەمسەرگیرییە، دواخستنی حوکمدان، ڕزگارییە.

حوکمدانی حازر، یەعنی زمانی بەکاربەر. یەعنی وەرنەگرتنی مەسافە و نەبوونی مەساحەیەک بۆ بیرکردنەوە و ڕەخنە و بەرهەمهێنان و داهێنان. ئایا لە نێوان خۆفوودان و خۆنەفرەتییدا ڕێگای ترمان هەیە؟ بەڵێ هەیە و ڕێگاکەش کشاندنی زمان و فرەییکردنەوەی مانا و دوورکەوتنەوەیە لە خاڵی چەقبەستی زمان.

ڕۆحی کۆمەڵگا زمانەکەیەتی. زمانە عەقڵانییەکەی نەک زمانە ڕێزمانی و شوناسییەکەی. زمانی کۆمەڵگاش فرەییە، بەڵام چونکە یەک ڕۆحە، ئیتر هەموو بەشەکانی پێکەوە بەرز و نزم دەبنەوە. ئیتر لە هەمانکاتدا: زمانی سیاسەت دەگاتە شەڕەجنێو، زمانی هونەر دەگاتە هەڵکەوت زاهیر، زمانی دین دەگاتە ڕووکەشبازی، زمانی مەعریفی دێتە ئاستی فشەپێدانی مرۆیی، زمانی کۆمەڵایەتی دێتە ئاستی نوشتەو جادوو.

هەموو ئاڕاستە و ئایدۆلۆژیا و دۆخە عاتفی و وروژاوەکان، پاڵمان پێوە دەنێن بۆ ناوچەی حوکمدان. حوکمدان بەو حوکمەی کە حازرە و هەر خۆیان بۆیان ئامادەکردوین. دەروونی ئێمەش تەمبەڵە و مەیلی بۆ ئەو حازرخۆرییە زمانییە هەیە. دەروونی ئێمەش لە تەنیایی ترساوە و مەیلی بۆ ئەم ڕەگەڵکەوتنە جەماعییانە هەیە. جا داهێنانی زمانێکی دیکە، کە زمانی ئەم یارییە دەروونییە نەبێت، ئێمە ڕزگاردەکات لە خەسارکردنی زیاتری زمان لەو یارییەدا.

کشاندنی زمان و فروانکردنی مەساحە، گرنگە بۆ دوورخستنەوەی خورافە. زمانی فیکر و زانست و داهێنان، لەکوێدا بووەستێت، لەوێدا زمانی خورافە حازرە و دەسپێدەکات. بۆئەوەی زمانی خورافە دووربخەینەوە، دەبێت زمانی بیرکردنەوە بکشێنین و تا ئەوێی بەرین کە بکەوێتە سەر سکەی پەروەردە و خۆداهێنانەوە. ئیتر ئاسایی خۆی بەردەوامبێت لە کشان و لە دوورخستنەوەی خورافە. هەر کۆمەڵگایەک ئەم زمانە کشاوە دانەهێنێت، ڕۆحی مردووە و زمانیشی شکاوە.

ئاگاداربە کە دەڵێم دوورخستنەوەی خورافە، مەبەستم دوورخستنەوەی ئیمان و میتافیزک نییە. شوێنی ئاسایی ئەمانە، ئاستە زۆر دوورەکانی زمانە و دەکەوێتە پشتی کشانەوە و لەوێوە خۆیمان پیشان دەدات، بۆئەوەی بمانبات بەرەو کشانی زیاتر و نەکەوینە وەستان و بۆشاییەوە. بەڵام خورافە ئەوەیە کە زۆر نزیکە و لە دۆخی نەکشانی زماندا حازرە!

زمان حەبلێکی زۆر گەورە و گرنگە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە دەست بە کوێی حەبلەکەوە بگرین؟ لە ڕاستییدا "زمانی شوناس" زمانی بوون و هێزی ئێمە نییە، وەک ئەوەی کە باوە و دەگوترێت، بەڵکو "زمانی عەقڵ" زمانی بوون و هێزی ئێمەیە و هەر ئەمەشە کە هێز و درەوشانەوە بە شوناسمان دەدات و دەیپارێزێت. زمانی شوناس منێکە بەرامبەر ئەوان، بەڵام زمانی عەقڵ منێکە لە خۆیدا و بۆ هاتنەبوون!

