سوپاس ئیسڕائیل

ئارام ڕەفعەت

دوێنێ



ئارام ڕەفعەت

لەم دوو رۆژەدا ئیسڕائیل بەشێکی زۆری ژێرخانی سەربازی سوریای وێرانکرد. ئەم وێرانکردنە زۆرینەی دامەزراوە بەرگرییەکانی سوریای گرتۆتەوە، هەر لە فڕۆکە و فڕۆکەخانە جەنگییەکانەوە تا دەگاتە سەکۆی بەرگری ئاسمانی و کەشتی دەریایی و عەمباری چەک و تەقەمەنی و بنکەکانی توێژینەوەی سەربازی و موخابەراتی ئەو وڵاتە.

لەم وێرانکارییەیدا، فرۆکەخانەی قامیشلۆشی لەبیر نەکرد. ئاخر دەوڵەتان دوور دەڕوانن و ئەگەر گریمانەی گەڕانەوەی قامشلۆ بۆ ژێر داگیکاری سورییەکان گریمانەیەکی لاوازیش بێت، ئەوان حیسابی جدی بۆ دەکەن.

عەرەب گووتەنی “الاحسان بالتمام”. بەو ئومێدەی ئیسڕائیل ئەم کارە “ئیحسان”ەی تەواو بکات و تانک و زرێپۆشەکانیش قەلاچۆ بکات و دڕۆنی گرووپە توندڕەوەکانیش لەبیرنەکات و سوریای ئاییندە والێبکات بیگێڕێتەوە بۆ سەردەمی قۆچەقانی و شمشێر وەشاندن.

هەر وڵاتێک و هەر دەوڵەتێکی ئەم دوونیایە ببێتە هۆی لاوازی سیاسی و سەربازی هەرکامێک لە چوار داگیرکەرەکەی کوردستان، ئەوا گەورەترین خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات.

ئایا دەزانن تورکەکان کە بۆ یەکەم جار لەمێژوودا فڕۆکەی سەربازییان دەستکەوت و توانییان بەکاری بێنن، لە ساڵی ١٩٣٠دا بوو و بۆ قەتڵوعامی کورد بەکارییان هێنا؟

ئایا دەزانن کە بۆ یەکەمجار لەمێژوودا عەڕەبەکانی عێر اق فڕۆکەی سەربازییان بەکارهێنا لە ساڵی ١٩٦١ دا بوو و یەک لەسەر سێی گوندەکانی کوردستانییان پێ وێرانکرد.

ئایا دەزانن کە بۆ یەکەمجار کۆماری ئیسلامی فڕۆکەی جەنگی بەکار هێنا دژی عێڕاق و لە جەنگی عێڕاق ئێران نەبوو، بەڵکو لە دژی کوردەکان بوو، کە راستەوخۆ دوای فەتوای جیهادی خومەینی دژی کورد فرۆکە جەنگییەکانی داگیرکەر رۆژهەڵاتییان کردە گۆمی خوێن؟

چۆن دەزانم ئەسەدێکی رێویلە جەنگەڵێکی پڕ لە رەوە کەمتیار و گەلەگورگ و چەقەڵی لەدوای خۆی جێهێشتووە، ئاواش دەزانم یەکەم هێرش و قەتڵوعامی ئەم رەوە کەمتیار و گەلەگورگە دژی رۆژاڤا دەبێت و ئەگەر فڕۆکەی جەنگیشییان لەبەردەست بێت دار و بەردی رۆژاڤا  بەسەر یەکەوە ناهێڵن.

دەزانم ئیسڕائیل تەنها و تەنها بۆ پاراستنی خۆی کەوتۆتە وێرانکردنی هێزی بەرگری و سوپای سوورییەکان دوور و نزیک و بەهیچ کلۆجێک بە مەبەستی پاراستنی کورد ئەم کارە مەردانەیە ناکات و نەیکردووە، بەڵام مادام کوردیش ناراستەوخۆ لەم بەرنامە مرۆییەی ئیسڕائیل سوودمەندە، منیش وەک کوردێک پڕ بەدڵ دەڵێم سوپاس نەوەکانی یوسف و یەعقوب و بەهیوای بەردەوامبوونتان لەم ئەرکە پیرۆزەدا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار