لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە (٦)
عەبدولڕەزاق شەریف
8 كاتژمێر لەمەوپێش
عەبدولرەزاق شەریف
کۆتایی دوەم هەفتەی نۆڤەمبەری دووهەزاروسیانزە، رۆژێک پێش سەردانی مەسعود بارزانی، بەیانییەکەی پێکەوە دانیشتبوین.
وتی: من سبەینێ ئەچم بۆلای کاک مەسعود، پرسیارێکت لێدەکەم ... بەڕای تۆ چی پێ بڵێم ؟
بەڵام پێش ئەوەی وەڵامم بدەیتەوە راستیەک هەیە، لەوە تێبگە و بزانە، ئنجا وەڵامم بدەرەوە .
من و ئەو متمانەیەکی تەواومان بەیەکتری هەیە، با هەڵە تێنەگەیت، ئەتوانی ناوی بنێی " متمانەی کۆبونەوە " ! لەسەرەتای یەکتریناسینەوە، لەناوەراستی هەشتاکانەوە، هەرکات پێکەوە دانیشتوین و کۆبونەوەمان کردوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیە و هەتا ئێستا، متمانەی ئامانەتی قسەوباسی کۆبونەوەمان پاراستوە، بەتەواوی دڵنیایی و ئامانەتەوە قسەی دڵی خۆمانمان پێکەوە کردوە و ئەیکەین، تەنانەت گلەیی و نارەزایی لەهاوڕێکانی خۆشمانمان بەیەک گەیاندوە، هیچ کات قسەی نێوانمان نەچۆتە دەرەوە. ئەمە یەکێکە لەسیفەتە هاوبەشەکانی نێوانمان، ئەو زۆریش بێتاقەت و عاجز دەبێ کاتێ قسەی تایبەتی مەجلیسەکانی بچێتە دەرەوە .
دەی ئێستا وەڵامم بدەرەوە، من چی پێ بڵێم ؟
من گشت وێستگەکانی کاری پێکەوەیی، دۆستایەتی، توڕەبون و تەنانەت دوژمنایەتیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی پێشوی نێوانیانم دەزانی . دەشمزانی ( ب گ ) بڕیاری چونە دەسەڵاتی لەکۆنفرانسی نیشتیمانی خۆیدا، وەرگرتوە. بەبیستوچوار کورسی پەرلەمانی، بەشداری حکومەتێکی ئیئتیلافی دەکات . کێشە و کۆسپی سیاسی و یاسایی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و هەڵوێستی بزوتنەوەکەش لای هەموان ئاشکرابوو، بۆیە وتم :
مامجەلال نەخۆشە و جارێکیتر نایەتەوە ناو کایەی کاری سیاسی! دڵنیایی بدەرێ کەتۆ سەری ئەوت ناوێ، بەبێ رێکەوتن مەیەرەوە .
هەرئەورۆژە، کاتی سەردان و چونەکەی خستە بەردەم جڤاتی نیشتیمانی و بۆ بەیانی بەتەنیا، گەیشتە بارەگای بارزانی .
دوای چەند سەعاتێکی کەم، ناوەرۆکی سەردان وکۆبونەوە و رێککەوتنی نێوان نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی بوە مانشێتی رۆژنامە و گۆڤار و هەواڵی رادیۆ و تەلەفزیۆنەکان . لەناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی و حیزبەکانیتریشدا، هەواڵ و باس، زانیاری و شیکردنەوەی زۆری بەدوای خۆیدا، هێنا .
لەگەڕانەوەدا، رۆژی دواتر، خەڵکێکی زۆر سەردانیاندەکرد، هەموانیش لەدەوری وەڵامی یەک پرسیار دەخولانەوە :
(لەگەڵ بارزانی باسی چیتانکرد )
ئەویش دەیوت: هەمو شتێکمان باسکرد تەنیا ئەوانە نەبێت کە رۆژنامە و تەلەفزیۆن و کەناڵەکانی راگەیاندن لەسەر کۆبونەوەکە دەیڵێن .
بۆ هەمو پرسیارەکان، ئەم وەڵامەی هەبوو ..!
شەڕی داعش بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرت و پەیوەندی نێوان " نەوشیروان مستەفا و مەسعود بەرزانی " راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەرێگەی مستەفای سەید قادرەوە کە وەزیری پێشمەرگە بوو، توندوتۆڵتر دەبوو .
لەکاری سیاسی، ململانێ و مونافەسەی نێوان سەرکردەکانا، زۆرجار رەفتارێکی سادە و ساکاری حساب بۆنەکراو، هەڵەیەکی کۆمەڵایەتی، هەڵەیەک لە ئەتەکێتی دیبلۆماسی ... کەلێنێکی گەورە یان برینێکی قوڵ بەجۆرێک جێدەهێڵێت کەئیتر پەیوەستی شکۆ و عیزەتی نەفسی سەرکردە و حیزب و تەنانەت نەتەوە و نیشتیمانیش دەبێت. زۆرێک لەشەڕە گەورەکانی دنیا، لەناواخندا ئەم شەڕی شکۆ و کەرامەتەیە، دواجار ماڵوێرانی گەورە ئەخوڵقێنێت ، لەئەدەبیاتی سیاسیدا، پێی ئەڵێن ( شەڕی ئیرادە) .
ئەو رۆژەی مەسعود بارزانی ( لەگەڕانەوەی مامجەلالدا، کاتی نەخۆشیەکەی، لەئەڵمانیا وە بۆ سلێمانی ) بێ ئاگاداری بزوتنەوەی گۆڕان و پەیوەندیکردن، سەردانی دەباشانیکرد ! بێ هاتنیش بۆلای نەوشیروان مستەفا و گوێدانە لێکەوتە و کاردانەوەکانی بۆ سەری رەش گەڕایەوە، هەڵەیەکی لەوجۆرە بوو ، دواتر کاریگەری خراپی لەسەر کاری پێکەوەییان دروستکرد .
هەر ئەورۆژە، بەبێ هیچ پرس وڕایەک، وەک بەرپرسی میدیای بزوتنەوەکە، لەچاوەڕوانی ئەو سەردانەیا ئامادەسازیمکرد . بۆ زیاتر دڵنیایی دوای نیوەڕۆکەی چومە ماڵەوە بۆلای و پێم وت :
- چاوەڕێناکەیت کاک مەسعود بێتە لات ؟
وتی: هیچ ئاگام لێی نیە .
ئەم وەڵامە بەشێوەیەک بوو کەدڵنیایی بەمن بدا کەهاتن و نەهاتنی لای ئەو هیچ گرنگیەکی نیە بەڵام ئەوەی پێی دەڵێن "زمانی جەستە" ، لەو دەقیقەیەدا، ئەوەی من خوێندمەوە بێتاقەتیەکی گەورەی لەناخەوە پێوە دیاربوو . کەبەدوایدا، هەمو رایەڵەکانی پەیوەندی نێوانیانی بچڕان، ئیتر گرێنەدرایەوە .
زۆری نەخایاند و کێشەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم و درێژکردنەوە و هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هاتەوە سەر باسوخواسی ناوەندی سیاسی، حیزبایەتی و حوکمدارێتی هەرێم، پەیوەندی نێوانیان، زیاتر روی لەگرژی کرد .
ماوەیەکی دورتر و سەبارەت بەو دورکەوتنەوەی نێوانیان، ئەگەری چارەسەر و پێکهاتنەوە، پرسیارم لێکرد .
پێم خۆش بوو لە وەڵامدا ، دیدارە دوو قۆڵیەکەی نۆڤەمبەری دووهەزاروسیانزەی نێوان خۆی و مەسعود بارزانی بەم شێوەیە بۆ باسکردم :
وتی: لەسەرەتای دانیشتنەکەماندا، هەردوکمان داوای دڵنیایی و متمانە و بەڵێنی کاری پێکەوەییمان لەیەکتری کرد . بەتایبەت ئەو زۆر مەبەستی بوو وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرێت کەمن چێم دەوێت . چۆن بتوانم پشتیوانی بکەم . مەرجم چی دەبێت بۆ ئەو پشتیوانیە ...
زۆر بەئاسانی رێکەوتین، چونکە پێم وت :
سێ شت هەیە کەتەنیا بەتۆ دەکرێت، بیانکە من هەتا لەژیانا مابێتم پشتیوانیت دەکەم .
یەکەمیان : هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتیمانی یەکبخە .
دووەم : حکومەتی هەرێمی کوردستان بکە بەیەک حکومەتی یەکگرتوو .
سێیەم : زمانی رەسمی خوێندن، دامودەزگاکانی حکومەت و دامەزراوەکانی بەیەک زمانی کوردی بکەین .
بەرامبەری ئەو پشتیوانیەی من ئەویش بەڵێنی جێبەجێکردنی هەرسێ داواکاریەکەیدا .
دوای ماوەیەکی کەم بۆم دەرکەوت لە هەمولایەکەوە هەوڵ بۆ زیاتر کەرتبون و جیاکردنەوەی پێشمەرگە و حکومەت و زمانی کوردی لەدامودەزگا رەسمیەکانی و دامەزراوەکانی حیزب و حکومەتا ئەدات .درۆی لەگەڵ کردم و هیچ متمانەیەکم پێی نەماوە .