"نەتەوەسازیی" بە شوناس و شانازی دەکرێت و ئەمەش سیاسەت و مێژوو  و ئەفسانە و عاتیفە و چیرۆکی هاوبەشی دەوێت. بەڵام "مرۆڤسازی" بە عەقڵ و ڕەخنە و ئازادی و خۆداهێنان دەکرێت. ئەگەر ئەم دوو مەشروعە تێکەڵ نەکرێت و ئەگەر دووەمیان زمانی یەکەمیان نەبێت، ئیتر هەر پێش لەدایکبوونی یەکەمەکەیان پرۆژەیەکی فاشیلە. ئێمەش هێشتا ئەم مەشروعەمان نییە و بگرە عەکسەکەشیمان هەیە!

کاتێکیش کە ئیسلامیزم دێت و لە هەردووکی دەدات: هەم لە شانازیی کولتوری و هەم لە عەقڵ و ئازادی و خۆداهێنانی فەردی، ئیتر ئەوە زمانی ئیمانی ئێمە نییە، یان دەبێت پەروەردەی بکەینەوە یان دەبێت فڕێیبدەین. ئەو لە پشتی یەکمانایی و داگیرکردنی پیرۆزییەوە خۆی حەشارداوە و خۆی یەکسانکردووە بە دین، تۆ دەبێت مانا فرەیی بکەیتەوە و دین و قەداسەت لە گۆشەی تریشەوە ببینیت و دایبهێنیت.

بەو فرەییکردنەوەیەی ماناش، هەردوو زمانەکەت دەکەوێتە ئیش، زمانی کولتور و زمانی عەقڵ. لەوێوە بەرەو تاکێکی هۆشیار و کۆمەڵگایەکی گەشاوە دەچیت و هەر لەوێدا ئیمانیش دەگەشێتەوە، چونکە ئیمان، هەر وەکو هونەر، زمانی ڕەهاییە، زمانی هاتنەبوونی ئینسانە، نەک زمانی داگیرکردنی کولتوری کۆیی و لەکارخستنی عەقڵی فەردی.

هەموو یەکڕەنگکردن و قۆرخکردنێک، دەسەڵات و کۆنترۆڵە و هەموو فرەییکردنەوەیەک خۆبوون و ئازادییە. ئیمانیش سەر بە خۆبوون و ئازادییە، سەر بە دەسەڵات و مێگەل و یەکڕەنگکردن نییە. "کیرکیگارد" ئیمانی خستە سەرووی ئەخلاقەوە، چونکە تەنانەت ئەخلاقیش کڵێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و ئەوانیتر و "وەکیەکیی" دەوێت. بەڵام ئیمان تەنیا خۆتی ئازادی دەوێت، ئا لێرەوەیە کە قیامەت و هەستانەوە و ڕۆشنبوونەوە و حەدس و وەحی؛ هەر هەمووی فەردییە و هیچی مێگەلیی نییە.

دەمەوێت بڵێم، شێخ و مەلاو حوجرە، بەو هەموو کۆڵەواری و دوورییەیان لە زمانی عەقڵ و خۆداهێنانی ئینسانەوە، بەڵام هێشتا نزیکن لە زمانی شوناس و کولتوری کۆمەڵگاوە. بەڵام زمانی "ئیسلامیزم و سەلەفی و بانگخواز" جگە لەوەی زۆر دوورە لە یەکەمەوە، زۆر دوورە لە دووەمیشەوە و ئیتر هێزی تاریکییەکەشی دوو قاتە!

بۆیە ئەو عوقدە و وەحشییەتەشی کە بانگخوازێکی دکتۆر، لەبارەی سێکس و ژن و پیاوەوە قسەی پێدەکات، مەلایەکی کەمخوێنەواری کوردەوار، ئێجگار وانییە. چونکە مەلاکە هەر هیچنەبێت خەڵکی کولتوری ئێرەیە و کولتوری ئێرەش کراوەترە و عوقدەی نێر و مێی کەمترە. بەڵام بانگخوازەکە، خەڵکی زبڵخانەکەی ناو کتێبە فیقهی و سەلەفی و ئیخوانییەکانە و تووشی مەسخی کولتوریی بووە و هەموو عوقدەکانی ئەوێی گواستووەتەوە بۆ ئێرە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار