ڕوسیا: بەشار ئەسەد سوریای بەجێهێشتوە

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

- بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەستبەرداری هەڵوێستەکانی بوە و داوای گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتی كردوە.

- ڕوسیا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەمو گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا.

- داوای ڕێزگرتن لە بیروڕای هەموو مەزهەبە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کۆمەڵگەی سوریا دەكەین.

 

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، هیچ مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی بنکە سەربازییەکانی لە سوریا نییە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەستبەرداری هەڵوێستەکانی بوە و داوای گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتی كردوە، ئەوەش دوای دانوستان لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی شەڕی چەکداری سوریا.

ئاماژەی بەوەشكرد، مۆسكۆ بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچون بۆ ڕوداوە دڵتەزێنەکانی سوریا دەكات و ڕوسیا بەشداری لەو دانوستانانەدا نەکردوە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە ڕاگەیەندراوەكەیدا، بانگەوازی لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە خۆیان لە بەکارهێنانی توندوتیژی بەدور بگرن و هەموو کێشەکانی حوکمڕانی لە سوریا بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر بکەن، هەروەها دەڵێت: ڕوسیا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەمو گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا.

ئەوەشی خستەڕو، داوای ڕێزگرتن لە بیروڕای هەموو مەزهەبە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کۆمەڵگەی سوریا دەكەین و پشتیوانی لە هەوڵەکان بە ئامانجی پڕۆسەیەکی سیاسی گشتگیر لەسەر بنەمای بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان دەكەن کە بە کۆی دەنگ پەسەندکرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیوادارین ئەم ڕەوتە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان و هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لەبەرچاو بگیرێت و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ دڵنیابون لە سەلامەتی هاوڵاتیانی ڕوسیا لە سوریا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، بنکە سەربازییەکانی ڕوسیا لە سوریا لە ئامادەباشی تەواودان و لە ئێستادا بەر هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی جددی نەکەوتون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار