رژێمی بەشار کەوت، چارەنوسی سوریا چی لێدێت؟
نیاز حامد
2 ڕۆژ لەمەوپێش
کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەدەکان هات و خودی بەشاریش هەڵات.
نیاز حامد
شەوی رابوردوو راگەیەنرا کە تەواوی دامودەزگاکانی رژێمی بەشار ئاشبەتاڵیان لێکرا و سوپاکەشی پەرتو بڵاوبۆتەوە و وڵات لە ناو گێژاوێکی گەورەدا گوزەردەکات، جگە لە دەڤەرەکانی ژێر دەسەلاتی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەریی دیموکراتی هیچ رووبەرێک نییە ئارامی تیدا بێت، تێکڕای تاڵانکردن و کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و چۆڵکردنی زیندانەکان، وەک دیاردەیەک بەتوندی بوونیان هەیە.
جێگای خۆیەتی باس لە ئەو کارەکتەرانە بکەین کە زۆرترین سودیان بۆ خۆیان لە بوونی بەشار ئەسەد لە سوریا بینیوە، کە بریتین لە تورکیا، روسیا و ئێران، هەریەکەو بە جۆرێک، ئەو سێ لایەنە بەتایبەتی ئیران و تورکیا بوونە هۆکاری بەکوشتدانی سەدەها هەزار کەس لە سوریا.
کاتێکیش زۆرهات و ئەمەریکا وئیسرائیل بڕیاریاندا رژێمی سوریا بڕوخێنن، نە روسیا و نە ئێران نەیانتوانی بیپارێزن. هەموو دەزانین بەشار ئەسەد وەک بوکەڵە شوشەی دەستی ئێران و روسیا بوو و، تورکیاش بە ئیتفاق لەگەڵ هەردولا، زێدەی فایدەی لە بوونی بەشار دەدی.
ئەردۆگان نەیدەویست رژێمی بەشار بکەوێت، بەڵکو دەیویست بەکاری بهێنێت بۆ لێدانی کورد لە بارۆس. ئەوەی رێگەی نەدەدا بەشار وئەردۆگان کۆببنەوە، روسیا و ئێران بوون، ئێران دەیویست ئەو هێرش وپەلامارانەی بۆ سەر ئیسرائیل لە رێگای پرۆکسیەکانییەوە بگاتە ئەنجام، ئینجا بەشار لەگەل ئەردۆگان دابنیشێت، روسەکانیش بەهەمان شێوە لە کۆریدۆری ئابوری ئەمەریکا وئیسرائیل دەترسا، هەروەها دەیویست لە رێگای سوریاوە سەودایەک لەگەڵ ئەمەریکا بە ئۆکرانیا بکات، پێشموایە ئەوەی دەستدەکەوێت.
ئەوەی زۆر زیان دەکات لە غیابی رژێمی بەشار ئەسەد، ئێران و تورکیایە.
چۆن؟
ئێران ئیدی بە سەدان کیلۆمەتر لە سنورەکانی ئیسرائیل دوورکەوتەوە، لە کایەکانی نێودەوڵەتی ئێستا زۆرلاواز دەبینرێت، چونکە نەیتوانی بەرگری لە حزبولا بکات و نە لە رژێمی بەشار. بەهاسانی لە فاکتەری گەورەی هەرێمی چۆوە ناو قاوغەکەی خۆی، تا جارێکی دیکە رۆڵ پەیدا دەکات، رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دوورە بمێنێت. ئێران لێدانێکی گەورەی لەلایەن تورکیاوە وەبەرکەوت، بۆیە ناکۆکییەکانی نێوانیان زۆر دەبێت، لە ناکۆکییەکانی ئەو دوو داگیرکەرە سەرسەختەی کوردستان، هەرچوار پارچەی کوردستان فێدەی زێدە دەبینن.
هەرچی تورکیایە، ئەو راستیە دەزانێت، کە گروپی نوسرەی جۆلانی بەشێکە لە تۆڕی دامودەزگاکانی مۆساد و هەواڵگری ئەمەریکا، رەنگە هەندێ پەیوەندیشی هەبێت لەگەڵ تورکیا، بۆیە ئەو هێزەی ئێستا کۆنترۆڵی بەشێکی گەورەی سوریا دەکات خودی نوسرەیە لە ژێر هەژموونی تەواوی تورکیا نییە. تورکیا تەنها گروپە تیرۆریستەکانی بەناو سوپای نیشتمانی هەیە کە زۆر لاوازن. ئەوەتا دە رۆژە هەوڵدەدەن لەلای منبەجەوە بێنەپێشێ، ناتوانن و بەزیانی گەورە لێیدەردەچن.
تورکیا بەناچاریی ئەرێی ئەو کردانەی رۆژی ٢٧ ی مانگی رابوردوو کرد.
لەلایەن گروپە تیرۆریستەکانیان لە حەلەب بە تەعلیماتی میت، ئاڵای خوێناوی دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەیەک دالەقاند. مانایەکی سیمبولی بە بینینی خۆی دای بە رای گشتی ناوخۆ دەنا هیچ گرنگییەکی نەبوو، بەڵکو زیانیشی هەبوو.
لەدوای رووخانی رژێم ئیدی رەوشی سوریا باشتر نابێت لەوەی پێشتر، بەڵکو سەرەتای نەهامەتیگەلێکی دیکە چاوەڕێی گەلانی سوریا دەبێت. گەورەترین کێشە شەڕی ناوخۆیە نێوان گروپە تیرۆریستەکانی سەر بەتورکیا و نوسرە، هەروەها گروپە تیرۆریستەکانی تورکیا و بارۆسە.
بە دەستبەکاربوونی ترامپ لە ئەمەریکا، کە پشتیوانی هەرە لەپێشی ئیسرائیلە، بەبێ گرێ کوێرە لە غیابی روسیا و ئێران، سەرلەنوێ نەخشەی سیاسی ناوچەکە و بەتایبەتی سوریا دادەرێژرێتەوە کە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و پڕۆژەی کۆریدۆری ئابوریدا دەبێت لە دژی چین.
تاکە ئاستەنگێک کە ئەمەریکا هەی بێت بوونی تورکیایە لە ناو هاوکێشەی ناوچەکە.
ئەگەر لە ئەستانە هەرسێ دەوڵەت، روسیا، ئێران وتورکیا لەسەر ئەوە پێکهاتبوون کە ئەمەریکا لە دەڤەرەکە دەربکەن، ئێستا هەرسێ دەوڵەت لە لاوازترین رەوشدان ناتوانن پیلان یا هەوڵی ئاوا بدەن ئەمەریکا لە دەڤەرەکە دەربکەن، چونکە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە بوونی ئەمەریکایە وپێچەوانەکەشی هەر راستە.
ئیسرائیل بۆ ئەوەی لەناوچەکە ئاسایشی نەتەوەیی پارێزراو بێت، پێویستی بەو فاکتەرانە هەیە:
🔹 - ئێرانێکی لاواز.
🔹 - تورکیایەکی لاواز.
🔹 - ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەواوی عەرەب، کە هەندێ هەنگاوی باشی بڕیوە و دەیەوێت بەرەو کۆتای ببات.
🔹 - توندکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد، بەتایبەتی لە بارۆس، چونکە نزیکترین نەتەوە لە ئیسرائیل جگە لە عەرەب، دوروز و کوردن. دروزەکان هیزیان نییە، لێ کورد هێزێکی زۆری هەیە و لەسەر جوگرافیای سوریا بوونی سەلمێنراوە.
🔻 - کوردی مۆدرێن، کوردی کلاسیکی مورتەزەقە نییە.
کوردی مۆدێرن کە کوردی بەناموسە و پەکەکە پێشەنگایەتی دەکات، خاوەن روئیا و پرۆژەی خۆیەتی و، ئیسرائیل و ئەمەریکییەکان تەنانەت روسەکانیش ئەو راستیە دەزانن. نابێتە داردەستی هیچ دەوڵەتێک و گروپێک، لێ ئامادەیە لەگەڵ هەر لایەک لەسەر خاڵە هاوبەشەکان دانوستاندن بکات. ئەوەتا هەسەدە لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر چەندین خاڵی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش کۆکن و چەندین ساڵە بەیەکەوە کاردەکەن. بۆ ئیسرائیلیش بەهەمان شێوە، تەنانەت لەگەڵ رژێمە فاشستەکەی ئەردۆگانیش ئامادەی گفتوگۆ ودانوستانن، چونکە ئەو تەڤگەرە لەسەر بناغەی راستینەی گەلێک دەچێتە دانوستانەوە و بەرژەوەندی گەل و خاکەکەی نەگۆڕە.
کوردی کلاسیک کە ماڵباتی بارزانی نوێنەرایەتی دەکات، ئامادەن بۆ بەرژەوەندی ماڵباتەکەیان و مانەوەیان لە دەسەڵاتدا هەموو ڕێکارێکی سیاسی و نا سیاسی بگرنەبەر.
لەم رۆژانەدا دەنگی بەرز لە ناو و لەدەرەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل دەبیستین کە هەرچی زووە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کورد بەهێز بکەن، وەک بۆ خۆیان دەڵێن، ئیسرائیلییەکان بێ دۆستن، کورد باشترین دۆستیانە.
لەسەردەمی نەبوخوزنەسر و ئاشوربانیاپاڵدا گەلی یەهودی چەندینجار تووشی کۆمەڵکوژیی وهەڵاتن بوون، تاکە نەتەوەیەک کە پەنایدان وەک هاوڵاتی پلە یەکی حساب دەکردن، کورد بوو لە ئیمپراتۆریەتی میدیا. ئەوە ڕۆحیەتی کوردی بەناموسە کە پێکەوەژیان لەگەڵ گەلانی دیکە وەک ئەرکێکی مرۆیی دەبینێت.
وەک کەجەکە لەدوایین بەیاننامەدا تەکەسی کردەوە کە لە بارۆس پێویستە پشت بەخۆ ببەسترێت و هیچ لایەنێک یا دەوڵەتێک نابنە زەمانەتی مانەوە، لێ لەهەمان کاتیشدا دانوستاندن و خاڵی هاوبەش لەگەڵ کارەکتەرە بەهێزەکانی رۆژهەڵاتیی ناڤین پێویستە. رێبەری گەلان لە سەرەتای ٢٠١٥ باسی لە رۆڵی ئەمەریکا و روسیا کرد، پەیوەندی دورستکردن لەگەڵیاندا بە ئەرێنی وەسفکرد، لە پێناو پاراستنی گەل و دەستکەوتەکانی لە رۆژئاڤا.