بە کوردی و بە کورتی
جووتیار ڕەشید
دوێنێ
مەترسیەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان
جووتیار ڕەشید
دۆخی سوریا یەکێکە لە دۆخە ئاڵۆزەکانی ئەم ناوچەیە، سەرەڕای فرەڕەنگی نەتەوەیی و فرەمەزهەبی کۆمەڵگەی سوری، سەرەڕای ئەو ڕەوشە ئاڵۆزەی دەسەڵاتی کەمینەی مەزهەبی شیعی بەسەر زۆرینەی سونی و کورد و دروز و کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکانی تریدا سەپاندبوو، سەرەڕای پێگەی جیۆپۆلەتیکی سوریا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بەتایبەتیش لە دوای دروستبونی بەرەیەکی چەکداری بەرەنگاری لە ئێرانەوە بۆ ئێراق و سوریا و لوبنان هەتا گەیشتە غەزە، کۆتایی هاتنی بەهاری عەرەبیش لە سوریا کێشەیەکی گەورەتری بۆ سوریا زیادکرد ئەویش ئەوە بوو سوریای کردە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی شەڕی تیرۆر.
کورد لە سوریا سەرەڕای ئەو هەموو ئاڵۆزیانەی سوریا لە کۆی پارچەکانی تری کوردستان بێ مافترین و سەرکوتکراوترین کوردن، تەنانەت هەتا ڕوخانی ئەسەدی کوڕیش ڕەگەزنامەی سوریشیان پێنەدراوە و وەک ئاوارە و میوان مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، دەسەڵاتی سوریا وەک ئاوارەی کوردی باکور مامەڵەی لەگەڵ کردون، کوردێکی ئاوارەی باکور کە دەیان ساڵە لە باکوری کوردستان دەسەڵاتی تورکیا سەرەڕای کۆمەڵکوژی تەنانەت دان بە زمان و ناویشیاندا نانێت وەک کورد.
بەهاری عەرەبی و شۆڕشی گەلانی سوریا وەک لێکەوتەیەکی ئەو بەهارە دەرفەتێکی بۆ کورد لە سوریا ڕەخساند وەک کۆی پێکهاتەکانی تری سوریا بەشداربن لەو شۆڕشە و خۆیان ئامادە بکەن بۆ سوریای دوای شۆڕش.
بەداخەوە شۆڕشی گەلانی سوریا ١٣ ساڵ بە چەندین قۆناغی خوێناوی و کاولکاریدا ڕۆیشت هەتا بەو سەرەنجامەی ئێستای دوای ڕوخانی ئەسەد گەیشت؛ کە دووبارە ڕووبەڕووی دواڕۆژێکی نادیارکراوەتەوە.
کورد لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی سوریاوە بەشداری کارای کرد چ لە شۆڕش چ لە تێکشکاندنی داعش و لە ئێستادا خاوەن هێزێکی تۆکمەی سەر ئەرزی سوپایە بەڵام هێشتا لەبەردەم مەترسی گەورەدایە و لە ئێستادا بە هەستیارترین و مەترسیدارترین قۆناغیدا تێدەپەڕێ هەتا ئەو ڕۆژە لە دەستوری داهاتوی سوریادا مافەکانی بە دەستوری دەکرێن.
گرنگترین و دیارترین ئەو مەترسیانە:
١- تورکیا
دەسەڵاتدارانی تورکیا خۆیان دەڵین دژی هەر دەستکەوتێکی کوردانن لەهەر کوێیەکی دونیا بێت، بۆیە لەیەکەم ڕۆژی شۆڕشی گەلانی سوریاوە تاکە ئامانجی تورکیا لە سوریا تێکدانی دەستکەوتی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان.
مەترسی تورکیا گەورەترین مەترسیە لەسەر کورد لەبەر سێ هۆکار:
ا ــ هەروەک باسمکرد مەترسی تورکیا مەترسیەکی ستراتیجیە و بەشێکە لە ستراتیجی تورکیا.
ب ــ تورکیا یەکێکە لە زلهێزە کاریگەرە هەرێمیەکان و توانای بەرژەوندی گۆڕینەوە و پاشقولی سیاسی و ئابوری لەسەر کورد هەیە لەگەڵ هێزە کاریگەرە هەرێمییەکان.
هەرەوەهاش ئەندامی ناتۆیە و هەمان ڕۆڵ دەتوانێ بگێڕێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ج ــ قوڵایی بیری ئیخوانی لە ناوچەکە و جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا، تەنانەت لە خودی کۆمەڵگەی کوردیدا، خۆ نمایشکردنی خودی ئەردۆگان و پارتەکەی وەک ڕابەر و مەرجەعی هێزە ئیخوانیەکان کاریگەری تورکیای لە ئێستای دوای ڕوخانی ئەسەد زیاتر کردوە لە کاتێکدا کۆی ئەو هێزانەی بەشداریی کارایان لە ڕوخانی ئەسەددا کرد لە هێزە ئیخوانیەکانن.
٢-دۆخی ناوخۆی کورد
بەڵای گەورەی کوردان بەدرێژایی مێژوی دور و نزیک دووبەرەکی ناوخۆیی و پەرتەوازەیی و دابەشبونی کوردان بوە بەسەر زل هێزە کاریگەرەکاندا.
بەداخەوە لە ئێستاشدا ئەو بەڵایە وەک خۆی ماوە، کورد لە ئاستی نەتەوەییدا ستراتیجێکی یەکگرتو و بڕیاردەرێکی ناوەندییان نییە.
لەسەر ئاستی سوریاش لەسەر ئەرز هێزێکی تۆکمەی ناوەندبڕیاری کارگەر و بە دیسپلینیان هەیە کە توانیویەتی هەتا ڕادەی هاوپەیمانی ئەمریکا بڕوا.
بەڵام لەم لاشەوە هێزێکی دابەستەی هەزاران چەکداری ڕاهێنراو و پۆشتە و پەرداخی ئامادەکراوی هۆتێلە گەرم و نەرمەکانی هەولێر و ئەنقەرەشیان هەیە کە هاوپەیمانی تورکیا و گروپە کوردکوژەکانی تورکیایە کە عەفرین و ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستانیان داگیرکردوە، ئەم هێزە چەندین ساڵە ئامادە و پەروەردەکراون بۆ ئەمڕۆ و دواتر بۆ دروستکردنی دوو ئیدارەیی و دوو هێزی چەکداری هاوشێوەی ئەوەی دەیان ساڵە لە باشور پێوەی دەناڵێنین.
٣-پێکهاتەی هێزەکانی سوریای دیموکرات
هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشی زۆرینەیان لە عەرەب و غەیرە کوردن، واتا هێزەکانی سوریای دیموکرات هێزی کوردی تایبەت نین، ئەوە لە ڕوی سیاسی و دیموکراتیەوە ئامادەکاریەکی مۆدێرن و دەستپێشخەرییەکی ناوازەی کوردە بۆ داهاتوی سوپای سوریا، بەڵام ڕیسک و مەترسی خۆشی هەیە، بۆ؟
ئەم هەوڵەی کورد هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی مێژوو و کات، لە کاتێکدا هێشتا عەرەبی سوریا بنکەی جەماوەرییان ئامادەی ئەو گۆڕانکاریە گەورەیە نین.
ڕوخانی ئەسەد بە دەستی جۆلانی و گروپە هاوشێوەکانی باشترین سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن، لە لایەکی تریشەوە پستگیری یان بەلایەنی کەمەوە چاونوقاندنی ئەمریکا و ئیسرائیل و زلهێزە هەرێمی و جیهانیەکان لەو گروپانە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لە سوریا هەمان مانا و تێگەیشتنی ئەو هێزانەمان پێدەڵێت لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگەی سوریی.
ئەوەش مەترسیەکی جدیە لەسەر پڕۆژەکەی ڕۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەلاتی سوریا.
مەترسیەکە گەورەتریش دەبێت ئەگەر هەستی نەتەوەیی عەرەبی و مەزهەبی بەشە سەربازییە عەرەبیەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بگەشێتەوە و لە ژێرکاریگەری و فشاری تورکیا، سەرۆکخێڵ و هێزە بڕیار بەدەستەکانی ئێستای گۆڕەپانی سوریا بتوانن بەشێک لە پلە باڵاکانی هێزە چەکدارەکانی سوریای دیموکرات بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و ئەو هێزانە توشی پەرتبونی ناوخۆیی بکەن.
هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، هەوڵی دوو ئیدارەیی کوردە دابەستەکانی هەولێر و ئەنقەرە و پەرتبوونی ناوخۆیی هێزە چەکدارەکانی سوریای دیموکرات سێ مەترسی ترسناکن لەسەر داهاتووی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
بۆیە پێویستە کورد لە سوریا بە جدیی وەریانبگرن و دژە پلانیان بۆ هەریەکێکیان هەبێت.