سلاڤۆی ژیژەك تەنیا قوڵ نادوێت، بوێرانەش ڕادەوەستێت!

کارزان عەزیز
4 مانگ لەمەوپێش
كارزان عەزیز
ماوەیەک بەر لە ئێستا فەیلەسوفی سلۆڤینی "سلاڤۆی ژیژەک" لە سیمپۆزیەمی "تاکو کۆتایی جیهان" لە تۆرۆنتۆ سیمینارێکی دەربارەی "سەرمایە" پێشکەش کرد. لەو سیمینارەدا، ژیژەك بە قوڵی باسی دژیەكییەكانی ئایدۆلۆژیا و قەیرانەكانی سەرمایەداری و ئەو گۆڕانانە دەكات كە بەهۆی گۆڕانە تەكنەلۆژی و كۆمەڵایەتییەكانەوە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتوون. ئەوەی لە هەموو شتێك زیاتر سەرنجی ڕاكێشام بریتی بوو لە بوێرانە ئاڵنگاریكردنی كۆمەڵێك تێگەشتنی پێشوەختە دەربارەی ئازادی، ئەخلاقیات، و هەروەها بەشێك لەو گەشانەی كە مرۆڤایەتی لە سەردەمی هاوچەرخدا بەدەستیهێناون، لەگەڵ ئاماژەكردن بە زۆرێك لەو ناكۆكی و دژیەكییانەی كە جیهانی مۆدێرن لە هەناوی خۆیدا هەڵیگرتوون، وەك جۆرێك لە هەل و بوار بۆ بەگژداچوونەوەی قەیرانەكانی جیهانی نوێ. هەمیشەش كە بەر ژیژەكێكی لەم جۆرە دەكەوین، ئەو پرسیارەمان بۆ دروست دەبێت كە ئایا چۆن ژیژەكێكی هێگڵی، ئەوەی كە فەلسەفەكەی لەسەر دیالەكتیك و ناكۆكی وەستاوە، هێندە ڕەخنەی دژیەكییە مۆدێرنەكان دەكات، ئایا ئەمە دژ بە دیالەكتیكە هێگڵییەكە نییە. بەتایبەتیش لەو سۆنگەیەوە كە بە شیمانەكراوی دەتوانین بڵێین كە ژیژەكێكی هێگڵی، لە هەمانكاتدا ژیژەكێكی ماركسییشە بەوەی هەرچەندە بەبێ دژیەكییەكان ناتوانێت بیربكاتەوە، بەڵام هاوكاتیش لە هەموو جێگایەكدا ڕەخنەی دژیەكییەكانی سەرمایەداری دەكات و خۆی لێنابوێرێت. لەمە زیاتر لەو بارەیەوە ناڵێم تاكو خۆی لە كۆتاییدا ئەمە باشتر ڕوون دەكاتەوە.
پێش هەر شتێك، ئامادەبووانی گەنج دەیانەوێت لەسەر ئەرزەكە دابنیشن لە كاتی پێشكەشكردنی سیمینارەكەدا، بەڵام ڕێگەیان نادرێت و داوایان لێدەكرێت لەسەر كورسییەكان دابنیشن. کاتێک ژیژەك دەبینێت گەنجەكان بەبێ دەربڕینی هیچ ناڕەزایەتییەك، ڕێنماییەكە وەك خۆی قبوڵ دەكەن، دەوروژێت و دەڵێت پێمخۆشە لەم خاڵەوە دەست بە سیمینارەكەم بكەم. سەرەتا، هانی ئامادەبووان دەدات كە ئەو ڕێگرییە بشكێنن و لەو شوێنە دابنیشن كە خۆیان دەیانەوێت. بە تێبینیكردنی ڕاستەوخۆی ئەم ڕێگرییە، دەچێتە ناو بابەتەكەیەوە و كتوپڕ هێرشێكی تووند دەكاتە سەر ئایدۆلۆژیا. دەڵێت: كاتێك كۆمەڵگا شتێكت لێ قەدەغە دەكات و تۆش گوێڕایەڵی دەكەی، ئەوا تۆ گەمژەی. بۆیە دەڵێت كە كۆمەڵگا هیچ شتێك قەدەغە ناكات، بەڵكو ڕێگات لێدەگرێت كە ڕاستەوخۆ ئەنجامی بدەیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێتدەڵێت بە نهێنی ئەوە ئەنجام بدە كە بە ڕوونی قەدەغە كراوە. بەمپێیە، ئەوە بڕیاری خۆتە كە ئەنجامی دەدەیت یان نا. ئەمەش لە جێگەیەكی دیكەدا پەیوەست دەكاتەوە بە نوكتەیەكی كۆنی خۆیەوە دەربارەی ئازادیی لیبڕاڵ كە پڕە لە ڕیاكاریی و كۆنزێرڤەتیزمی نادیار؛ بە مانایەكیتر، دەڵێت ئایدۆلۆژیترین ئازادی، ئازادییەكەی ئەمڕۆیە. هەرچەندە لیبڕاڵیزم ئازادی ئەنجامدانی شتێكت پێدەدات، بەڵام زۆر كات بەو مەرجە ئەو ئازادییەت پێدەدات كە ئەو ئازادییە بەكارنەهێنیت. ئەمەش ڕەهەندێكی دەسەڵاتخوازانەی ئازادی لە كۆمەڵگا كراوەكانی ئەمڕۆدا دروست دەكات. هەروەها دەڵێت: "لەژێر ڕیگەدانە ئاشكراكەوە، قەدەغەیەكی شاراوەش بوونی هەیە." ئەمەش وەك كۆنتڕۆڵێكی سایكۆلۆژیی بەهێزی ئایدۆلۆژیای ئەمڕۆ دەبینێت كە وا خۆی نیشان دەدات ڕێگا بە تاكەكان دەدات پیادەی ئازادی بكەن، بەڵام لە ڕاستیدا، هەموو ئازادییە لیبڕاڵەكان هێزی قەدەغەكردنی لە خۆیدا هەڵگرتووە بەبێ ئەوەی تێبینی بكرێت.
هەر لەو بارەیەوە چەند نموونەیەك دەهێنێتەوە. لە نموونەیەكدا باس لە كوشتنی ژنێك دەكات لە ئەمریكا كە هیچ كەسێك پۆلیسی لێ ئاگادار ناكاتەوە، وەك ئەوەی كە بە ڕاستی هیچ كەسێك تاوانەكەی نەبینیبێت. بەڵام دواتر بۆیان دەردەكەوێت كە 35 كەس تاوانەكەیان بینیوە و قسەیان نەكردووە. لە دەرئەنجامدا بۆیان دەردەكەوێت كە هەر یەكەیان بەو بەهانەیەوە بێدەنگ بوون كە پێیانوابووە كەسێكیتر پۆلیس ئاگادار دەكاتەوە. لە ڕووداوێكی دیكەدا لە چین، ژنێكی بەساڵاچوو لە پاسێك بەردەبێتەوە و كڵۆت (سمت)ی دەشكێت. دواتر كەسێك هەڵیدەگرێتەوە، دەیبات بۆ نەخۆشخانە، چارەسەری دەكات، پارەی پێدەدات، و دەیباتەوە بۆ ماڵەوە. دواتر ژنەكە بیر لەوە دەكاتەوە (یانیش دەخرێتە مێشكیەوە) كە هاوكارییەكی لەو شێوەیە لە خۆڕا نییە و لەوانەیە هەر لە سەرەتادا ئەو پیاوە پاڵی پێوە نابێت و ویستبێتی پاداشتی بداتەوە یان خۆی چارەسەری بكات. بۆیە ژنەكە سكاڵای لەسەر تۆمار دەكات، و بەبێ ئەوەی لە ڕاستیدا پیاوەكە تاوانبار بێت، دادگا دۆزەكە لە بەرژەوەندیی ژنەكەدا بە كۆتایی دەگەیەنێت. دواتر، لە ڕاپرسییەكدا كە لە چین لەبارەی ڕووداوەكەوە بڵاودەكرێتەوە 85% ئەو كەسانەی كە وەڵامیان داوەتەوە دەڵێن لە دۆخێكی ئاوادا ئامادە نین دەستی هاوكاریی بۆ هیچ كەسێك درێژ بكەن. ئەمەش دەرخەری ئەو كۆنتڕۆڵە سایكۆلۆژییەی ئەمڕۆیە. بەڵام ئەوەی لە هەموو ئەو نموونە سەرنجڕاكێشانەدا ژیژەك ئاماژەی پێناكات ڕۆڵی دەسەڵاتی دەوڵەتییە بە شێوە واقعییەكە، وەك زەبەلاحترین ئامێری سیاسیی مۆدێرن، كە لە بنەڕەتدا گەورەترین دەزگای لیبراڵییە و ئامانجێتی متمانە لەنێو تاكەكاندا نەهێڵێت. دەوڵەتی لیبراڵ هەوڵ دەدات ئازادیی بكات بە پانتاییەكی هێندە تەسكی تاكەكەسی كە مرۆڤەكان لە هیچ دۆخێكدا دەستوەرنەدەنە ژیانی ئەوانی دی، تەنانەت ئەگەر ئەم جۆرە هاوكاریكردنانەش بێت، پێمان دەڵێت تۆ حەقی ئەویتر نەبێت، من ئاگام لە هەموویەتی.
