سوریا لەدۆزەخی بەعسەوە بۆ دۆخێكی نادیار
سەرتیپ جەوهەر
2 ڕۆژ لەمەوپێش
🔻 بۆ كورد دۆخەكە نەگۆڕاوە، حزبی بەعس بڕوای بەمافی كورد نەبوو، ئەوانەی هاتووشن شۆڤینیترن
🔻 رەنگە ئەمریكا هەوڵبدات لەچوارچێوەی لێكتێگەیشتنی جنێڤ مامەڵە لەگەڵ سوریادا بكات
✍️ سەرتیپ جەوهەر
قۆناغی دوای رووخانی ئەسەد زۆر زەحمەت دەبێت. هەموو ئەو هێزانەی گەڕاونەتەوە دیمەشق هێزی چەكدارن و بڕوایان بەدیموكراسی و حوكمڕانیی سەردەمیانە نییە. ئەوانەی ئیسلامیی توندڕەون لەبنەڕەتدا بڕوایان بە دیموكراسی نییە، ئەوانەیشی خۆیان بەعیلمانی دەزانن، حزب و گروپی توندڕەوی شۆڤینین، لەلایەن توركیا یان وڵاتێكی عەرەبییەوە پشتیوانیی دەكرێن، لەمەش خراپتر ئەوەیە هیچ رەگ و ریشە و بنكەیەکی جەماوەرییان نییە! هەروەك چۆن لەنێو ئۆپۆزسیۆندا هیچ كاریزمایەك نییە تا لایەنەكان لەدەوری كۆببنەوە و ببێتە سەنتەری بڕیاردان یان بتوانێت جڵەوی بارودۆخەكە بگرێتە دەست یان لانیكەم بەرزەفتی لایەنەكان بكات! بۆیە نەك ئاسان نییە ڕاستەڕێبوونی دۆخی دوای رووخانی ئەسەد، بەڵكو بڕواناكرێت بەمزوانە ئەو وڵاتە سەقامگیر بێت و پێشبینی دروستبوونی شەڕی ناوخۆش دەكرێت. چونكە ژمارەیەكی زۆر هێز و میلیشیای چەكدار هەیە و هەریەكەیان گرێدراوی بەرژەوەندی وڵاتێكە و بەرزەفتكردنیان ئاسان نییە.
سەبارەت بەپرسی كورد دەتوانین بڵێین بەرچاوڕوونی هەیە. ئەو هێزانەی هاتوون كاتێك موعارەزەبوون بەئاشكرا دژی مافی نەتەوەیی گەلی كورد بوون. لە مێژووی توركیا و سوریا بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوو هەمشە ئۆپۆزسیۆن شۆڤینیتر و دەمارگیرتربوون دژی مافی گەلی كورد! بۆیە نابێ چاوەڕێ بكەین لەدوای رووخانی ئەسەد ئەوانەی حوكم دەگرنە ئەستۆ هیچ گۆڕانێك لە تێگەیشتنیان دروستببێت، بەڵكو رەنگە بەشێك لەوهێزانە بە هاندانی توركیا زیاتر دژی قەوارەی رۆژئاوای كوردستان بن.
بەكورتی كورد لە رۆژئاوای كوردستان رێگەیەكی دوور و درێژ و پڕ زەحمەتیان لەبەردەمە، ئاسان نییە مامەڵەكردنیان لەگەڵ دۆخی نوێی سوریا. بۆ كورد، شتێكی ئەوتۆ نەگۆڕاوە، ئەوانەی رۆیشتن مەبەست رژێمی بەعسە، هیچ بڕوایان بەپێكەوە ژیان و دیاریكردنی مافی چارەنوسی گەلی كورد نەبوو، ئەوانەی هاتوشن هەمان تێگەیشتنیان هەیە، كەوایە بۆ كورد رێگەكە دیسان سەختە.
بەر لەوەی رژێمی سەدام بڕوخێت، ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بە كوردەوە چەندین كۆبونەوە و كۆنفرانسی جیاجیا كرا. سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن كەسایەتی دیاری عیراق بوون و حزبەكانیان رەگوریشەی جەماوەرییان هەبوو، لە خەباتێكی هاوبەشدابوون دژی رژێمی بەعس، بۆیە بەر لە رووخانی رژێم لە هەردوو كۆنگرەی هەولێر و لەندەن لەكۆتایی ساڵی2002 دا، نەخشەڕێی دوای رووخانی بەعس داڕێژرا كە بریتی بوو لە شێوەی دەوڵەتی نوێی عیراق كە بریتی بوو لە عێراقێكی فیدراڵی دیموكراتی فرەیی لە چوارچێوەی سیستمێكی پەرلەمانییدا لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان. لەكۆتاییدا لایەنەكان بەڵگەنامەیەكیان ئیمزاكرد بەناوی بەڵگەنامەی ئیدارەدانی دەوڵەت بۆ قۆناغی ئینتیقالیی.
بۆ سوریا بەرچاوروونی نییە، بەڵام بەپێی لێدوانی یەكێك لە بەرپرسانی ئەمریكا، پێدەچێت واشنتۆن خواستی هەبێت لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنی جنێڤ (30 جوزەیرانی 2012) بیەوێت مامەڵە لەگەڵ دۆخی سوریادا بكات. ئەو لێكتێگەیشتنەی كە دواتر بە بەیاننامەیەك كۆتایی هات و بریتی بوو لە چوارچێوەیەكی سیاسی بە چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریا و گواستنەوەی دەسەڵات بەمشێوەیە:
یەكەم: پێكهێنانی دەستەیەكی كاتیی بۆ حوكمڕانیی بە دەسەڵاتێكی سنوردارەوە، کە لە ئەندامانی لایەنە سیاسیە سەرەكییە جیاوازەكان پێکهاتبن.
دووەم: رێككەوتن لەسەر نوسینەوەی دەستور و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەر بە بەشداری هەموو خەڵكی سوریا.
سێیەم: دابینكردنی پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بەشێوەیەكی رێكوپێك و گرەنتیكردنی پابەندبوونی لایەنەكانی سوریا بەجێبەجێكردنی.
لێكتێگەیشتنی كۆبونەوەی جنێڤ دوای دەستپێكردنی ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی سوریابوو. جگە لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش هەریەكە لەتوركیا و چەند وڵاتێكی عەرەبی لەچوارچێوەی كاروباری كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی بەشداربوون وەك عیراق و كوێت و قەتەر. دواتر ئەو رێككەوتنە لەبڕیاری 2254 ساڵی 2015ی ئەنجومەنی ئاسایش جێگەی كرایەوە وەك نەخشەڕێگای گۆڕان لە سوریا.