هێزە سیاسیەكانی عێراق داوای چڕکردنەوەی هەوڵە ئەمنییەکان لەسەر سنورەکانی عێراق و سوریا دەكەن

4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- بەدواداچونکرا بۆ بارودۆخی هاوڵاتیانی عێراقی لە سوریا.
- باس لە ئەو ڕێوشوێنانە کرا کە گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی خاکی عێراق لە هەر کاردانەوەیەک کە لە سوریا ڕودەدەن.
- هەڵوێستی سیاسی عێراق یەکگرتوە بەرامبەر پێشهاتی ناوچەکە و نەخشەڕێگایەکیش دانراوە بۆ دیاریکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوریا.
سەرۆکایەتییەکان و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆبونەوەیەکیان بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی سوریا ئهنجامدا و جهختیانكردهوه، لەسەر گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە ئەمنییەکان لەسەر سنورەکانی عێراق و سوریا و پشتیوانیکردن لە ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەکان.
بهگوێرهی راگهیهندراوێكی سهرۆكایهتی كۆمار، لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید و بە ئامادەبونی محهمهد شیاع سودانی سەرۆک وهزیران، مهحمود مهشههدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، دادوهر فایهق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆشکی بەغدا کۆبونەوەیەکیان سازکرد بۆ تاوتوێکردنی پێشهات و ڕوداوەکانی سوریا و کاردانەوەی ئەمنی و سیاسیی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و تەواوی ناوچەکە، هاوکات هەر لەو کۆبونەوەیەدا بەدواداچونکرا بۆ بارودۆخی هاوڵاتیانی عێراقی لە سوریا و پێویستی دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەلامەتی ئەو کەسانە کە مەبەستیانە بگەڕێنەوە وڵات.
لە کۆبونەوەکەدا باس لە ئەو ڕێوشوێنانە کرا کە گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی خاکی عێراق لە هەر کاردانەوەیەک کە لە سوریا ڕودەدەن، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە ئەمنییەکان لەسەر سنورەکانی عێراق و سوریا و پشتیوانیکردن لە ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەکان.
هەر لە کۆبونەوەکەدا گەلی عێراق دڵنیا کرایەوە کە ڕێوشوێنی ئەمنی پێشوەختە گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیان لە هەر هەڕەشەیەکی نائاسایی.
لە کۆبونەوەکەدا هەڵوێستی پتەوی عێراقی دوپاتکرایەوە لەسەر پێویستی پاراستنی یەکڕیزی و ئاسایش و سەقامگیری سوریا، جەختییشکرایەوە لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە سەروەری خاکی سوریا و بژاردەکانی گەلی سوریا بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و ئارامی بژین، داواشیان لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد کە هەوڵەکان بخەنەگەڕ بۆ پشتگیریکردن لە سەقامگیری ناوچەکە.
لە کۆبونەوەکەدا جەختکراوەتەوە کە هەڵوێستی سیاسی عێراق یەکگرتوە بەرامبەر پێشهاتی ناوچەکە و نەخشەڕێگایەکیش دانراوە بۆ دیاریکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوریا.