لەوێوە، ژیژەك درێژە دەدات بە ڕەخنەكانی دەربارەی ناكۆكییە بونیادییەكانی سەرمایەداری كە پێیوایە هۆكارن لە ملدانی مرۆڤایەتی بۆ قەیرانە ئیكۆلۆجی و كۆمەڵایەتی و وجودییەكان. ئاماژە بەوە دەكات كە جیهان نزیكبووەتەوە لە زنجیرەیەك لە سنوور و دواخاڵ، هەر لە خراپبەكارهێنانی سروشتەوە بە ڕادەیەک کە توانای گەڕانەوەی بۆ دۆخی پێشتر نەماوە، تا دەگات بە داڕوخانی خاوەندارێتیی فكری و ناسەقامگیریی وابەستەیی كۆمەڵایەتی. لەو بارەیەوە دەڵێت: "تادێت لە كۆتایی دونیا نزیكتر دەبینەوە لەبەرئەوەی تادێت كەمتر و كەمتر پێویستمان بە قەدەغەكردن و ڕوخسەتپێدان هەیە؛ واخەریكە هەردووكیان تێكدەشكێن و دادەڕوخێن و دەبن بە هەمان شت." لانی كەم پێیوایە كە سەرمایەداری لەسەر ئەو خەونە لادەرانە بەردەوامیی بە خۆی دەدا كە وادەردەكەون دژ بە سیستمەكەن و سەرمایەدارییش واخۆی نیشان دەدات كە دژیان دەوەستێتەوە، كەچی ئەگەر خودی سەرمایەداری خۆی بەرهەمهێنەری ئەو خەونە لادەرانە نەبێت، ئەوا هەموویان كۆنتڕۆڵ و ئیحتیوا كردووە. بۆ نموونە، خەون و فەنتازیای یاخیبوون لە سیستەم، ئەمە جۆرە خەونێكە كە بە ڕاستی تادێت سەرمایەداریی بەهێزتر دەكات، بەڵام خەونێكیشە كە تا ئەو سنورە ڕیگای بینینیمان پێدەدات كە بە ڕاستی نەبێت بە مەترسی لەسەر خودی سیستمی سەرمایەداری. بۆیە ڕێگامان دەدات خەون بە ئازادییەوە ببینین، بەڵام تا ئەو جێگایەكی كە خەونی ئازادبوون نەبێت لە سەرمایەداری خۆی.
یەكێكیتر لەو مەترسییانەی كە ئاماژەی پێدەكات تەكنەلۆژیا و ڕۆڵیەتی لە گۆڕین و لێكترازانی پەیوەندییەكانی نێوان مرۆڤەكان. لەمەدا یەكێكیتر لە نموونە كۆنەكانی خۆی دەهێنێتەوە كە پێیوایە هەرچەندە سێكس لەگەڵ كەسێكدا دەكەین بەڵام خەیاڵمان لەلای كەسێكی دیكەیە؛ سێكس، بەو مانایە، گۆڕاوە بۆ دەسپەڕ. كەواتە ئەو مرۆڤەی سوبێكی لەگەڵدا دەكەین، مرۆڤێك نییە كە ئارەزووەكەی لەسەر دامەزرابێت، بەڵكو تەنیا ئۆبێكتێكە و ئارەزووەكە لە ڕێگەیەوە چێدەبێت، فەنتازیاكە لە جێگایەكی دیكەیە، لای ئەویترێكی ئایدیاڵی كۆتانەهاتووە. بەمەش، سەرمایەداری و تەكنەلۆژیاكەی مرۆڤ و سوبێكتەكانی بەشێوەیەك لەیەك دابڕاندووە و نامۆكردووە، هەرچەند جەسەدییەن پێكەوەشن، بەڵام نامۆكراون و چیتر لە پەیوەندیدا نین، هەمیشە یەكێك سوبێكتە و ئەویدیكە ئۆبێكت، كەسێك بكەر و بەكاربەرە و ئەویدیكە بەركار و كاڵا. بەمشێوەیە، تەكنەلۆژیا مرۆڤی كورتكردووەتەوە بۆ شت و كاڵا. ژیژەك ئەمە تەنیا وەك ئەو نموونەیە دەهێنێتەوە كە لە ڕێگەیەوە باس لە ترێندێكی كۆمەڵایەتیی قوڵ دەكات كە تێیدا ئەزموونی مرۆیی بووە بە قوربانی تێربوونێكی ساختە و ڕووكەش. ئەمەش ئەگەر بریتی بێت لە جۆرێك لە نامۆبوونی نێوان-مرۆیی، (inter-subjective alienation)، ئەوا تەكنەلۆژیا گەورەی دەكاتەوە و كۆمەڵگایەكی لێوە بەرهەمدەهێنێت كە پانتای و ژیانی هاوبەش و گشتی دەكەوێت و پارچەپارچە دەبێت بۆ فەزا و پانتاییە بچووك و تاكەكەسییەكان.
سەبارەت بە پێشكەوتنە تەكنەلۆژییە تازەكان، لە جۆری ژیریی دەسكرد، ئاگادارمان دەكاتەوە لەوەی كە دەكرێت لێكەوتەكانی ئەم جۆرە پێشكەوتنەی لێكئامێزانی مەعریفەی مرۆیی لەگەڵ مەكینە و ئامێرە دەرەكییەكاندا، مەترسیدار بێت. بۆ ئەو مەبەستە داوامان لێدەكات كە بیر لە سیناریۆی دیستۆپیایەك (داهاتووی وێرانبوو) بكەینەوە كە تێیدا چیتر مرۆڤەكان، بە تێئاخنینی ئامێر بۆ ناو مێشكیان، سەربەخۆییان نەمێنێت. سەرەتاییترین هەستمان ئەوە دەبێت كە چیتر هەست بە ئیرادە و ئازادیی خۆمان ناكەینەوە؛ هەروەها، بەو هۆیەشەوە، چیتر خۆمان بە بەرپرسیار نازانین لە هەر پێشهات و ڕووداوێك. لەبەرامبەر ئەم شەپۆلە نوێیەدا، پێیوا نییە كە ئەم سیناریۆ دیستۆپییە بە حەتمی دێتەدی و ڕوودەدات، بەڵام بە ڕوونی بانگهێشتمان دەكات بۆ بەشداریكردن لە ڕووبەڕووبوونەوە و ڕەخنەكردنی ئەم جۆرە سیناریۆیانەدا، لانی كەم وەك بوونەوەری پاسیڤ و ناچالاك لە چاوەڕوانی قبوڵكردنی هەر پێشهاتێكدا نەبین.
لەناو هەموو ئەو تەوەر و ئارگومێنتانەدا كە دەیانكاتەوە، لەگەڵ ئەو هەموو ڕەخنەیەی كە هەیەتی، ئازایانە بەو تەمەنەوە بە بەهێزی ڕاوەستاوە و پێی نەكەوتووەتە ناو نائومێدییەوە. هەرچەندە بە ڕوونی دژیەكی و قەیرانەكان دەبینێت، بەڵام وا لێیاندەڕوانێت كە پێكڕا هەلن بۆ ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكاری. بۆیە دەڵێت: "تراژیدیای سەردەمەكەمان ئەوە نییە كە ناتوانرێت شتەكان بگۆڕدرێن، بەڵكو تراژیدیاكە ئەوەیە كە شتەكان لە پێشترەوە دەستیان بە گۆڕان كردووە، خۆ ئەگەر شتێك لەو بارەیەوە نەكەین، ئەوا بۆ خراپتر دەگۆڕدرێن." لەمەشدا، تەنیا ڕەخنەی ڕەزامەندی و قایلبوونی چینە باڵادەستەكان ناكات، بەڵكو هەروەها ڕەخنەی شەلەلكەوتنی بزووتنەوە چەپەكانیش دەكات، كە پێیوایە كاتی دەستكاریكردن و چاكسازیی بەرەبەرە و هەنگاوبەهەنگاو نییە، بەڵكو كاتی ئەوەیە جارێكیتر بیر لە بونیادەكانی كۆمەڵگا بكەینەوە. بەو هۆیەوە لە كۆتاییدا، هەم ڕەخنەی پرۆپۆزەڵ و پڕۆژە واقعییە ڕووكەشییەكانی چەپەكان دەكات بۆ گۆڕان و هەمیش ڕەخنەی چالاكوانان و ڕۆشنبیران دەكات لە پینەكردنی نەزمی هەنووكەدا. لەو نێوەندەدا، داوا لە مرۆڤایەتی دەكات بە ئازایەتی و ڕوونییەوە ڕووبەڕووی قەیرانەكان ببنەوە. جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو سیستمانەی حوكممان دەكەن بە قوڵی گەندەڵ و كەموكورتن، هەروەها ئەوەش نییە كە بێ لاوازی و دەستلێنەدراو بن. بۆیە دەڵێت: هیچ ئایدۆلۆژیایەك بێ ناكۆكی و ناڕێكی نییە،" بیرمان دەخاتەوە كە تەنانەت باشترین و بەهێزترین بونیادەكانیش خاڵی لاوازیان هەیە. هەر لەناو ئەو ناكۆكی و ناڕێكییانەشەوەیە كە هەلە ڕاستەقینەكان بۆ گۆڕان لەدایك دەبن.
كاتێك ئێمەی كورد بەر ئەم جۆرە تیۆر و تێزانە دەكەوین، ئەو پرسیارەمان ڕووبەڕوو دەبێتەوە كە ئایا لە كوێی ئەم جیهانە و ئاڵوگۆڕ و ڕووداوە زۆروزەوەندەكانیداین. بمانەوێت یاخو نا، دەرئەنجامەكانی ئەم جۆرە لێكدانەوانە، ڕەهەندێكی نائومێدكەری تێدایە، بەتایبەت بۆ كورد و لە ساتێكی مێژوویی وادا كە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەروبەندی گۆڕانێكی فرە ڕەهەند دایە. پێموایە تەنیا هەڵبژاردەمان ئەوەیە كە باشتر لێی تێبگەین، بۆ ئەمەش هەمیشە پێویستمان بە خۆپڕچەككردنی مەعریفییە، نەك داخرانی فكری و سەلەفیزم چونكە نموونەی ئەو هێزانەی كە ئێستا لە سوریا پەلاماری هەموو كرانەوەیەك دەدەن، ئەوانەی لە ئەفغانستان و ئێران و سعودیە تاریكستانێكیان بەرهەمهێناوە، لە كوردستانیشدا وەک ماتەوزە و هێزەکییانە خۆی مەڵاسداوە. جا بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لە هاتنەدەرەوە و چالاکبوونیان بگرین، پێویستە کۆی ئەو سیستمە ڕەتبکەینەوە كە ئەم هەموو ناكۆكییە ئایدۆلۆژی و كۆمەڵایەتییانەی بەرهەمهێناوە؛ تاكو بتوانین بەشدار بین لە دروستكردنی جیهانێكی دادپەروەر و یەكساندا، وەك ئەوەی لە ئێستادا ڕۆژاڤا ئەزموونی دەکات و بووە بە چرایەك لەناو دڵی ئەو تاریکییە سەرتاپاگیرەدا.
لێرەوە گرتە لە بەستەرەكە بكە.
