ئێران: بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی سوریا و ناوچەکە دەكەین

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

- جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی سووریا دەکاتەوە.

- پێشبینی دەکەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت.

- بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسوکەوتی کاراکتەرە کاریگەرەکان لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی سوریادا رێباز و هەڵوێستی گونجاو دەگرێتەبەر.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند دیاریکردنی چارەنووس و بڕیاردان لەسەر ئایندەی سووریا بەرپرسیارێتیی خەڵکی ئەو وڵاتەیە، بەبێ دەستێوەردانی وێرانکەر و سەپاندنی دەرەکی.

 وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، دیاریکردنی چارەنووسی گەلی سووریا پێویستی بە کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان دەستبەجێ پێشگرتنە لە کردەوە تیرۆریستییەکان و دەستپێکردنی دیالۆگی نیشتمانی بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا، لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان کە نوێنەرایەتیی هەموو گەلی سووریا بکات.

 وەزارەتەکە هاوکات، جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی سووریا دەکاتەوە کە رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ دۆخی وڵاتەکە دەخاتەڕوو.

وتيشى: پێشبینی دەکەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت.

 ئاماژە بەوە دەدات، ئێران بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکە دەکات و بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسوکەوتی کاراکتەرە کاریگەرەکان لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی سووریادا رێباز و هەڵوێستی گونجاو دەگرێتەبەر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار