یەکێتی نیشتمانی بەرەو کوێ دەڕوات؟ (١)
مەحموود مەمەدئاغا
2 مانگ لەمەوپێش
مەحموود مەمەدئاغا
بەپێچەوانەی ئیدیعای میدیای زەبەلاح و رێکلامچی و زوڕناژەنی حیزبی، پرۆسەی لەبەریەکترازان و بچووکبوونەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەک تەنیا نەوەستاوە، بەڵکە خێراییەکی زیاتری پێوە دیارە. لەوە دەچێ کە بەهاری ئەو حیزبە کۆتایی هاتبێ و گیرۆدەی پاییزێکی پڕزریان و تەم و مژاویی بێت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پێی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ و ئامانج و ستراتێژییەکانی، حیزبێکی سۆسیال دێموکڕاتە و ساڵەهایە ئەندامی فەرمیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی سۆسیال دێموکڕاتەکانە، واتە "ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست"، کە نەمر مام جەلال لەو ڕێکخراوەدا جێگەوپێگەیەکی تایبەتی و کاریگەر و بەرچاوی هەبوو. ئێستا پاش کۆچی دوایی مام جەلال و بەتایبەتی لەم یەک دوو ساڵەی ڕابردوودا و بە دیاریکراویش پاش کودەتاکەی ٨ی تەمووز و پاکتاوکردنی جیاوازبیران و سەرکردە و کادێرە ڕەسەن و دێرینەکانی حیزب؛ لەوانەش کاک لاهور تاڵەبانی و هاوبیرەکانی و دەیان سەرکردە و ئەندام و پێشمەرگەی دێرین، تەنیا بە چاوخشاندنێک بەسەر گوتار و کردەوەکانی ئەوحیزبە و وتەبێژ و سکرتێر و سەرکردەکانیدا، گۆڕان و جیاوازییەکی بنچینەیی بەرچاو دەکەوێت. یەکێتی نیشتمانی لە بنەما و ئامانج و بایەخە حیزبییەکانی خۆی بەتەواویی دوور کەوتوەتەوە و لە حیزبێکی سێکۆلار و دادپەروەر و شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازی کوردستانی و نیشتمانییەوە ماوەیەکە بەرەو ڕێکخراوێکی قۆرخکراوی بەرچاوتەنگی بێ گوتاری دواکەوتووی خێزانی هەنگاو دەنێت و ئێستاش لە چەقی ئەو دۆخ و زەلکاوەدایە. بڕیاڕ و ئیرادەی تاک، جێگای بە بڕیاڕ و ئیرادەی گشتیی و حیزبی لێژ کردووە. سەرکردایەتییەکی بێدەسەڵات و دەستەمۆ کە تەنیا و تەنیا بە بڕیاڕ و ئاماژەکانی سکرتێرە تاقانەکەی هەڵدەسووڕێت و خاوەنی هیچ چەشنە سەربەخۆییەکی هزری و کردەیی نییە، سەرجەم جومگەکانی حیزبی لەبەریەک ترازاندووە. چەمکی نیشتمانپەروەریی کەمڕەنگتر لە هەمیشەیە. پشتئەستووربوون بە هێزی دەرەکیی و میلیشیای دژە کورد، جێگای پشتبەستن بە ئیرادەی شۆڕشگێڕانە و هاونیشتمانی و خەڵکی خۆی، گرتووەتەوە. بەرژەوەندیی تاکەکەسی و خێزانی لە پێش بەرژەوەندیی حیزبی و ئەمەشیان لە سەرووی بەرژەوەندیی نەتەوەییدایە. بەپێچەوانەی میژووی دەیان ساڵەی سیستەمی بەڕێوەبەرایەتیی نێوخۆیی ئەو حیزبە کە بە پێی سانترالیسمی دێموکراتیک و هەڵبژاردنی بەرپرسانی حیزبی لە سەری سەرەوە تا خواری خوارەوە دیاریی دەکرا، ئێستا هەمووی لە ژێر ڕکێفی تاکڕەوێکی ناپروفێشیوناڵ و ناشارەزا بە مێژوو و بەرنامە و چارتی ڕێکخراوەیی و حیزبیدایە.
ئەگەرچی یەکێتی نیشتمانی پاش خەسارەگەورە و لەقەرەبوونەهاتووەکەی کۆچی نەمر مام جەلال توانی بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک کادێر و ئەندامی دێرین و شارەزای خۆی، تا ڕادەیەک بکەوێتەوە سەرپێ بەڵام بەداخەوە تەمەنی ئەو دۆخەلەبارە کورتبوو و زۆری پێنەچوو کە چەند میراتپەرستێکی بەرچاوتەنگ دەستیان بەسەرداگرت و بۆشاییەکەی نەمانی مام جەلالیان چەند هێندە بەرینتر کردەوە.
یەکێتی نیشتمانی ئێستا ئیتر بە هۆکار و ئامانجە ڕاستەقینەکانی دامەزراندنی خۆی بەتەوای نامۆیە. حیزبێک کە قەرار بوو وەک ئامرازێک بۆ خەبات لە پێناو ئازادیی و بەختەوەریی کورد و کوردستان بەکار بێت، ئێستا گیرۆدەی وەهمی پاشاگەردانییەکی چەواشەی خۆبەزلزان بووە کە نەتەنیا لە پێگەی جەماوەرییبوونی خۆی دوور کەوتووەتەوە، بەڵکە وەک توێژێکی دابڕاو لە خەڵک و جەماوەری لێهاتووە کە جگە لە قازانجی گیرفان و تێرکردنی پێویستییە رۆحییە ئاڵۆزەکانی تاقمێک، چیتر نابینێت. مەخابن کە بەرهەمی خوێن و ڕەنجی هەزاران مرۆڤی شۆڕشگێڕ بەمجۆرە بەفیرۆ دەچێت.