بینەر كوردی بۆ هاوڵاتی: بەرەی موقاوەمەی عێراق بەشێكە لەو تۆڕانەی كە تاران بۆ سەپاندنی هەژمون تا ئێستا بەكاری هێناوە
2 ڕۆژ لەمەوپێش
ئامادەكردنی: محمد فاتح حامد
- ئەم گرووپانە ترسیان هەیە لەوەی كە هاوڵاتیانی ناوچە سوننە نشینەكان و ناوچە سنوریەكانی نزیك لە سوریا یاخی ببن لەو میلیشیانە.
- پريشكی ئەم ئاگر و پشێویانە بەر هەرێمی كوردستان نەكەوتووە و سەقامگیری هەرێم گرنگە بۆ ئەمریكا و رۆژئاوا وهەرێمی كوردستان پارێزراوە.
- سەرەی لێدانی گرووپەكانی بەرەی موقاوەمەی عێراقە كە بەشێكن لە تۆڕی تاران.
بینەر كوردی توێژەری كاروباری نێودەوڵەتی لە واشنتن ڕایگەیاند سەرەی لێدانی گرووپەكانی بەرەی موقاوەمەی عێراقە كە بەشێكە لە تۆڕی تاران و ئەگەری لێدان لەم گرووپانە ئەگەرێكی پێشبینیكراوە.
بینەر كوردی تایبەت بە هاوڵاتی ڕاگەیاند بەرەی موقاوەمەی عێراق بەشێكە لەو تۆڕانەی كە تاران بۆ سەپاندنی هەژمون تا ئێستا بەكاری هێناوە و لێدانی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی عێراق دەكەوێتە سەر ئەوەی، دەبنە ترسێكی واقعی بۆ جيۆسیاسی و ئەو گۆڕانكاریانەی لەناوچەكەدا ڕوودەدەن.
وتيشى: ئەم گرووپانە ترسیان هەیە لەوەی كە هاوڵاتیانی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا لە شنگال و ناوچە سوننە نشینەكانی تر و لە ناوەڕاستی عێراق و ناوچە سنوریەكانی نزیك لە سوریا یاخی ببن لەو میلیشیانە و ئەمەش ئەگەرێكە كە لە ئارادایە.
ڕونیشیكردەوە تاكو ئێستا حكومەتی عێراق واتا بەرەی سودانی تا ڕادەیەكی باش توانیوێتی بێلایەنی خۆی لەم ڕووداوانە بخاتەڕوو، بەڵام ئەگەرێكی پێشبینیكراوە كە گەردەلولەكە عێراقیش بگرێتەوە دژ بەو گرووپانە .
باسی لەوەشكرد هەرەسهێنانی عێراق وەكو دەوڵەت كارێكی قورس و ئاڵۆزە چونكە سەقامگیری عێراق گرنگە بۆ ئەمریكا و بۆ ئێران و لەهەمان كاتدا ئەمریكا لەعێراقدا ئامادەیی سەربازی و سیاسی دیبلۆماسی هەیە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لێیە و جوگرافیای عێراق زۆر گرنگە بۆ ئۆپراسیۆنەكانی هاوپەیمانی دەوڵەتی بۆ بەگژداچوونەوەی داعش، بەڵام پريشكی ئەم ئاگر و پشێویانە بەر هەرێمی كوردستان نەكەوتووە و سەقامگیری هەرێم گرنگە بۆ ئەمریكا و رۆژئاوا وهەرێمی كوردستان پارێزراوە.
دووپاتیشیكردەوە بەپێی هەموو ئاماژەكان بێت بەڵێ سەرەی لێدانی گرووپەكانی بەرەی موقاوەمەی عێراقە كە بەشێكە لە تۆڕی تاران و ئەگەری لێدان لەم گرووپانە ئەگەرێكی پێشبینیكراوە.