سوریا بەبێ ئەسەد

د. سەردار عەزیز
4 مانگ لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
ئەم یەکشەمەییە، یەکەمجارە پاش زیاتر لە نیوسەدە سوریا بەبێ ئەسەد و خێزانەکەی. شەوی ڕابوردوو ئەسەد بە فڕۆکەیەک بەرەو حەمایم هەڵات و پاشان گومانی ئەوە هەیە چوبێت بۆ مۆسکۆ، چونکە پێشتر خێزانەکەی ناردوە. کە دیکتاتۆر دەڕوات، لە پاش خۆی سێ شتی سیمبولیک جێدەهێڵێت: بەندیخانە، کۆشک لە گەڵ ژمارەیەکی زۆری پەیکەر و وێنای بێ زەوق. هەموو ئەمانە ئامراز و سیمبولی دەسەڵاتێکن کە دەبێت نەبێت. کەوتنی ئەسەد کەوتنی دەسەڵاتی خێزانییە، کە خەریکە دەبێتە مۆدێل لە ناوچەکە. ئال ئەسەد، جیاوازە لە هەر دیکتاتۆرێکی تر. دەسەڵاتی خێزانەکان عەقڵیەتێک و واقیعێکی خولقێنراو دروست دەکەن کە تیایدا کۆمەڵگا دەکەن بە دوو بەشەوە، خێزانەکانیان و ئەوانیتر. ئەوانیتر بە سروشت کەمترن. ئەم هاوکێشەیە، یەکێک لە دەرئەنجامەکانی دوورکەوتنەوەیە لە کۆمەڵگا و چونە باوەشی دەرەوەیە. سیستەمی دەسەڵات لە ناوچەکە هەتا ئێستا بە گشتی لەم دۆخەدا دەژی، لە مرۆڤخستنی ناوەوە و خزمەتکردنی دەرەوە.
خێزان سەردەمانێکی زۆر لە مێژوی ناوچەکەدا بنەمای دەسەڵات بوە، بەڵام لە سەردەمی مۆدێرنەدا چیدی ناتوانێت بە مۆدێلی پێشمۆدێرنە بەردەوام بێت. بۆیە هەمیشە لاوازە و ناتوانێت هاوسەنگی نێوان دەرەوە و ناوەوە بکات.
وەک بینیمان ئەسەد لە دواجاردا تەنها بوو. هەموو دیکتاتۆرەکان لە ئەنجامدا تەنهان. کاتێک سەدامیان لە کونەکەی دەرهێنا، ئەویش تەنها بوو.
کەوتنی ئەسەد مانای زۆرە، نەک تەنها کەوتنی دەسەڵاتی خێزانی نیە، هەروەها کۆتایی بەعسە وەک یەکێک لە دڕندەترین مۆدێلەکانی حوکم. بەعس سەرەتا کابرایەکی مەسیحی بە بیریدا دێت وەک ڕێگایەک بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی نوێ بۆ پێکەوەبونی کۆمەڵایەتی لە سەر بنەمای نەتەوە و هاوڵاتی و ڕزگاربوون لە مۆدێلی ئەهیلی ذیمە، کە مەسیحی ناو کۆمەڵگا ئیسلامییەکان وەک کەمتر دەبینینێت. بەڵام بەعس لە دەسەڵاتدا بوو بە هێزێکی تێکەڵ لە پان-عەرەبیزم، پاشان قوتریی، پاشان خێزانیی و شەخسیی. ئەم تێکەڵەیە کوشندەبوو بۆ هەموو ئەوانەی لە سایەیدا ژیان. بەعس لە سەرەتاوە بڕوای بە کودەتا هەبوو، وەک شێوازی گەیشتن بە دەسەڵات. لە ڕێگای ئەمەوە بڕوای بە توندوتیژی هەبوو لە پیادەکردنی دەسەڵاتدا.
کەوتنی ئەسەد کۆتایی دەسەڵاتی ڕوسیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سوریا لە سەردەمی خێزانی ئەسەددا، هەمیشە لە ڕوسیاوە نزیکبوو هەتا ڕۆژئاوا. بۆ روسەکان سوریا گرنگ بوو، بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست، هەبونی پێگە لە ناوچەکە و بوون بە بەشێک لە ململانێی زلهێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دۆکترنی پریماکۆڤ بە کورتی وەهابوو، ڕوسیا زۆر هەوڵیدا ببێت بە بەشێک لە ڕۆژئاوا بەڵام قبوڵ نەکرا، بۆیە تەنها ڕێگا بۆ قبوڵکردنی ڕکابەریکردنە، لەو جێگایانەی کە دەسەڵاتی ئەمریکی لاوازە، وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام سوریا لە زۆر روی ترەوە گرنگ بوو بۆ ڕوسیا.
پاش ئەوە یان پێش ئەوە کۆتایی بەرەی مقاوەمەیە. وەک ڕوسیا، ئێرانیش خەونی هەبوونی پێگەی هەبوو لە سەر دەریای ناوەڕاست لە ڕێگای لوبنان و سوریاوە. بەڵام کەوتنی ئەسەد، حیزب اللە هێندەی تر لاواز دەکات.
کەوتنی ئەسەد وەک بومەلەرزەیە بۆ بەغدا. بەغدا نازانێت چی بکات، هەرچەندە تازە درەنگە. بەغدا پەرتبوو لە نێوان بینینی سوریا وەک بەرەیەک یان وەک جیاوازێک، کە لە قوڵاییدا جەدەلی نێوان دەسەڵاتی تایفی و دەسەڵاتی دەوڵەتییە.
ئێستا عێراق دەبێت بە هیوابێت کە جۆلانی کۆنە بەندی، لە عێراق کە ئێستا بوەتەوە بە ئەحمەد شەرع، ئامانجەکانی تەنها لە ناو سوریادابێت، کە وەها دیارە، نەک بەوەی بڕوای پێی نیە، بەڵکو ئەزمون و واقیع زیاتر پراگماتیی کردوە.
بێگومان ئەگەر دەسەڵاتی نوێی سوریا خواستیشی نەبێت کاریگەری دەبێت لە سەر عێراق.
ئەوەی لە هەموو گرنگترە کوردە. کورد سودمەندە لە کەوتنی ئەسەد، هەروەها ئێران، بەڵام ئەوەی جێگای داخە زاڵبونی تورکە. ئەمەش لە سەر ئەمریکا وەستاوە. هەتا ئێستا ئەمریکا هەڵوێستی باشە. تەنانەت ترەمپیش لە تویتەکەیدا کە دەڵێت سوریا هاوڕێمان نیە، دەکرێت وەها بخوێنرێتەوە، کە ئەمریکا دەیەوێت پێگەی خۆی بپارێزێت بەڵام نابێت بەبەشێک لە مللانێی ئیسلامی و ئەسەد. هەمیشە ترسی ئەمریکیەکان ئەوەبوو کە لە پێناو داکۆکی لە کورد ناچاربن سود بە ئەسەد بگەیەنن، بەڵام ئێستا ئەو مەترسییە لە ئارادانیە.
هەموو ئەمە لە سەر ترەمپ وەستاوە. باوەڕناکەم پێش هاتنی ترەمپ فشارێکی زۆر لە سەر کورد بکرێت. بەڵام کەمبونەوەی فشاری ئێران یان نەمانی، ئاسانکاری دەکات بۆ ڕۆژئاڤا کە پێش هەموو شتێکی تری ئیقلیمی بەرژەوەندی خۆی لە بەرچاو بگرێت.
