یەکێتی نیشتمانی بەرەو کوێ دەڕوات؟ (٢)

مەحموود مەمەدئاغا
4 مانگ لەمەوپێش
مەحموود مەمەدئاغا
ئازادی و دادپەروەریی ئەو دوو چەمکە پیرۆزەن کە مرۆڤایەتی لە پێناو وەدیهاتنیاندا زیاترین خەباتی کردووە و زۆرترین قوربانیی داوە. ئەگەر بەهاری عەڕەبی ساڵی ٢٠١١ بۆ گەیشتن بە خواست و خەونەکانی خەڵکی بەشمەینەت دەستی پێکرد و لە ئەنجامی پیلانێکی تۆکمە و بەرینی ناوچەیی چەند وڵاتێک و لەوانەش ئێران و ڕوسیا و .... هتد سەریهەڵدا، پاشان لە سوریا وەستا و بە ئامانجی کۆتایی خۆی نەگەیشت و بەلاڕێدا چوو، ئێستا پاش ١٣ ساڵ، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هاتوەتەوە ئاراوە. نادادپەروەریی و گەندەڵیی ئابوریی و سیاسی و کۆمەڵاتی لە ڕۆژهەلاتی ناوڕاست بەگشتی و عێڕاق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەوپەڕی خۆیدایە. ناکارامەیی و دەستەوەستان مانەوەی بەرپرسانی باڵای حکومەت و دزین و زەوتکردنی بەئاشکرای سەروەت و سامانی وڵات و بڕینی مووچە و مەعاش و قوتی خەڵک هێند ڕوون و بەرچاوە کە ئیتر کەس ناتوانێت حاشای لێ بکات.
بارودۆخی نالەباری ژیان و چارەسەرنەکرانی لەلایەن بەرپرسانەوە، خەڵکی کوردستانی بەجۆرێک ماندوو و نائومێد کردووە کە ئیتر بڕوایان بە ڕێفۆرم و چاکسازیی نەماوە و خوازیاری گۆڕانێکی بنەڕەتین. واتە درێژەکێشانی ئەو وەزعە دەتوانێت ڕێگاخۆشکەری ئاخێز و ڕاپەڕینێکی گشتی و سەرتاسەریی بێت.
هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی نیوەناچڵی سیاسی و جوگرافی لە وەها بارو دۆخێکدایە. پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەرپرسانی هەرێم و لەوانەش دوو حیزبی دەسەڵاتدار دەرفەتێکی زێڕینیان دەستکەوت بۆ ئەوەی هەرێمێکی ئارام و ئاوەدان بۆ خەڵکی ئەنفال و کیمیایی لێدراوی کوردستان دابین بکەن. بەڵام مەخابن سەرەڕای سەرجەم ئەو دەرفەت و پارە و سامانە زەبەلاحەی کە لەبەردەستیان بوو، بەرەبەرە خەونی ڕزگاریی و سیستەمێکی دادپەروەریان لەگۆڕنا.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک ئەکتەرێکی بەهێز و کاریگەری گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، یەکێک لەو لایەنانە بوو کە لانیکەم بەرپرسایەتیی نیوەی کێشەکانی ئەو هەرێمەی دەکەوێتە سەرشان. واتە ئەو حیزبەش لە شکستەکانی ئەو قەوارە بەڕواڵەت کوردی و کوردستانییەدا، پشکی شێری بەردەکەوێت. یەکێتی دەیتوانی جۆریکی دیکە لە مۆدێلی حوکمڕانی نیشان بدات و لانیکەم و بەڕواڵەتیش بووایە، تاڕادەیەک بە دروشمی ستراتیژی و بنەما و بنچینە هزری و تیۆرییەکانی خۆی وەفادار بێت، بەلام وەک هەمووان دەبینین، نەک تەنیا لەم چوارچێوە و گوتارەدا نییە، بەڵکە ڕێگا و شوێنی پێچەوانەشی گرتووەتە بەر.
خوێندنەوەی هەڵەی سکرتێر و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی بۆ گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و عێڕاق و ناوچەکە و هەڵەتێگەیشتن لە ڕەوتی ئێستا و داهاتووی ڕووداو و ئاڵوگۆڕە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ئەو حیزبەی تووشی هەڵەی سیاسی زەق و جیددیی کردووە بە جۆرێک کە تەنیا بە چاوخشاندنێک بە سەر هەڵوێست و کردارەکانی ئەو حیزبە لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا، دەردەکەوێت کە چۆناوچۆن خۆی خزاندووەتە ناو گوتار و خەتی فکریی و سیاسیی بەرەی موقاومەی شیعەی ئێرانی و لە بەرەی پێشکەوتنخوازی گەلی کورد و گەلانی دیکە دوور کەوتووەتەوە. ئەگەر سەرکردایەتی ئەو حیزبە پێیوایە کە لەم ڕێگایەوە دەتوانێت کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی چارەسەر بکات، دەبێت بڵێین کە تووشی هەڵەیەکی کوشندە بووە کە بێگومان هەم خۆی و هەم خەڵکی کوردستان تووشی خەساری زۆر گەورە دەکات. هەڵوێستی یەکێتی لەمەڕ حیزبەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و جێبەجێکردنی ئاجێندا و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی خەباتکارانی ئەو بەشە لە کوردستان و ڕاگواستنی زۆرەملێی بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانەگەورە بۆ کەمپی ئاوارەکانی سورداش، تەنیا نمویەکی کردارەکانی ئەو حیزبەیە کە نەتەنیا یارمەتیدەری نییە، بەڵکە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر یەکڕیزیی نێوماڵی کورد بەگشتی و بریندارکردنی دڵی ١٥ میلیۆن کوردی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، دروست کردووە.
لەکاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە خراپترین دۆخی خۆیدایە و بەرەی موقاومەی شیعە یەک لەدوای یەک تووشی پاشەکشێ و نسکۆ و لەناوچوون هاتوون، پشت بەستن پێیان و لەبەرەی ئەواندا بوون جگە لە خۆکوژیی سیاسیی واتا و ئەنجامێکی نییە کە بەداخەوە یەکێتی نیشتمانی بەهۆی خوێندنەوەی هەڵە و ناکارامەبوونی سکرتێر و سەرکردایەتییەکەی بۆ دەستنیشانکردنی سیاسەتی دروست گیرۆدەیەتی. ڕووخانی ئەمڕۆی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆر دەبێ ئەزمون و وانەیەکی باش بێت بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە کیسەیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوپێوەندەکانی لە چەشنی حیزبەڵلا و حەماس و ئەسەد و....هتد، دووریوە.
