سڵاو سەرۆك... نامەی كراوە
یەک هەفتە لەمەوپێش
پەرێز عومەر؛ ئەندامی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان/هەولێر
بەڕێز سەرۆك... لەكاتێكدا دەزانین ناوچەكە و كیانە لەرزۆكەكەی باشورو حزبایەتی و تەنانەت یەكەی خێزان و بونیادی كەسایەتی تاكیش لەم وڵاتە لەژێر مەترسی و گۆڕانكاری گەورەدان، پێویستە بەهەموومان بیربكەینەوە و نەخشەسازی بكەین، هاوكاربین لە هەنگاوە دروستەكان و رێگری بكەین لەكۆمەڵێك هەنگاوی نابەرپرسانەی ترسناك.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەیان و دەیان و دەیانیتریش كێشەی نەبوونی بەڕێوەبردنێكی باش و غیابی پرەنسیپەكانی بەرپرسیارێتی و دڵسۆزی وەك دیاردەیەكی زۆر مەترسیدار بەرۆكی هەمووانی گرتووە و هەمووشمان پێوەی گیرۆدە و تەنانەت شەرمەزاریش بووینە.
سەرەڕای هەموو ئەم بابەتانەی لەسەرەوە باسم كرد، دیاردەیەكیتری زۆر خراپ و بێزاركەر لە ئێستادا هەمووانی ماندوو و بێ ئومێد كردوە، ئەویش وەڵام نەدانەوەیە لەسەرەوە بۆ خوارەوە، بەڕێز سەرۆكە نەتەوەییە بوێرەكە... بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 9 ساڵە هەوڵ دەدەم و ناگەم بەوەڵامی هیچ یەك لەو پرۆژانەی لەپێناو (نیشتمان، نەتەوە، ژن) پێشكەشی حزبەكەمیان دەكەم، بڕیارمدا ئەم نامە كراوەیە بنووسم، لەكاتێكدا تەنها من نیم كێشەی وەرنەگرتنەوەی وەڵاممان لەنێو ئەم حزب و حكومەت و ئیدارەیەدا هەیە، بەڵكو دەیان و سەدان كەس بیرۆكە و پرۆژە و پێشنیاری جوانیان هەیە، بەڵام هەزارجار بەداخەوە ئەگەر بەرپرسێكی باڵات لەپشت نەبێت، یان وەڵام نادرێیتەوە یاخود پرۆژەكان دەبردرێن و لە راگەیاندن و لابەلا دەبینین بە سەقەتی جێبەجێ كراون و هیچ گەڕانەوەو وەڵامێك بۆ خاوەنەكانیان نەبووە.
بەڵێ لە ئێستادا یەكێك لە سیماكانی (((مەسئول))) بۆتە ئەوەی كە وەڵامی خوار خۆی نەداتەوە.!!! باوەڕت بێت هەموو پلەكان بێ جیاوازی بەوە هەست بەبوون و گەورەیی خۆیان دەكەن كە وەڵامی خوارخۆیان نادەنەوە، لەبەر نامەیەك یان تەلەفۆنێكی سەروی خۆشیان هەڵدەستنە سەر پێ. وەڵام نەدانەوەی (هیچ ڕاپۆرتێك، هیچ پرۆژەیەك، هیچ بیرۆكەیەك، هیچ پێشنیارێك و خەمخۆریەك) بۆتە ئەو شێرپەنجەیەی كە (توانا، لێهاتوویی، ئومێد، دڵسۆزی، ماندونەناسی و بەدەنگەوەهاتن)ی گەنجانمان لەناو دەبات.
بەجۆرێك تەنانەت وەزیر و راوێژكارو بەرپرسی ئۆرگانە باڵاكانیش كێشەی وەڵام نەدانەوەی ئەویتر و دەست نەگەیشتن بەوانیتریان هەیە.
ئەمە جگە لەوەی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردن كەم بۆتەوەو هەركەس ئەركی خۆی جێ بەجێ بكات وات پێ دەفرۆشێتەوە كەئەننەهو سەدەقەی پێ كردووی.
نەك هیچ هەڵسەنگاندن و ڕاپۆرتێك داوا ناكرێت، بەڵكو ئەو كەسانەی ڕاپۆرت و كار و پرۆژە لۆ سەروی خۆیان بەرز دەكەنەوە، یان گەڵتەیان پێ دەكرێت، یاخود خەڵكانێك بە بەبەزەییەوە سەریان دەكەن. چونكە وەك بڵێ ئەزمونیان هەیە و لە دەرەنجامەكەی دڵنیان. كە وەك ئەوە وایە بیخەیتە دەریایێك و لە بێ سەروشوێن بوونی دڵنیان.
دیسان بەڕێز سەرۆكم لەبەر رێزم بۆ ئۆرگانەكان و تاك بە تاكی ئەو بەرێزانەی لەماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوو بۆ پرۆژەی جیاواز، لەدەرگام داون و تاكو ئێستا بێ وەڵام ماومەتەوە ناوی كەس لە ئێستادا ناهێنم، تكا دەكەم گەرەیی بنوێنە و رێگایەكمان پیشان بدەن ئاخۆ ئێمە چی بكەین و چۆن جێگامان ببێتەوە و بیرۆكە و پرۆژەكانمان چۆن بخەینە بازنەی گفتوگۆ و هەڵسەنگاند تا دەگاتە قۆناغی وەڵامدانەوە؟ جا بە ئەرێ بێت یان نەرێ...
ڕاپۆرتی ئۆرگان و بەشەكان كەی وەڵام دەدرێنەوە؟ من وەكو زۆربەی كادرە بەتواناكانی خواری خوارەوەی ئۆرگانەكانم، هیچ واستەیەكم نیە و چاوەڕێی وەڵام لە بەڕێزتان دەكەم.