ئێران: رێگەی گەیاندنی یارمەتی بۆ بەرەی مقاوەمە دانەخراون
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- ئێمە سەیری راستییەکان دەکەین و لەسەر بنەمای راستییەکان لە سووریا مامەڵە دەکەین.
- ژیرانە و لۆژیکی نەبوو کە هێزەکانی ئێران لە بری سوپای سووریا شەڕ بکەن.
- دوایین هێز کە گۆڕەپانی شەڕی سووریایان بەجێهێشت، سوپای پاسداران بوون.
حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند ئێران سەیری راستییەکان دەکات و لەسەر بنەمای راستییەکان لە سووریا مامەڵە دەکات.
حوسێن سەلامی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتەکانی سووریا و رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی کرد، رایگەیاند، "ئێمە سەیری راستییەکان دەکەین و لەسەر بنەمای راستییەکان لە سووریا مامەڵە دەکەین، بە شانازییەوە دەتوانم بڵێم، دوایین هێز کە گۆڕەپانی شەڕی سووریایان بەجێهێشت، هێزەکانی سوپای پاسداران بوون."
بە پێویستيشى دەزانێت ستراتیژەکان بەپێی هەلومەرجەکان بگۆڕدرێن و دەڵێت: "ئێمە ناتوانین بە وەستان و سەقامگیری لە ستراتیژیدا کێشە جیهانی و ناوچەییەکان چارەسەر بکەین."
بە وتەی جەنەراڵ سەلامی، "ژیرانە و لۆژیکی نەبوو" کە هێزەکانی ئێران لە بری سوپای سووریا شەڕ بکەن، "هەندێک کەس چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکردین ئێمە لە بری سوپای سووریا شەڕمان کردبا، ئایا مەعقوڵە ئێمە هەموو سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج سەرقاڵ بکەین بۆ شەڕکردن لە وڵاتێکی دیکە، لە کاتێکدا سوپای ئەو وڵاتە خۆی تەماشاکەرە؟"
دانى بەوەشدا نا، کە هەموو رێگەکانی گواستنەوەی هێزیان بۆ سووریا لەسەر داخرابوو. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەوڵێکیان دەدا هاوکاریی سووریا بکەن.
وتيشى: بەر لە چەند مانگێک زانیارییان لەسەر جموجوڵی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری حکومەتی ئەسەد هەبووە و حکومەتی سووریایان لەوە ئاگادار کردووەتەوە، "بەڵام لەبەر ئەوەی لەنێو حکومەتی سووریادا ئیرادەی گۆڕانکاری، شەڕ و بەرگری بە مانا راستەقینەکەی نەبوو، بەداخەوە ئەم رووداوانەمان بینی."
رەتیشيکردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لق و پۆپەکانی لە ناوچەکە لەدەستدابێت و رێگەی گەیاندنی یارمەتی بۆ بەرەی مقاوەمە داخرابن، "ئێستاش رێگەکان بۆ پشتیوانی لە بەرەی مقاومە کراوەن، بەو شێوەیە نییە کە هەموو رێگەکان تایبەت بن بە سووریا، تەنانەت لەوێشدا رەنگە وردە وردە فۆرمێکی دیکە وەربگرێتەوە."